هەناری باخەکانی بیتوێن پێش لێکردنەوەی ساغ دەکرێتەوە

09:54 - 2023-10-12
ڕاپۆرت
605 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەمی هەنار لە گوندی کڵاوسورانی چوارقوڕنە

راپۆرتی/ جێگر خدر



لە گوندی کڵاوسورانی چوارقوڕنە تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 400 تۆن هەنار بەرهەم هێنراوە، لێکردنەوەی هەناری شیرین تەواو بووە و نۆبەتی هەناری ترش و مێخۆشە، زۆرینەی باخەکان پێش لێکردنەوە بە گۆترە و بە تێکڕای بەرهەمی باخەکەوە فرۆشراون.
بڕوا خدر گەنجێکی دانیشتووی کڵاوسورانە لە ناحیەی چوارقوڕنەی راپەڕین، خاوەنی باخی هەنارە، ئەو دەمی گەرمی کاریەتی و بەرهەمی ماندوبوونی، بە ماندوێتییەکی زیاترەوە دەچێنێتەوە، بە دەیان دۆنم هەناری شیرین، ترش و مێخۆشی هەیە و رۆژانە لەگەڵ دەیان کرێکار، کە لە باخەکەی خۆیدا هەلی کاری بۆ رەخساندون، هەنارەکان لێدەکەنەوە و پاشان لەبازاڕەکاندا ساغیان دەکەنەوە، هەناری نەشکاو و بێ کێماسی، بەڵام هەناری تەقیو و درزتێبوو بۆ وەلانان و دواتریش بۆ سرکە و دیسانەوە خستنە بازاڕی سرکەکەش.

بەرهەمی هەنار ئەمساڵ زیاترە

ئەو جووتیارە دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار، کە سەرمای زۆر زۆرێک لە بەرهەمەکانی وشک کرد و رزاندنی، بەرهەمی هەنار زیاترە، بەجۆرێک بەشی نێوخۆی ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی و هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عیراقیشی لێ دەنێرێت، جیا لە زەوییە بەراوەکان، زەوییە دێمییەکانیش کراون بە باخی هەنار، بۆ ئاودانیش ئاوی بیر بەکاردەهێنن، بەڵام گرفتی ئاودێرییان هەیە و داوا دەکەن بەنداوی سماقوڵی بۆ ئاودێری زەوییەکانیان سوودی لێوەربگیرێت، دانیشتوانی ئەو گوندانە ئەو داوایەشیان بە فەرمی گەیاندۆتە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم. ئێستا وەک خۆیان دەڵێن، بەرهەم زۆرە و ئاوی پێویست نییە، ئەمساڵ بە تەنها لە کڵاوسوران زیاتر لە 400 تۆن هەنار بەرهەم هێنراوە، زۆرینەی هەرە زۆریشی، بەتایبەت هەناری شیرین، دەنێردرێتە ناوەڕاست و خوارووی عیراق هەناری بیتوێن بە ئاوداریی و پڕچێژییەکەی ناوبانگی دەرکردووە، لە پێشانگەکاندا کە بۆ هەنار  سازدەکرێن، هەردەم هەناری ئێرە، بەتایبەت گوندی کڵاوسوران خواستێکی زیاتری لەسەرە هاوشانی هەناری هەڵەبجە.

سرکەی هەنار خواستێکی زۆری لەسەرە

کرێکارەکانی بڕوا خدر لە شار و گوندەکانی راپەڕینەوە دێن و بە رۆژانەی 25 تا 30 هەزار دینار کاری لێکردنەوە و جیاکردنەوە و کۆکردنەوە و خستنە نێو سندوق دەکەن، بەشێکی کرێکارەکانیش لە رەگەزی مێن و جیا لە کاری نێو باخ، کاری دروستکردنی سرکە دەکەن، سرکەی هەنار لەو هەنارانە دروست دەکەن کە درزیان تێبووە، چونکە ئەو هەنارانە کەمتر بەرگەی رێگەوبان و بازاڕ دەگرن، سرکەش خواستێکی زۆری لەسەرە و بەهەمان شێوە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە. ئەوە جگە لەوەی لە گوندی قەرەنی ئاغا بە ئامێری تایبەت سرکە و شەربەتی هەنار بەرهەم دەهێنن.

نرخی هەنار کەمی کردووە
محەمەد رەسوڵ لە گوندی قەرەنی ئاغا باخی هەناری هەیە و باس لەوە دەکات، ئەمساڵ نرخی هەنارەکانی دابەزیوە و دەڵێت، ساڵانی پێشوو بۆ هەر کیلۆیەک هەزار دینار و زیاتریشی دەکرد، بەڵام ئێستا هەناری هەرە باش 700 دینار دەکات، هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە رێژەی هەناری ئەمساڵ زۆر زیاترە لە ساڵانی پێشوو، بەڵام زیاتر لە جاران بازاڕی گەرمتر بووە، ئەو بەرلەوەی هەنارەکانی لێبکاتەوە بە گۆترە باخەکەی بە کەسێکی دیکەی گوندەکەی فرۆشتووە، ئەوەش ماندوێتی ماوەی رابردووی لەبیر بردۆتەوە، باس لەوەش دەکات، هەناری دەشتی بیتوێن پڕ چێژ و ئاودارە و لە خوارو و ناوەڕاستی عیراقیش خواستێکی زۆری لەسەرە.
لە ئیدارەی راپەڕین هاوشانی هەڵەبجە، هەناری دەشتی بیتوێن، دۆڵی شاورێ، مەرگە و بناری قەندیل بە هەناری مزر و مێخۆش بەنێوبانگن، جگە لە نێوخۆ، بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەنێردرێن، داوا دەکرێت کارئاسانی زیاتر بۆ جووتیارانی ئەو سنوورە بکرێت، لە دابینکردنی ئاو و پەینی کیمیایی و پێداویستییە زانستییەکان لە نموونەی وۆرکشۆپ و سیمیناری زانستی بۆ جووتیاران تا گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت لەو دەڤەرە، راپەڕین بە هەنار و دەیەها میوەی جۆراوجۆر بەنێوبانگە، لەگەڵ دانەوێڵە و بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان