ستەمکردن لە مێژوو لەڕێی یادەوەریی کاڵ و کرچەوە

10:45 - 2023-10-18
کەلتور
247 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد حسێن ئەحمەد

گێڕانەوەی مێژوو دەستپاکی و بڕوا و بەڵگە و راستگۆیی دەوێ، نەک خۆڵکردنە چاوی دەوروبەر و گەمەی هەستی لێڵ و بە قەڵەمی (رەشبیران) بنووسرێتەوە، گێڕانەوە لەناخ و دەمی هەرکەسێکەوە بێت، جۆرە جووڵە و کاریگەرییەکی ئەرێنی یان نەرێنی هەیە، کە دەڵێین ئەرێنی یانی ئەو کەسەی کە لەناو رووداوە خۆش و ناخۆش و تەنگوچەڵەمەکاندا ژیاوە بە گیانێکی مرۆیانە و هەناسەی قووڵی تەباییەوە، بە زمانێکی گوڵ و پاراو ئاوڕ لەویژدان دەداتەوە، پێ لە هەڵە و کەموکووڕییەکان دەنێت، چونکە باوەڕی کۆتایی بە بەرپرسیارێتی هەیە.
گرنگ نییە رێژەیەک لەو کەموکووڕیانە ئێخەی خۆی بگرێت، پێیوایە بە سنگێکی فراوانەوە وەریدەگرێت، بەو ئاکار و هەڵوێستە جوانەی چێژی سەرکەوتن و پشتگیری هاوڕێیان و هاو سەنگەر و خوێنەران بۆ لای خۆی رادەکێشێت، خۆ ئەگەر بابەتێ یان شتێکی کاریگەری لەبیر چووبێت روونکردنەوە و  داوای لێبوردن ئاڕاستەی  هەمووان دەکات، ئیدی پێی سەرفراز دەبێت، خۆ ئەگەر سەرچاوەی زیندووش هەبێت وەک دیکۆمێنت و بڵاوکراوە و شاهید پەنای بۆ دەبات و ئاوێتەی نووسینەکانی دەکات.
ئەڵبەتە کتێبخانەی کوردی گەلێک لەم جۆرە بیرەوەرییە نایاب و بەکەڵکانەی لەخۆگرتووە، بگرە شانازی بەو پرشنگانەوە دەکات، بەڵام لە ژێر سێبەری مێژوودا، مێژوویەک بەدڵنیاییەوە واژۆی رەوای لەسەر دەکات، ئێمەی کورد پێویستیمان بەم چەپکە دەقە ناوازانەیە کە دەبنە ژێدەر و هێمای بووژانەوە.
بە پێچەوانەی ئەو بڕگانەی سەرەوە دەربارەی ئەو یادەوەریانەی لە کانیاوێکی روونەوە هەڵقوڵاون، یادەوەری گوماناوی و کرچوکاڵ هەیە، راستەوخۆ دەکەونە بەرچاوی خوێنەر، مەبەست ناپێکن، ئەوەی شایانی وتنە ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسیاری باڵا دەزانن یان خوار ئەوانەوە تا کەسێکی سادەش جۆرێ شێواندن و بێ ویژدانی پەیڕەو دەکەن، بە بۆچوونی پچڕپچڕ و لاوازیان وا لە بەرامبەرەکەیان تێدەگەن کە بێ ئاگا و نوستوون، یان بە کورتی ئەوانە یان لەپێناوی دەستکەوت یان تۆپەڵبوونی کینە یان بە خەیاڵ پڵاوی خۆیان دەگەیەننە دامێنی لووتکە، بۆیە ئەو هەنگاوە شپرزانە دەنێن و قەڵەمی قرچۆکی خۆیان تاقیدەکەنەوە.
ئەگەرچی زنجیرەی رووداو و گۆڕانکارییەکان لە دوێنێیەکی نزیک تێناپەڕێت کە زۆرینەی خوێنەر و چاودێرانی سیاسی و ناسیاسی و خاوەن ئەزموون لێی بەئاگان، روو لەو بۆچوونانە وەردەگێڕن، ئەوانە بێگوێدانە بەرژەوەندیی گشتی و حسابکردن بۆ سەردەمە جەنجاڵەکە کێشە بەدوای کێشەدا دەهێننە ئاراوە.
لەم رووەوە کاتێ ئەو کتێبە تەمەن کورتانە دەکەونە ناوبازاڕی کتێبەوە پاش سەرنج و تێڕوانین یەکسەر رەخنەگران لێیان دێنە زمان بۆ سڕینەوەی هەڵبەستە و توانج و پێشێلکاری و  بەلاڕێدابردن و خۆ دانان بە پاڵەوان و بڕیاردەر، دوای راستکردنەوە و بەدواداچوون رێسەکەیان دەکەنەوە بەخوری.
بۆیە دەبێت کەسی بیرەوەرینووس مێشکی گەرم و کەلەرەقی بخاتە لاوە، لەهەمانکاتدا پێشبینی ورد بکات بزانێت چی پرسیارێک قوتدەبێتەوە؟ چی وەڵامێک بەدوایدا دێت؟ بێگومان نووسەر دوو رێگە دەگرێتەبەر:
یەکەمیان: یان بە گیانێکی پڕ لە رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن و رووناکبیریی دەوڵەمەندەوە باوەش دەگرێتەوە، تواناکانی رووبەڕووی ئاسۆی ئایندە دەکات، هەر لەسۆنگەی ئەو پرەنسیپەوە بواری پەرەپێدان و سەرکەوتن و وەک چەندان مەڵۆ دەچنە سەر شارای بەرهەمەکەی.
دووەمیان: شپرزەیی و دەربەستنەبوون پەیڕەو دەکات ئاشکرایە خۆ هەڵنان و پەڵە خستنەسەر ئاوێنەی راستییەکان گرژی و زەبری و دوورەپەرێزی بنیاد دەنێن، ئەمانەیش کەم و زۆر بەزیانی خۆی  دەگەڕێتەوە، مەرج نییە داپۆشینی هەڵەی زەق و تاوانی بەرچاو و تۆمارکراو لێفەی شڕی قرچۆکی بەسەردا بدرێن و بۆ هەمیشە بشاردرێنەوە، وتراوە (ملوانکەی دزراو مەگەر بەشەو بکرێتە مل).
دوا وتەیشمان ئەوەیە بەو کەسانە بڵێین کە ئێوە خۆتان ماندوو دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی یادەوەرییەکانتان، با نرخی ماندووبوونەکانتان لەبەرچاو بگیرێ، نەک  بەهەند وەرنەگیرێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان