راگەیەنراوی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی

04:59 - 2023-10-08
کوردستان
396 جار خوێندراوەتەوە

بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی نوێ، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی وەک دەستپێکی کارەکانی لە دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆکی یەکێتی پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی نوێی سەرکردایەتی کرد و 
جەختیکردەوە کە هەموان وەک یەک تیم و لەپێناوی راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسسازەکاندا کار بکەن و خزمەتی کوردستان بکەن.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یەکێتی رۆڵی هەڤاڵانەی عومەر شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و هەڤاڵ دلێر سەید مەجیدی لە سەرخستنی کارەکانی کۆنگرەدا بەرزنرخاند و رایگەیاند، بە ئەوپەڕی رێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوەی تێکۆشەرە سەرەتاییەکان دەڕوانین و شانازیتان پێوەدەکەین.
هەروەها سەرۆک بافڵ بەناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە سوپاسی هەڤاڵانەی کۆمسیۆنی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی کرد کە سەرکەوتوانە ئەرکەکانیان بەجێگەیاندووە و لە بەرامبەریشدا راپۆرت و دۆکیومێنتە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەیان پێشکەشی سەرۆک بافڵ کرد.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا، ئەرکە حزبی و رێکخراوەییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە پابەندبوون بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرایەوە کە کاری لەپێشینەی سەرکردایەتی دەبێت، بڕیاریشدرا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سبەینێش 9ی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان