ئەو کەسانە کێن کە نۆبڵی ئەمساڵیان وەرگرت؟

01:39 - 2023-10-07
جیهان
406 جار خوێندراوەتەوە

ئەکادیمیای سویدی لە ستۆکهۆڵم، ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بۆ ساڵی 2023 خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشراوە و بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمدا خەڵاتەکانیان پێبدرێت.
خەڵاتەکە ساڵانە لە بوارەکانی پزیشکی و فیزیا و کیمیا و ئەدەب و ئاشتی و ئابووری دەدرێت بەو کەسانەی کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا داهێنانیان کردووە یاخود کاریگەری گەورەیان لەسەر مرۆڤایەتی هەبووە، هەر کەسێکیشیان بڕی یەک ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
لە بواری پزیشکیدا، خەڵاتی نۆبڵی 2023 درا بە هەردوو  پزیشکی ئەمریکی، کاتالین کاریکۆ و درو وایسمان بۆ لێکۆڵینەوەی پێشخستنی ڤاکسینی (MRNA) کە رۆڵی گرنگی هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 دا.
خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری فیزیاش بە هاوبەشی درا بە سێ زانا، ئەوانیش زانای فەرەنسی پیێر ئاگۆستینی و زانای نەمسایی فێرێنک کرۆس و زانای سویدی ئان لۆلیێر، ئەمەش بەرامبەر بەرەوپێشچوونەکانیان لە بواری Attophysics، کە بە شۆڕشێکی گەورە دادەنرێت لە بواری تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ جووڵە ئەلکترۆنییەکان لە مادەدا.
نۆبڵی بواری کیمیاش دراوە بە هەردوو زانای ئەمریکی مۆنگی باوێندی و لویس بروس، بە هاوبەشی لەگەڵ زانای روسی ئەلێکسی ئێکیمۆڤ، بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی خاڵە کوانتەمییەکان، کە لە بواری وزە و دروستکردنی دەرماندا بەکاردێن.
نۆبڵی ئەدەبیش درا بە نووسەری نەرویجی جۆن فۆسێ، بۆ شانۆنامە و نووسینە داهێنەرانەکانی.
خەڵاتی نۆبڵیش بۆ ئاشتی درا بە خانمە چالاکوانی ئێرانی، نێرگس محەمەدی.
وەرگری خەڵاتەکەش بۆ بواری ئابووری هێشتا رانەگەیەنراوە و بڕیارە سبەی یەکشەممە ئاشکرا بکرێت.
خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێکی سویدی نێودەوڵەتییە  و  لە لایەن زانای سویدی ئەلفرێد نۆبێلەوە دانراوە و لە ساڵی 1901ەوە تا ئێستا ساڵانە بەسەر زانا و داهێنەرانی جیهاندا دابەشدەکرێت.
سەرچاوە: PW

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان