و/ جه‌واد حه‌یده‌ری
په‌یوه‌ندیی نێوان سیاسه‌ت و عه‌داله‌ت، وه‌ك په‌یوه‌ندیی نێوان سیاسه‌ت و ئه‌خلاق نییه، هه‌ردووكیان له روانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه نه‌ك، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان نییه، به‌ڵكو زۆرجار دژی یه‌كتریشن. وه‌دیهاتنی عه‌داله‌ت له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه ته‌نانه‌ت دژواتر و سه‌ختره له پابه‌ندكردنی سیاسییه‌كان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌خلاق.
ئه‌خلاق و سیاسه‌ت گۆپاڵ نییه
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌دبینی خه‌ڵك به وه‌دیهاتنی ئه‌خلاق و عه‌داله‌ت له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه بۆ شێوازی روانینی ئه‌وان بۆ ئه‌و چه‌مكانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه روانینێكی ئایدیالیستانه‌یه. ئه‌و چه‌مكانه زیاتر له ده‌قه كۆنه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه به تایبه‌تی شیعر و له باشترین حاڵه‌تدا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و خه‌باتگێڕه ئایدیالیستانه بووه كه ده‌یانویست ئه‌خلاق و عه‌داله‌ت وه‌ك گۆپاڵێك بۆ كوتانی سیستمی سیاسی به‌كار بهێنن. به‌ڵام له جیهانی نوێ‌دا چه‌ندین ده‌یه‌یه كه روانین و تێگه‌یشتنی ئامانجخوازی له عه‌داله‌ت گۆڕاوه. جۆن رالز یه‌كێك له فه‌یله‌سوفە ئه‌مریكییەکان له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا به ناوی» تیۆری عه‌داله‌ت» به راشكاوی ده‌ڵێ: من به دوای تێگه‌یشتنی سیاسی له عه‌داله‌تم، نه‌ك تێگه‌یشتنی ئه‌خلاقی». ئه‌گه‌ر مێژووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی مرۆڤ بخوێنینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه چه‌مكی عه‌داله‌ت وه‌ك ئامانجێكی مرۆیی به درێژایی مێژوو له هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا نه‌هاتۆته دی، به‌ڵكو هه‌ندێكجار ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بانگه‌شه‌ی عه‌داله‌تیان كردووه شتێكیان له‌چاو زۆردارانی مێژوو كه‌متر نه‌بووه. به هه‌زاران كه‌س به ئاره‌زووی عه‌داله‌ت گیانی خۆیان له‌ده‌ستداوه، چه‌ندین كۆمه‌ڵگه له‌پێناو گه‌یشتن به عه‌داله‌ت فریویان خواردووه و سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان به فیڕۆ داوه. عه‌داله‌ت زیاتر له‌بری ئه‌وه‌ی كه یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له نێوان مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان، بۆته كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه. ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی له عه‌داله‌ت نه‌ك هه‌ر پۆزه‌تیڤ و باش نه‌بووه، بگره هه‌ندێكجار كاره‌سات و تاوانی گه‌وره‌شی لێكه‌وتۆته‌وه. بۆ نموونه ئه‌زموونی كۆمۆنیسته‌كان له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو و كه‌مبودیا، به میلۆنان كه‌س له پێناو وه‌دیهاتنی عه‌داله‌ت كوژران و زیندانی كران. هه‌روه‌ها دوو ئه‌زموونی گه‌وره‌ی جه‌نگی یه‌كه‌م و دووهه‌می جیهان و شه‌ڕی نێوان فاشیزم و كۆمۆنیزم به‌ڵگه‌یه‌كی تری تاوانه‌كانه به ناویی وه‌دیهاتنی عه‌داله‌ت.
عه‌داله‌ت له‌سه‌ر زه‌وی به‌دی نایه‌ت
له زۆرێك له وڵاتانی جیهان رێبه‌ره مه‌عنه‌وییه‌كان باسیان له پێویستی وه‌دیهاتنی عه‌داله‌ت كردووه و به‌ڵێنیان به خه‌ڵكی داوه له داهاتوودا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان عه‌داله‌ت پیاده ده‌بێت و جێگیر ده‌كرێ. خه‌ڵكانێكی زۆریش هیچ ره‌خنه‌یه‌كیان له‌وباره‌یه‌وه نه‌بووه، چونكه عه‌داله‌ت له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ئامانجێكی گه‌وره‌یه له ده‌ره‌وه‌ی تواناكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و هه‌ر كاتێك هه‌لومه‌رجه‌كان فه‌راهه‌م كران ئه‌وكات زه‌مینه بۆ وه‌دیهاتنی عه‌داله‌ت خۆش ده‌بێ. هه‌ر كاتێك كه سیاسییه‌كان باس له عه‌داله‌ت ده‌كه‌ن وا وێنا ده‌كرێ كه ئه‌وان به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو و تایبه‌تیان بۆ پیاده‌كردنی عه‌داله‌ت هه‌یه و ته‌نها له ئامانجی عه‌داله‌ت قسه ناكه‌ن. كێشه‌كه ته‌نها خراپ به‌كارهێنانی عه‌داله‌ت وه‌ك كه‌ره‌سته له‌لایه‌ن حزب و سیاسه‌تمه‌داران نییه، به‌ڵكو گروپ و ده‌سته و كه‌سه‌كان روانین و تێگه‌یشتنی جیاوازیان له‌سه‌ر چه‌مكی عه‌داله‌ت هه‌یه.
هیچ كه‌س به هه‌ژاری له‌دایك نابێ
چینی كرێكار پێی وایه عه‌داله‌ت ئه‌وه‌یه كه سه‌روه‌ت و سامان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بكرێ، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕن كه ده‌بێت پاره و سامان له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان وه‌ربگیرێ و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی هاوسه‌نگی له دابه‌شكردنی سه‌ره‌وه‌ت و سامان، به‌سه‌ر هه‌ژاراندا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بكرێ. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له توندڕه‌وه‌كانی ناو چینی كرێكار رایان وایه كه ده‌بێ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێ و بدرێ به هه‌ژاران، پێیانوایه كه ده‌وڵه‌تمه‌ندبوونی سه‌رمایه‌داره‌كان به‌رهه‌می چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ژاره‌كانه. چونكه هیچ هه‌ژارێك به هه‌ژاری له‌دایك نابێت، به‌ڵكو شێوازی كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بۆته هۆی هه‌ژاربوونی هه‌ژاره‌كان.
عه‌داله‌ت له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه كاتێك له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌دی دێت كه هه‌ژاره‌كانی له‌وه‌ی هه‌ن هه‌ژارتر نه‌بن و مافی راسته‌قینه‌ی خۆیان پێبدرێ.
لێره‌دا گروپی ده‌سته‌بژێره‌كان روانینێكی جیاوازیان بۆ عه‌داله‌ت هه‌یه، رایان وایه بوونیان له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان شتێكی سروشتییه، چونكه باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌وان زیره‌كتر و شایسته‌تر و به‌هێزترن، بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانی خۆیان پشت به مێژوو ده‌به‌ستن و رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی كه سه‌ركه‌وتوو و پێشكه‌وتوون له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كه‌سانی ده‌سته‌بژێر و شایسته و به‌توانا و شاره‌زا له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بوون، بۆیه پێیانوایه كه پێدانی ماف و ئیمكاناتی زیاتر به گروپی ده‌سته‌بژێر نه‌ك هه‌ر بێ عه‌داله‌تی نییە، به‌ڵكو خودی عه‌داله‌ته.
دیموكراسی حكومڕانی ده‌سته‌بژێره‌كانه
له‌ناو تیۆری زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ندێك له پسپۆڕان و شاره‌زایان رایان وایه كه دیموكراسی له‌ڕاستیدا دیموكراسی ده‌سته‌بژێره‌كانه. له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه دیموكراسی راسته‌قینه به مانای حوكمڕانی خه‌ڵك، به‌ڵام چونكه هه‌موو خه‌ڵك شاره‌زایی و پسپۆڕییان له‌به‌ڕێوه‌بردنی حكومڕانیدا نییه و له سیاسه‌ت نازانن، ناچارن ژماره‌یه‌ك كه‌سی ده‌سته‌بژێر وه‌ك نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری وڵات به‌ڕێوه ببه‌ن و به‌مه ده‌ڵێن حكومه‌تی ده‌سته‌بژێر و حكومه‌ت، حكومه‌تی یاسا و ده‌ستوور ده‌بێت.
پۆپۆلیسته‌كان بڕوایان به لێهاتوویی نییه
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیاسه‌تمه‌دارانی پۆپۆلیزم ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات پسپۆڕییه‌كی تایبه‌ت پێویست نییه و ئه‌وانه‌ی كه پێداگری له‌سه‌ر پسپۆڕی ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت ده‌رفه‌ته‌كان له خه‌ڵك زه‌وت بكه‌ن. پۆپۆلیسته‌كان پێیانوایه پێویسته هه‌موو خه‌ڵك كاروباره‌كان بگرنه ده‌ست و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان لای ئه‌وان وه‌فاداری گرنگتره له پسپۆڕی و شاره‌زایی و كارامه‌یی و لێهاتوویی. هه‌ر بۆیه سیاسه‌تمه‌دارانی پۆپۆلیست نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا كار بكه‌ن و به واتایه‌كی دیكه پۆپۆلیسته‌كان كێشه‌ی كاركردنیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زا هه‌یه و هه‌وڵی كۆنترۆڵكردن و بێده‌نگ كردن و په‌راوێز خستنیان ده‌ده‌ن. یه‌كێك له رێكاره‌كان كه‌م بایه‌خكردنی پسپۆڕییه و پێیانوایه كه شاره‌زایی جۆرێكه له ناعه‌داله‌تی.
هه‌ر بۆیه به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر گروپ و تاقم و چین و توێژێك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان پێناسه‌ی عه‌داله‌ت ده‌كه‌ن، بۆیه دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ عه‌داله‌ت كارێكی سه‌خت و دژواره. له‌وانه‌یه ته‌نها رێگه‌چاره‌یه‌كی كاریگه‌ر و ئه‌زموونكراو له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌مه بێ كه حكومه‌تێكی شەرعی و دیموكرات بێ تا رێژه‌ی هه‌وڵدان و ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به عه‌داله‌ت له‌لایه‌ن هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه جێی ره‌زامه‌ندی و قبووڵ كردن و متمانه بێ و لانیكه‌م زۆرینه قبووڵی ئه‌وه بكه‌ن كه حكومه‌ت ده‌یه‌وێ راستگۆیانه به دوای عه‌داله‌ته‌وه بێ، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه به ناوی عه‌داله‌ته‌وه له هه‌وڵی سنوورداركردنی ئازادییه قانوونییه‌كانی خه‌ڵك بن.
له لایه‌كی تره‌وه خه‌ڵكی ده‌زانن كه حكومه‌ت به‌ر له‌وه‌ی به دوای عه‌داله‌ته‌وه بێ ده‌بێ هه‌وڵ بدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نایه‌كسانییه‌كان له ئابووریدا.
كاتێك حكومه‌تێك به ناوی جیاوازی نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌یی و فیكری و باوه‌ڕ هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه له گه‌یشتن به ده‌رفه‌تی په‌روه‌رده و ئابووری و خۆشگوزه‌رانی بێبه‌ش یان سنووردار ده‌كات، له راستیدا ده‌ستی داوه‌ته دابه‌شكردنی نایه‌كسانی و ناعادیلانه‌ی سه‌رچاوه و ده‌رفه‌ته‌كان و لە راستیدا خۆی ده‌بێته هۆكارێك بۆ ناعه‌داله‌تی. هه‌ڵبه‌ته هه‌نگاونان له‌وباره‌یه‌وه له دوورمەودادا ده‌رده‌كه‌وێ. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه حكومه‌ت به چه‌ندین جۆر سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و جیاوازی ده‌گرێته‌به‌ر، ده‌بێته هۆی ناعه‌داله‌تی له دابه‌شكردنی ده‌رفه‌ت و سه‌رچاوه‌كان و هاوكاتیش هه‌وڵده‌دات كه سه‌رمایه‌داران و بازرگانان به هۆكاری ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی له قه‌ڵه‌م بدات. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و رووداوه‌یه كه له كۆمه‌ڵگه‌ی نادیموكراتدا روو ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه له پێناسه‌ی دیموكراسیدا ده‌وترێ دیموكراسی سیستمێكه كه تێیدا خه‌ڵك كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كان هه‌یه و رێگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه بڕیاره سیاسییه‌كان ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌تدا بێ و هه‌وڵده‌ده‌ن كه بنه‌مای سیاسه‌ت داڕشتن و بڕیاره‌كان به بڕیاری ده‌سته‌جه‌معی له قه‌زانج و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێ.
سه‌رچاوه:
كتاب زندگی بدون سیاست، رحمن قهرمان پور