کارگەی مافوری کۆیە نیو سەدەیە لە کارکردن بەردەوامە

10:57 - 2023-10-22
دووتوێ
518 جار خوێندراوەتەوە
#هەندێک لەو خانمانە هەر لە منداڵییەوە کاریان لەو کارگەیەدا کردووە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید


ژنانی کورد لەدێر زەمانەوە خاوەن رۆڵی باش و پێگەی مەزن بوون لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا شان بە شانی پیاوان ئازایانە کاریان کردووە هەمیشه دەستڕەنگین بوون و لەکارەکانیاندا جێدەستیان دیاربووە.

ژنی دەستڕەنگین کاری تێدا دەکەن
لەکارگەی مافوری کۆیە ژمارەیەک لەو خاتوونە دەستڕەنگینانە تەمەنێکی زۆرە بە دەست و بازووی خۆیان خەریکی دروستکردنی فەرش و مافوری کوردین و بەشێکیان هەر لەمنداڵیەوە لەوێ دەستیان بەکار کردووه و تا ئەمڕۆ بەردەوامن، بۆ زیاتر ئاشنابوون لە مێژووی ئەم کارگەیە کاوە عوسمان بەڕێوەبەری کارگە وتی: ئەم کارگەیە مێژوویەکی دێرینی هەیە ساڵی دروست بوونی دەگەڕێتەوە بۆ 1/5/1971 تا ئەمڕۆ بەردەوامە، رۆژانە لە سەعات 8 بەیانی تا 2 ی پاش نیوەڕۆ کاردەکەین فەرمانبەرانی ئەم کارگەیە زیاتر خانمن  و تەمەنێکی زۆریان بەڕێکردووە لێرە بەشێکی زۆریان هەر منداڵیەوە لێرە دەستیان بەکارکردووە، ژمارەی فەرمانبەرەکانیشمان بریتییە لە 31 فەرمانبەری هەمیشەیی و 8 فەرمانبەری گرێبەست.
ئەو بەڕێوبەرە باسی لەوەش کرد ئەو فەرشانەی دروستدەکرێت ئەوان مانگانە راپۆرتێک دەدەنە بەڕێوەبەرایەتی بنکەکانی مافوری دەستکردی هەولێر، چونکە فەرشەکان بۆ ئەوێ دەنێرن، وتیشی: فەرشەکانمان لە قیاسات و مۆدێل و بەسمەکان جۆراو جۆرن، بەڵام لە پلانماندایە گرنگییەکی زیاتر بە کەلتور و کەلەپور و ناوی کەسایەتییە دیارەکانی دەڤەرەکەمان بدەین وەک حاجی قادری کۆیی و دڵدار و مەلای گەورە و قشڵەی کۆیە و چوار تاقان ... هتد.

لە منداڵییەوە  لەو کارگەیە کاردەکەم 
خاتوو مەحبوبە شێخە باس لەوە دەکات لە تەمەنی نۆ ساڵیەوە لەو کارگەیە کاردەکات و ژنانی ئەو کاتە کە کاریان لە کارگەکە کردووە فێری کارەکەیان کردووە.
هەروەها وتی: سەرەڕای کەموکووڕییەکانی ئەم کارگەیە هێشتا بە ماڵی دووەمی خۆمم داناوە وەک خێزانێک لێرەین و کۆبووینەتەوە زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم، جگەلەوە پێویستە لەهەموو کات و سەردەمێکدا ژنان شان بەشانی پیاوان کاربکەن، چونکە لەگەڵ ئەوەی سوودی دارایی هەیە لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە سوودی زۆرە. هەروەها دەڵێت: بەهۆی بەرهەمە دەرەکییەکانەوە کارگەکەمان بەرە و لاوازبوون دەچێت و بەرهەمەکانیشی کەم بۆتەوە بە بەراورد بەساڵانی رابردوو کە بەڕاستی ئەمەش جێگەی داخە و دڵتەنگم دەکات پێشتر لە دوو سێ هۆڵ کارمان دەکرد و زیاتر لە 400 کارمەندبووین، بەڵام ئێستا وانییە و بەشێکی کەم لە خانمان کاری لێدەکەین.

کارەکەمان کارێکی خۆشە 
خاتوو ئامینە حەسەن-یش لەساڵی 1999 دەستی بەکارکردووە و دەڵێت هەموومان باش دەزانین کاری دەستی کارێکی قورسە و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام سەرەڕای ماندوویی لەگەڵ کارەکەم  ئاسوودەم هەندێک کەس هەیە دێتە کارگەکەمان و پێمان دەڵێت چۆن ئەم کارەتان پێدەکرێت کارەکەتان زۆر قورسە، بەڵام لەلای ئێمە زۆر خۆشە چونکە بەوپەڕی خۆشەویستییەوە کاردەکەین.
هەروەها لەبارەی کەرەستە پێویستەکانەوە بۆ دروستکردنی فەرش وتی: کۆمەڵێک پێداویستیمان پێویستە ئەوانیش بریتین لە مەقەست ـ مەستەرە ـ میزڕەب ـ خەتاف ـ بەسمە. 
بەسمە ئەو وێنەیەیە لەبەرچاومان دایئەنێین تا فەرشەکە بەپێی رەنگ و دیزاینەکە وەک وێنەکە دروستی بکەین.
خەتاف لە نووکی لای پێشەوەی لە قولابی خۆمان دەچی کە خوری پێ دەچنین لایەکەی تریشی وەک چەقۆیە، بۆ دەرهێنانی داوەکە بەکاردێت بەلاکەی تریشی داوەکەی پێ دەبڕدرێت.
مەستەرە بۆ تێخستنی حەبل بەکاردێت هەروەها میزڕەب بۆ کوتانەوە بەکاردێت مەقەستیش بۆ راستکردنی ئەو کورت و درێژییەی داوەکان  بەکاردێت بۆئەوەی شێوەیەکی جوان و تەخت بدات بەفەرشەکە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان