پشكۆ خاڵدانی
ئه‌وا چل ڕۆژه، منی شه‌یدای گۆرانی و مه‌قام و ئاواز و مۆسیقای ره‌سه‌نی كوردی ئه‌ڵێی هه‌تیوی لاكۆڵانم و خۆڵی گۆڕستان به‌سه‌رما باریوه، چل رۆژه چاوه‌ڕوانی مه‌قام و ئاوازێكی نوێم به‌ده‌نگه پڕ سۆزه‌كه‌ی مامۆستا شكور خه‌یات، ئه‌و شكور خه‌یاته‌ی وشه و ئاوازی ده‌دووری و له گه‌روی پڕ سۆزییدا پڕ به هه‌ستی گه‌رمیانیانه ده‌یچڕی و ئاسوده‌یی به رۆحمان ده‌به‌خشی.
ئه‌و پیره پیاوه ده‌نگ ئه‌فسوناوییه، له ناخ و ده‌روون به ئاواز و مه‌قام گه‌نج و پڕ وزه، گوێیه‌كانمانی پڕ ده‌كرد له مه‌قامی ره‌سه‌نی كوردی، ئه‌وكات دڵمان كه‌مێك ئاسوده ده‌بوو و له‌گه‌ڵ ژێی كه‌مان و ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌یدا خه‌یاڵمان ده‌یدا له شه‌قه‌ی باڵ و ده‌چۆوه بۆ گه‌رمیان و میوانی كۆڕی دیوه‌خان ده‌بووین، ئه‌فسوس ئه‌مێستاكه ئه‌و به جه‌سته لێره نییه، به‌ڵام میوانی روحه‌كانمانه و بۆ ساتێكیش ناتوانین له بیره‌وه‌رییماندا خامۆشی بكه‌ین. بۆیه هه‌میشه چاوه‌ڕوانین و ئه‌ڵێین رۆژێك له پڕا ده‌ست به‌گۆچان و له سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوكه‌وه شۆڕده‌بێته‌وه به‌ره‌و خاسه و له‌وێوه سه‌رێك له گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان ده‌دات و دواتریش بۆ ساتێك پشوودان ده‌چێته حزووری مه‌زاری (مامۆستا عه‌لی مه‌ردان) و (حوسێن عه‌لی) و (سه‌ڵاح داوده)، له‌وێ له‌پاڵیاندا وه‌نه‌وزێك ده‌دات و به‌ده‌م هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی هونه‌ری پڕ بیره‌وه‌ریی شاری كه‌ركوك مۆڵه‌تێك ده‌خوازێ و پڕ به گه‌رووی مه‌قامه‌كانی (ئه‌ڵاوه‌یسی و ئای ئای و عه‌جه‌م و سه‌با و قه‌تار و خاوكه‌ر و به‌یات و خورشیدی) ده‌چڕێ بۆمان.
هه‌ركاتێ په‌نا ده‌به‌مه به‌ر مه‌قامه‌كانت، له‌به‌ر خۆمه‌وه بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پرسیارم لێبكات خۆم دڵخۆشی خۆم ده‌ده‌مه‌وه و له‌گه‌ڵ رژانی دڵۆپێك ئه‌شكا ئه‌ڵێم: نانا مام شكور خه‌یات نه‌مردووه و زیندووه، ئه‌ی ئه‌وه‌نییه به‌ده‌نگی به‌رز و پڕ به گه‌رووی گوێم لێیه ده‌ڵێ (كه‌ركوكم دی له دووره‌وه، به ئاگرێكی سووره‌وه، دڵم به كوڵ كه‌وته گریان، كه‌وتمه نێو جه‌رگه‌ی نووره‌وه) ئه‌ی داخۆ ئه‌مه كێیه گۆرانی بۆ كیژان و كوڕانی شار و نیشتمان ده‌چڕێت، هه‌ندێجاریش كه خه‌یاڵم دێته‌وه لای خۆم، هه‌واڵی گه‌رمیانم بۆ دێنێت و ئه‌ڵێم ئێستا ئه‌و میوانی (عه‌لی مه‌ردان و حوسێن عه‌لی و هابه و میقداد محه‌مه‌د)ـه و ره‌نگه سه‌رێكیش له ئه‌سیری و شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و مه‌لا فه‌تاحی جه‌باری و شێخ مارف به‌رزنجی بدات و هه‌واڵی هونه‌ر و گۆرانی و مه‌قامی كوردی‌یان پێ ڕابگه‌یه‌نێت و له‌وێش كۆڕی هونه‌ر ببه‌ستن.
من خامه‌كه‌م كۆڵه له ئاستت، بمبوره، بریا ئێستا چیرۆكنوس (له‌تیف حامد) بمایه و ژیانی پڕ له نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ریتی ده‌كرد به چیرۆكێك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، ناسر حه‌سه‌نیش كاری ده‌رهێنانی فیلمێكی بۆ ئه‌نجام ئه‌دایت و له‌ولاشه‌وه مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانی دڵنیام بێ یه‌ك و دوو ناوتی له مێژووی گۆرانی كوردیدا تۆمارده‌كرد، وه‌ك چۆن ئێمه ناوی تۆمان له دڵماندا تۆماركردووه.
تۆ هه‌رچه‌نده هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت بووی، به‌ڵام هه‌رگیز چۆكت بۆ نه‌بوونی دانه‌دا و له‌سه‌ر ڕێچكه هونه‌ره‌ییه‌كه‌ت به‌رده‌وام بوویت و بووی به مامۆستا و ماڵه‌كه‌شت بوو به قوتابخانه‌ی هونه‌ر، دڵنیاشم له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو دێڕه هۆنراوه‌یه‌ی (سابری)دا هاوڕابویته كه فه‌رمویه‌تی: (كڵاوی سه‌ر دڕاوی خۆم به تاجی پاشا ناده‌م، كه‌لاوه‌ی دووكه‌ڵاوی خۆم به قه‌سر و گه‌نجی شا ناده‌م).
مامه‌ی مه‌قام، خۆزگه ئه‌م كۆڕه‌مان بۆ ناساندن و گوێگرتن له به‌رهه‌م و ئه‌لبومێكی نوێت بوایه، نه‌ك چله و كۆڕی ماڵئاوایی، چونكه به بارته‌قای گه‌ڵاكانی ئه‌م پایزه فرمێسكمان
بۆ رشتویت.