رۆڵی گه‌نجانی ئێزدی له ‌ناساندنی جینۆسایدی شه‌نگالدا

09:53 - 2023-10-08
ڕاپۆرت
600 جار خوێندراوەتەوە
چالاکییەکی کچانی ئێزدی

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی

گەنجان و چالاکوانانی ئێزدی رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ناساندن و بە بەڵگەنامەکردنی جینۆسایدی کارەساتی شه‌نگالدا، لە ساڵی 2014دا ئێزدییەکان لە شەنگال لەلایەن داعشەوە سەدان کەسیان لێ بێسەروشوێن کراو هەزارانیشیان له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون.
موراد ئیسمائیل چالاکوان و سه‌رۆكی پێشووی رێكخراوی یه‌زدا بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان له‌ ئه‌مریكا وتی، لە ساڵی 2014ەوە گەنجان و چالاکوانانی ئێزدی لە کوردستان و عیراق و ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و زۆر وڵاتی تر رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە ناساندنی جینۆساید و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەكانی تایبه‌ت به‌کارەساتی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال له‌ ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
وتیشی، گەنجانی ئێزدی بوونەتە سه‌نته‌ر بۆ بەهێزکردنی لۆبی و گەیاندنی پەیام و ئازارەکانی خەڵکی شەنگال بەگشتی، هه‌روه‌ها رێکخراوەکانی وەک یەزدا و نادیە موراد، و چەندین رێکخراوی دیکەی ئێزدی لە دەرەوەی وڵات چالاک و بەهێز بوون، ئەمەش بووە هۆی ناساندنی جێنۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن زیاتر لە دوانزه‌ وڵاتەوە، لەوانەش وڵاتانی گەورەی وەک بەریتانیا، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، هۆڵەندا، ئوسترالیا و ئەرمینیا دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییه‌كاندا ناوه‌.

پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان
عیراق لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە جێگیر نییه‌، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک شەنگال کە چەندین گروپ و هێزی میلیشیای جیاوازی تێدا کۆبووەتەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا شەڕ دەکەن و گوێ به‌ ئێش و ئازاره‌كانی ئێزدییەکان ناده‌ن.
موراد ئیسمائیل باسی لەوەکرد، هەموو هەوڵێکی خۆمانداوه ‌و دەدەین بۆ گه‌یاندنی دەنگ و پەیامی خه‌ڵكی شه‌نگال بۆ شوێنی بەرپرسیاری نێوده‌وڵه‌تی، بەڵام پشتیوانی ئێزدییەکان چ لە ناوخۆی کوردستان یان لە عیراق بەو پێیەی ئێستا زۆر لاوازە و وەک پێویست نییە.
قائید ئه‌لیاس چالاكوانێكی دیكه‌ی ده‌ڤه‌ری شه‌نگالە وتی، دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە له‌ سنوورەکەمان لە 3ی ئابی 2014 کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی قه‌زای شەنگال و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان له‌سه‌ر دەستی تیرۆریستانی داعش و کۆمەڵکوژ کردنیان، لە 23ی ئابی 2014 لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێ خۆپیشاندانمان لە (دێره‌بۆن) رێكخست و دوای ئەوەش ئێمەی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی ئێزدی بەردەوام بووین لە کارو بزاڤ بۆ دروستکردنی لۆبییەکی ئێزدی لە کوردستان و عیراق و جیهاندا، دوای ئەوەی پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بووە رۆژه‌ڤ به‌تایبه‌ت له‌ نەتەوە یەکگرتووەکاندا، گەنجان و چالاکوانانی ئێزدی لە دەرەوەی وڵات، توانیان لۆبییەکی بەهێز بۆ گەیاندنی دەنگ و پەیام و ئازارەکانی ئێزدییەکان دروست بکەن له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و چەندین خۆپیشاندان و رێپێوانی جه‌ماوه‌ری لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان سازكران.

هەوڵەکان لە ناوخۆدا
وتیشی، لە ساڵی 2017دا میدیاكارانی ئێزدی بانگهێشتی پەرلەمانی ئەڵمانیا کراین بۆ یەکەمجار بوو، لە کۆبوونەوەکەماندا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌كانی پارته‌ جیاوازه‌كانی وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، روسیا، تورکیا و سوریا ئامادەبوون، بڕیاردرا ئێمە وەک ئێزدییەکان دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی خۆمان بین، چونكه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی پرسێکی جیهانین و رووبەڕووی ئەزموونێکی نوێی سه‌خت بووینەوە.
بێجگە لە چالاکییەکان لە دەرەوەی وڵات لە ناوخۆش هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەردەوامی پاڵپشتی گەنجان و چالاکوانانی ئێزدی کردووە به‌تایبه‌تی لە ناساندنی جینۆسایدی خەڵکی شه‌نگالدا. سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر ئاستی عیراق لایەنگری سەرەکی ماف و داخوازییه‌كانی ئێزدییەکان بوون.

گەیاندنی ئازاری ئێزدییەکان
له‌یس گرعزێری سه‌رپه‌رشتی میدیای چیا پڕێس و راگه‌یاندنكاری مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پانزه‌ی شه‌نگالی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان وتی، لە سەرەتای جینۆسایدی شنگالەوە، ئێمە وەک چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری شه‌نگال، رۆڵێکی کاریگەرمان بینیوە لە روماڵکردنی جینۆسایدی شه‌نگال و گەیاندنی په‌یام و ئێش و ئازارەکانی ئێزدییەکاندا، هەروەها بەشداریمان كردووه‌ لە چه‌ندین خۆپیشاندان و دۆكیومێنتكردنی جێنۆسایدی شەنگال لە ناوخۆی عیراق و له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا.
بەپێی دوایین ئامار، لە 3ی ئابی 2014، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەکاتی داگیرکردنی قەزای شەنگال لە خۆرئاوای پارێزگای موسڵ، شەش هەزارو 417 ئێزدی رفاندووە لەنێویاندا ژن و پیاو ومنداڵ بوون. لەو ژمارەیەش سێ هەزارو 547 کەسیان لە رەگەزی مێن، تائێستاش چارەنووسی زیاتر لە 2700 کەس دیار نییه‌. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان