راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە، یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی کوردستان دانیشتوانەکەی مەسیحی نشینن هەر لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ گرنگییەکی زۆریان بە زەیتوون داوە و خاوەنی چەندین باخی داری زەیتوونن، بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و گرنگیدانی خەڵکی ئەم گوندە بەم بەرهەمە ساڵانە چەندین تۆن زەیتوون بەرهەمدەهێنن، داری زەیتوون لەم گوندە مێژوویەکی نەزانراوی هەیە، ئەوە جگە لەوەی سەرچاوەیەکی باشی بەدەستهێنانی داهات بووە بۆ دانیشتوانەکەی هاوکات لە ئایینی مەسیحیدا بە دارێکی پیرۆز سەیر دەکرێت.
کەمئاوی گرفتی بۆ دروست کردوون
ئازاد فەڕەنسی خەڵکی گوندی هەرمۆتەیە و خاوەنی باخێکی گەورەی زەیتوونە لە ناوچەکە و زیاتر لە 600 بن داری زەیتوونی هەیە و وتی، نەبوونی ئاوی پێویست بۆ ئاودێری کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست کردوین و دووریش نییە لە داهاتوودا زۆرێک لە بەرهەمەکەمان لەناو بچێت ئەوە جگە لەوەی لەساڵانی رابردوودا بەهۆی ئاگر کەوتنەوە زەرەر و زیانێکی زۆرمان کرد و زۆرێک لە باخەکانی ئەو گوندە بەهۆی ئەو ئاگرەوە سووتان و لەناوچوون.
وتیشی، لەساڵی 1979 وە دەستم کردووە بەکاری باخەوانی، ساڵانی پێشوو نزیکەی 10 بۆ 12 تۆن زەیتوونم هەبوو، بەڵام ئەمساڵ کەمی کردووە و هەر شەش بۆ حەوت تۆن بەرهەمم دەبێت.
جۆرەکانی زەیتوون
لە گوندی هەمۆتە دار زەیتوونەکان بە چەند شێوازێک دەڕوێنرێن و زیاد دەکرێن، ئەگەر کەسەکە بیەوێت بە زوویی بەرهەم بدات دەبێت قەڵەمەکە لەشوێنی بەری زەیتوونەکە لێبکرێتەوە و بەو شێوەیە پاش دوو بۆ سێ ساڵ بەرهەمی دەبێت، بەڵام جۆری تری رواندن و زیادکردن هەیە کە دوای حەوت ساڵ دار زەیتوونەکە بەرهەمی دەبێت.
ئازاد فەڕەنسی باخەوان ئاماژەی بەوەشکرد، لە جیهاندا زیاتر لە پەنجا جۆر زەیتوون هەیە و لەگوندی هەرمۆتەش چەند جۆرێکیان هەن وەک زەیتوونی خڕە کە باشترین جۆری زەیتوونە زەیتوونی عۆڵە ـ زەیتوونی ورتکی و زەیتوونی یوسف نوری و...هتد.
دانیشتوانی گوندی هەرمۆتە لەگەڵ پێگەیشتن زەیتوونەکە لێدەکەنەوە خۆشی دەکەن و دەینێرنە بازاڕ یاخود چێشتخانەکان بۆ فرۆشتن، ئەو باخەوانە باسی لەوەکرد، ساڵانی پێشتر شێوازی ساغکردنەوەی زەیتوونەکەیان جیاوازتر بوو لە ساڵانی 1979 وە کەسێک لە بەغداوە دەهات لەگەڵ باخەوانەکە رێک دەکەوت و باخە زەیتوونەکەی لە باخەوانەکە دەکڕییەوە، بەڵام ئێستا باخەوانەکان خۆیان زەیتوونەکە خۆش دەکەن و پاشان دەیخەنە بازاڕەوە.
هەرمۆتە هەر لە دێرزەمانەوە ناوبانگی هەیە لە جۆری زەیتوونی باشدا و لە بازاڕدا خواستێکی زۆری لەسەرە.
شێوازەکانی خۆشکردنی زەیتوون
شنو مربین عیسا ژنێکی دانیشتووی هەرمۆتەیە دەڵێت، پێویستە ئەو زەیتوونەی خۆش دەکرێت باش پێگەیشتبێت و زەرد بووبێت پاشان لە دارەکە بکرێتەوە، چونکە ئەگەر پێش زەردبوونی لێ بکرێتەوە بەکەڵکی خۆشکردن نایەت.
وتیشی، لە هەرمۆتە هیچ زەیتوونێک فڕێ نادرێت و خەسار نابێت زەیتوونە پێگەیشتووەکان خۆش دەکرێن و زەیتوونە بچوکەکانیش رۆنی لێ دروست دەکرێت.
شنو مربین عیسا بەم شێوەیە باسی لە خۆشکردنی زەیتوون کرد، سەرەتا زەیتوونەکە دەشۆینەوە پاشان هەر زەیتوونێک بە چەقۆ لە سێ لاوە قاژی تێدەکرێت دواتر لەئاو دەکرێت و دەخرێتە بەر خۆر بۆئەوەی زەرد ببێت پاشان ئاو خوێی بۆ زیاد دەکەین، ئاوەکە پێویستە ئاوی بیر بێت کلۆری تێدانەبێت و خوێی زبریشی بۆ بەکاردەهێنین.
هەر 10 کیلۆ زەیتوونێک پێویستی بە یەک کیلۆ خوێیە، پێویستە مانگێک تا چل رۆژ لەو خوێیەدا بمێنێتەوە، پاش ئەو هەنگاوانە پێویستە لەشوێنێکی باشدا هەڵبگیرێت و دوای پێگەیشتن لەدوای ئەو چل رۆژە دەتوانین سرکە و سیر و لیمۆی تێبکەی بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ پێشکەش کردن.
وتیشی، دەکرێت زەیتوونەکە لەجیاتی ئەوەی بە چەقۆ قاژی تێبکرێت، بە بەرد بشکێنرێت یاخود هەر بە ساغی دابنرێت و پاشان هەنگاوەکانی تری زەیتوونە قاژکراوەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت تا ئامادە دەبێت و دەخرێتە بازاڕەوە.