سەرۆک بافڵ لەگەڵ لێپرسراوانی نوێی مەڵبەندەکانی راپەڕین و سۆراندا کۆبۆوە

09:05 - 2023-10-24
کوردستان
599 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لوقمان وەردی، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی راپەڕین و خدر مستەفا، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سۆران کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن ئامادەیبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەكانەوە هەڤاڵانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، دەڤەرەکانی باڵەکایەتی، سۆران، رەواندز، حاجی ئۆمەران، برادۆست، هەریر و شەقڵاوە، پشدەر و  بتوێن و راپەڕین قوربانیبەخش بوون و رۆڵیان لە شۆڕش و خەبات لەپێناوی كوردستاندا مایەی شانازییە و بەپێزانینەوە ناوی خەڵكی ئەو ناوچانە دەهێنین. لای یەکێتی ئەم سنوورانە گرنگی تایبەتیی خۆی هەیە و پێویستە خزمەتی زیاتریان بکەین، ئەرکی مەڵبەند و ناوەندەكانی یەكێتییە لە خزمەت خەڵكە تێكۆشەرەكەی ئەو دەڤەرانەبن و كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەن.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ هەڤاڵان خدر مستەفا و لوقمان وەردی لە ئەرکی نوێیاندا خواست و هەموو پشتگیری و پشتیوانییەکی بۆ راپەڕاندنی ئەرك، بەرپرسیارێتییەکانیان و خزمەتکردنی خەڵکی سنوورەکانی راپەڕین و سۆران دەربڕی.

لە‎ بەرامبەردا لێپرسراوانی مەڵبەندی راپەڕین و سۆران سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆک بافڵیان کرد و دووپاتیانکردەوە، وەک هەمیشە و یەکێتیانە لە خزمەتی گشتی و ناوچەکەیان دەبن و پابەند بە سیاسەتی نوێی یەکێتی ئەرکەکان لە خزمەتی خەڵکدا رادەپەڕێنن.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان