میکانیزمی نەگونجاو لە هەڵسەنگاندنی پرسیاری تاقیکردنەوەکاندا

10:11 - 2023-10-17
ڕاپۆرت
773 جار خوێندراوەتەوە
تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندن

خدر ئیبراهیم خدر


وەک چۆن چاودێریکردن و بەدواداچوونی دۆخی گشتی قوتابخانەکان و هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و میکانیزمەکانی فێرکردنی خوێندکار و ئاستی بەرزی و نزمی دەرچوون و کەوتن و چەندین لایەنی تری پەیوەست بەو پڕۆسەیە، بە یەکێک لە کار و ئەرکە هەرە لەپێشەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دادەنرێت، بە هەمانشێوە کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی پرسیارە گشتییەکانی هەردوو خولی یەکەم و دووەمی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم و دووەم بە یەکێك لە دەستاوردە پۆزەتیڤ و پڕ بایەخەکان دادەنرێت، بەوپێیەی پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ سەرجەم بارودۆخە دەروونی و سایکۆلۆژی و زانستی و مەعریفییەکانی خوێندکارەوە. 

شێوازی هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان
ئەمەش لەوەدا رەنگدەداتەوە تا کوێ مامۆستای پسپۆڕ لە پرسیارەکانیدا میکانیزمە دروستەکانی دانانی پرسیاری رەچاوکردووە و لە دانانی پرسیاردا تا کوێ سایکۆلۆژی خوێندکاری لەبەرچاو گرتووە و ناواخنی پرسیارەکانی بەجۆرێک داڕشتووە بۆ سەرجەم ئاستە جیاوازەکانی خوێندکاران بشێت لەڕووی توانای زانستی، مەعریفی و عەقڵییەوە، هەموو ئەوانەش دەبێتە پێودانگێکی بنچینەیی بۆ دەرخستنی توانای مامۆستا لە هونەری دانانی پرسیاردا.
ئەوەی تائێستا پەیڕەوکراوە بریتییە لە کۆکردنەوەی پرسیارەکان و پاشان سپاردنی بە ژمارەیەک مامۆستای دەرەوەی یەکەی سەرپەرشتی بۆ هەڵسەنگاندنیان، لەکاتێکدا دەبوایە خودی سەرپەرشتیاران بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ بگرتایە، لەبەرئەوەی هەم لەڕووی ئەزمونی زانستییەوە لەپێشترن و هەم لەڕووی کار و ئەرکیشەوە دەستبەتاڵترن.
بێگومان هەبوونی ئەزمونی رابردوویان دەبێتە دەستاوردێکی پۆزەتیڤ بۆ ئەوەی باشتر و وردتر هەڵە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکرێن، لە هەمانکاتدا دەبێتە وەسیلەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی لێیەوە باشتر سەرنج و تێبینییەکان سەبارەت بە پرسیارەکان بگەیەنرێتە مامۆستایانی پسپۆڕ و ئەوانیش بەهەندی بگرن و سوودی لێوەربگرن، بەڵام وەک سەرنج دەدرێت، کاراکتەرەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، خۆیان لەو ئەرکە دەبوێرن و پاش هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای خوێندنگەکان، ئینجا وەک بەڵگەیەک سەلماندنی ئەوەی پرسیارەکان بەژێر دەستی ئەواندا تێپەڕیون تەنها ناو و ئیمزای خۆیانی لەسەر دادەنێن.

لایەنی نێگەتیڤی هەڵسەنگانەکان

لێرەدا بەشێک لەو خاڵانە دەستنیشان دەکەم تاڕادەیەکی زۆر ناکارایی و لایەنی نێگەتیڤی ئەم چەشنە هەڵسەنگانە دەردەخات لەلایەن مامۆستایانی دەرەوەی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییەوە.
*هەندێکجار پێدانی ئەم پرسیارانە بە مامۆستایان لەسەر بنەمای نزیکایەتی رایی دەکرێت، تا لەو رێگەیەوە مامۆستای هەڵسەنگێنەر پاداشت بکرێت و لە کۆتاییدا سوپاسێک وەربگرێت.
*کەم ئەزمونی بەشێک لەو مامۆستایانەی دەستنیشان دەکرێن  بۆ هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان، لەڕووی تەمەنی فیزیکی و تەمەنی مامۆستایەتییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن بە تەواوی سەر لە فۆڕم و شێوازە جیاجیاکانی پرسیار و دابەشکردنی نمرە و زۆر لایەنی دی پەیوەست بە پرسیاردانان دەربکەن.
*تێپەڕاندن و لەکۆڵ خۆکردنەوەی پرسیارەکان لەلایەن بەشێک لە مامۆستایانەوە، کاتێک ژمارەیەکی زۆری پرسیاریان پێدەدرێت کە دەبێت لەماوەیەکی سنوورداردا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن و بیانگەڕێننەوە بەردەستی سەرپەرشتیاران. 
*حەز و ئارەزووی بەشێک لە مامۆستایانی هەڵسەنگێنەر بۆ خۆنواندن و نمایشی کەسێتی، وادەکات هەڵەی بچووک و لاوەکی گەورە بکەن.
*لە بەرەنجامی کەمی وابەستەیی زۆرینەی مامۆستایان بە خوێندنەوە و بەدواداچوونی سەرچاوە مەعریفیەکانی دەرەوەی پڕۆسەی خوێندنەوە، بەشێک لە مامۆستایانی هەڵسەنگێنەر، بەهۆی  کەمی و لاوازی زەخیرەی مەعریفییان وادەکات نەتوانن سەر لە هەندێک وشە و دەستەواژە و دەربڕین و پەند و ئیدیۆم سەردەربکەن.


رەخنەکانی مامۆستایانی هەڵسەنگێنەر
هەموو ئەوانە وایکردووە لەماوەی ئەزمونکردنی ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنی پرسیاردا لەم ساڵانەی دوایدا، هەڵەی سەیر روویداوە لەلایەن مامۆستایانی هەڵسەنگێنەرەوە و رەخنەی سەیر و نازانستییان گرتووە لە پرسیارەکان وەک:
*فۆنتی پرسیار لە 16 کەمترە و چاوی خوێندکار ئازار دەدات.  
*نابێت لە پرسیاری بۆشاییدا خاڵێک دوو داواکراوی تێدا بێت. 
*پێویستە پرسیار بەگوێرەی دواین دیزاینی سەدەی 21 رەنگڕێژ بکرێت.
*نابێت پرسیار ئەوەندە زۆربێت دوو نوسخەی کۆپیکراو بێت. 
*پێویستە ژمارەکان بە بۆڵت بنووسرێن و جیابکرێنەوە لە نووسینەکانی تر.
ئەو چەشنە تێبینی و سەرنجە لابەلایانە لەجێگەی ئەوەی مامۆستایانی پسپۆڕ دڵخۆش بکات و لە داهاتوودا بەهەندی وەربگرن، وایکردووە کردەی هەڵسەنگاندنی پرسیارەکانیان لەلا ببێتە شتێکی بێ سوود و نەخوازراو. لەم سۆنگەیەوە لەلایەک رەخنە لەو مامۆستایانە بگرن بەبێ ئەزمونییەوە چەندین خاڵ و تێبینییان لە پەڕاوێزی پرسیارەکاندا ریزکردووە، لەلایەکی تریشەوە سەرکۆنەی ئەو سەرپەرشتیارانە بکەن خۆیان لەو ئەرکە دابڕیوە و لەجێگەی هاندان و پشتگیری لەپڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، زیانی زانستی و مەعنەوییان پێگەیاندون.
بۆیە پێویستە کردەی هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان لە ئەستۆی سەرپەرشتیاران بێت مادام ئەوان هەر یەکێکیان پسپۆڕی لە وانەیەکدا هەیە، کەواتە دەکرێت بە گوێرەی پسپۆڕییەکانیان پرسیارەکان هەڵبسەنگێنن، ئەوکات هەم ئەو رێوشوێنە تاڕادەیەکی باشتر بەڕێوەدەچێت، هەم سەرنج و تێبینییەکانیش وردتر و بێ هەڵەتر سەبارەت بە پرسیارەکان کۆدەکرێنەوە و دەخرێنە بەردەم مامۆستایان.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان