منداڵەکەت شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەیە؟

10:00 - 2022-05-21
ڕاپۆرت
514 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

لە ماڵەوە بێدەنگ نابێت و هەمیشە بەجۆش و خرۆشە، چالاک و زۆر جووڵەیە، بەڵام هەرئەوەندەی کەوتە نێو کۆمەڵێک کەسەوە بێدەنگ دەبێت و دەچێتەوە قاوغەکەی خۆی و دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی زۆر جیاواز، ئەم حاڵەتەش پێیدەوترێت شەرمکردن، وەکو زانراوە لە قۆناغی منداڵیدا زۆر باوە و ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی رێگربێت لەبەردەم منداڵدا بۆ دروستکردنی هاوڕێ و یادگارییە جوانەکان، کەواتە دایکان و بەخێوکەران چیبکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو حاڵەتەدا و چۆن بتوانن هانی منداڵەکەیان بدەن بەسەر شەرمنیدا زاڵبێت؟
مامۆستای دەروونناسیی و بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر شەرمنیی لە زانکۆی ئەندیانای باشوری رۆژهەڵات برناردو جی کاردوچی بۆ پێگەی Stay At Home Mom دەڵێت: هەستەکانی شەرمکردن لە قۆناغی منداڵیدا زۆر باوە و چەند رێگەیەکی دیاریکرا و هەیە بۆ ئیدارەدانی ئەو حاڵەتە بە ئامانجی یارمەتیدانی منداڵ بۆ دەرچوون لەو قاوغەی خۆی تێدا حەشار دەدا لەوانە:

هەندێ منداڵی شەرمن لە تەمەنێکی گەورەتردا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، بۆیە ئەگەر شەرمنیی بەسەریدا زاڵبوو دەبێت راوێژ بە پزیشکی منداڵان یان پسپۆری دەروونی بکرێت

تەدەخول مەکە
کاتێک دەبینیت منداڵەکەت لە یاریگا یان جێیەکی یاریکردنی منداڵانی گشتیدا کێشەی دروستکردنی هاوڕێی هەیە، بێگومان دۆخەکە واتلێدەکات حەزبکەیت تەدەخول بکەیت و پاڵینێیت بەلای ئەو کۆمەڵە منداڵەی لای جۆلانێکانەوە یاری دەکەن، بەڵام برناردو دەڵێت: دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت تەدەخول نەکەیت، چونکە بەو کارە منداڵ بێبەشدەکەیت لە هەل و ئەزموونی فێربوونی «بەرگەگرتنی بێهوودەیی» واتا مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکدا کاتێک داوای هاوڕێیەتی رەتدەکرێتەوە یان وەردەگیرێت، ئەوەش هونەرێکە دواتر لە ژیانیدا پێویستی پێی دەبێت. 
لە شوێنێکی نزیکدا بە
با وایدابنێین منداڵەکەت برد بۆ ئاهەنگێکی لەدایکبوون، ئەو پزیشکە ئامۆژگاری ئەوە دەدا و دەڵێت: دڵنیابە لەوەی ئەو شوێنە جێنەهێڵیت تاوەکو دڵنیا دەبێتەوە و هەست بە حەوانەوە دەکات، واتا بیرۆکەکە ئەوەیە هەلێکی بدەیتێ لەگەڵ ئەو قەرەباڵغی و ژینگە نوێیەدا رابێت، لە جێیەکی نزیک ئەوەوە بمێنەرەوە تا لەگەڵ ئەو گروپەدا هەست بە دڵنیایی دەکات پاشان جێیبێڵە، واباشترە تاکۆتایی نەمێنیتەوە، بەڵکو بزانێت دەڕۆیت تاوەکو چێژوەربگرێت و دواتر دەچیتەوە بەدوایدا.
زیادەڕۆیی لە هێورکردنەوەدا
زیاد لەپێویست منداڵ هێورمەکەرەوە، چونکە ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت دۆخەکە بەڕاستی مەترسیدارە و ئەوەش ئەوەندەی دیکە وا لە منداڵ دەکات گۆشەگیر بێت و بچێتەوە قاوغەکەی خۆی.
بۆ هەڵوێستە نوێیەکان ئامادەی بکە 
کاتێک بۆ یەکەمجار دەچێتە ماڵی هاوڕێیەکی رەنگە ئەوە بۆ مێشکی منداڵێکی شەرمن ماندووکەر بێت، بۆیە هاوکاری بکە لە رێگەی دروستکردنی هەندێ سیناریۆ لەگەڵیدا دەربارەی ئەو ئەگەرانەی روودەدەن، بۆ نموونە دەڵێیت: «هەفتەی داهاتوو دەچینە ئاهەنگی لەدایکبوونی هاورێکەت، لەبیرت بێت پێشتر چووین بۆ چەندین ئاهەنگی لەدایکبوون، لە ئاهەنگەکاندا یاری دەکەین و کێک دەخۆین ئەمجارە هەمان ئەو شتانە دەکەین، بەڵام لە ماڵی ئەم هاوڕێیەت»
نموونەیەکی باڵا بە
واتا داوا لە منداڵەکەت مەکە شتێک بکات تۆ حەزت پێی نەبێت، چونکە کاتێک بە گەرموگوڕی و سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەیت کە دەیانبینیت چاوت لێدەکات، لەبەرئەوەی منداڵ بەلاساییکردنەوەی رەفتارەکان فێردەبێت، بەڵام کاتێک تۆ بە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی غەریبەدا هەست بە حەوانەوە ناکەیت ئەوا چاوەڕێی ئەوە بکە هەمان ئەو نیشانانە لە منداڵەکەتدا دەربکەوێت.
پەلە مەکە
منداڵەکەت بە بابەت و مەسەلە نوێیەکان ئاشنا بکە بە پەیڕەوکردنی شێوازی گۆڕینی شتێک یان دوانی نوێ هەموو جارێک، بۆ نموونە هاوڕێیەکی نوێ لەگەڵ خێزانەکەی بۆ ماڵتان داوەت بکە بەمەبەستی ئەوەی پێکەوە یاری بکەن هەر ئەوەندەی کەوتنە یاریکردن کەشی خۆشی و حەوانەوە بڵاودەبێتەوە ئەو کاتە جارێکی دیکە ژینگەکە بگۆڕە بەوەی لە پارکێک پێکەوە یاری بکەن، کاتێک ئەو دۆخەش زیاتر جێی حەوانەوە بوو بۆ منداڵەکەت ئەو کاتە دەتوانیت هاوڕێیەکی دیکەش داوەت بکەیت بۆ یاریکردن لەگەڵیاندا لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا پەلە مەکە بۆ ئەوەی کات بدەیت بە منداڵەکەت لەگەڵ دۆخە نوێیەکاندا رابێت.
باسی ئەو کاتانە بکە کە تێیدا هەستت بە دڵەڕاوکێ کردووە
 برناردو جی کاردوچی باس لەوەش دەکات دەکرێت لە هەموو منداڵێکدا شەرمنیی هەبێت بەتایبەتی لە کاتی گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە خوێندنگە یان دەستپێکی قۆناغی خوێندن، لەو کاتانەدا منداڵەکەت دڵنیا بکەرەوە بەوەی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ جاربەجار شتێکی سروشتییە و باسی ئەو کاتانەی بۆ بکە کاتێک دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیت هەبووە وەکو قسەکردن لە بەردەم جەماوەرێکدا و چۆن مامەڵەت لەگەڵ ئەو دۆخەدا کردووە و نموونەیەکی بۆ بێنەرەوە کاتێک کارێکی لەو جۆرەت کردووە چۆن دوای ئەوە هەستێکی باشت بۆ دروست بووە.
دەربڕینەکان دابڕێژەرەوە
کاتێک منداڵەکەت بەوە وەسفدەکەن کە شەرمنە و لەو کاتەدا گوێی لێیە، ئەو دەربڕینەیان بۆ راست بکەرەوە بەوەی دەتوانیت بڵێیت: تەنیا کەمێک کاتی دەوێت تا دەکرێتەوە و هەست بە حەوانەوە دەکات ئینجا دەکەوێتە یاریکردن، ئەم قسەیە وادەکات منداڵ تێبگات لەوەی تۆ لە هەستەکانی دەگەیت و دەزانیت کەی ئامادە بوو ئینجا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات.
فشاری مەخەرە سەر
رەنگە منداڵەکەت لە کەسایەتییە کراوەکان نەبێت ئاساییە بەو جۆرە بێت، چونکە شەرمن بن یان کراوە دواجار دەبێت رێگەی بدەیت بەو شێوەیە رەفتار بکات کە لەگەڵ سروشتی خۆیدا دەگونجێت.
بەراوردی مەکە 
گرنگترین شت ئەوەیە کاتێک منداڵەکەت شەرمنە بەراوردی نەکەیت بەوانی تر جا خوشک و براکانی بن یان هاوڕێکانی، چونکە ئەو بەراوردکردنە کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر منداڵ و وایلێدەکات متمانەی بەخۆی نەمێنێت و زیاتر بچێتەوە قاو‌غەکەی خۆی. 
کەی دەبێتە کێشە؟
بەپێی پێگەی Raising Children بێت دەکرێت شەرمنی منداڵەکەت ببێتە کێشە کاتێک لە ژیانی رۆژانەدا بۆ خۆی یان بۆ تۆ رێگریی دروست بکات بۆ نموونە:
بەهۆی شەرمنیی ئەوەوە ناتوانیت بچیتە هیچ شوێنێک، هەروەها کاتێک لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکو ئاهەنگەکان یان خوێندنگە نیشانەکانی دڵەڕاوکێی تێدا دەردەکەوێت یان دەڵێت هەست بە تەنیایی دەکات و نازانێت چۆن بچێتە نێو گروپی منداڵەکانەوە، یاخود ناتوانێت لە پۆلدا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە یان پرسیار بکات.
جگەلەوەی هەندێ منداڵی شەرمن دواتر لە تەمەنێکی گەورەتردا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، بۆیە ئەگەر شەرمنیی منداڵەکەت بەسەریدا زاڵبوو و نەدەتوانرا بیگۆڕیت دەبێت لەو حاڵەتەدا راوێژ بە پزیشکی منداڵان یان پسپۆری دەروونی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە لە قۆناغێکی زوودا پێش ئەوەی دۆخەکەی لە تەمەنێکی گەورەتردا قورستر بێت.
سەرچاوە: رویترز عربی

بابەتە پەیوەندیدارەکان