نۆڤلێتی الخادمة-ی خاتوو گەلاوێژ بە زمانی عەرەبی، چاپدەكرێتەوە

01:26 - 2023-10-18
کەلتور
354 جار خوێندراوەتەوە

نۆڤلێتی "الخادمة"ی خاتوو گەلاوێژ بە زمانی عەرەبی، چاپێكی نوێ دەكرێتەوە، كە لە لایەن  شاعیر و وەڕگێڕی بەتوانا و لێهاتوو مامۆستای خوالێخۆشبوو جەلال زەنگابادییەوە وەڕگێڕدراوە بۆ زمانی عەرەبی.
د.ژینۆ عەبدوڵڵا لە بۆردی وێب سایتی خاتوو گەلاوێژ galawzh.com، ئاماژەی بەوە دا، چاپی یەكەمی ئەم نۆڤڵیتە لە لایەن دامەزراوەی "المدی"ەوە لە سوریا  چاپكراوە و دوای نەمانی، بەباشمانزانی جارێكی تر بۆ زیاتر خزمەتی كایەی رۆشنبیری عەرەبی - كوردی چاپبكرێتەوە.
دەربارەی ناوەڕۆكی نۆڤڵێتەكەش، د.ژینۆ عەبدولڵا باسی لەوەكرد: ئەم نۆڤلێتە چیرۆكی خێزانێكی خەڵكی سلێمانی دانیشتووی بەغدا دەگێڕێتەوە، كە دەیانەوێت چەشنی خێزانە ئەرستۆكراتەكان بژین. سەرۆكی خێزانەكە كەسێكە بەناوی عوسمان ئاغا كە ئەندازیارە و خێزانەكەی كە ژنی ماڵەوەیە ناوی "مەلیحە"خانە و خاوەنی چوار منداڵن. بۆ رایکردنی كارەكانی نێو ماڵەكەیان دوو كارەكەر دەگرن كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان تەمەنیاندا هەیە، نۆڤلێتەكە تەژییە بە چیرۆكی پڕ چەرمەسەريی ئەم دوو كارەكەرە و ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی ئەوەی ناچاربن ئەم پیشەیە هەڵبژێرن.
لەپاڵ چیرۆكی ئەم خێزانەی كە تەمسیلی ئەرستۆكراتی دەكەن، چیرۆكی كۆمەڵێك كچ و ژنی دیكە دەخوێنینەوە كە ژیان لەگەڵیاندا دڵڕەق بووە و بەر دیوە رق و ئازاردەرەكەی ژیان كەوتوون. ئەم نۆڤلێتە چیرۆكی ئەو ژن و كچانەیە كە كۆمەڵگە و كەلتوور دەیانەوێت بیانهاڕێت، بەڵام هاوكات چیرۆكی هەستانەوەی ئەوانیشە، كە بە خوێندنەوەی نۆڤلێتەكە پێی دەگەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان