سەرۆک بافڵ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەکات

07:46 - 2023-10-26
کوردستان
841 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن سەرخێڵ کەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان، ئەفسەران و کارمەندانەوە پێشوازیلێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جگەلەوەی گوێبیستی راپۆرتێکی گشتگیر بوو لەبارەی هەوڵ و چالاکییە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کرد کە هەمیشە و ماندوونەناسانە لە خەمی ئاسایشی خەڵک و سەقامگیریی هەرێمدا بوون و رایگەیاند، هەوڵەکانتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چالاکییە بەردەوامەکانتان لەپێناوی پاراستنی سەروماڵی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەقامگیردا مایەی شانازییە و بەڕێزەوە لێیدەڕوانین.
لەبارەی دۆخی ئەمنی و مەترسیی پاشماوەکانی داعشەوە، سەرۆک بافڵ ئامادەبوانی لە بەرنامەی نوێ بۆ چالاکییە سەربازییەکان بەرچاوڕوون کرد و داوایکرد، هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەرێم و عیراق فراوانتر بکرێن و ئەم هەنگاوەشی بە فاکتەرێکی گرنگی ئارامی و سەقامگیری ناوبرد. 
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی راسپارد، پشتبەستوو بە یاسا و بڕیارەکانی دادگا بەهەموو شێوەیەک رووبەڕووی یاساشکێنان ببنەوە و دژی هەر هەوڵێک بوەستنەوە کە ئامانجەکەی دروستکردنی مەترسی و تێکدانی ئاسایش بێت. وتیشی، ژیان و ئارامیی خەڵک کاری لەپێشینەی ئێوەیە و دەبێت هەموو هەوڵەکانتان لەو پێناوەدا بێت، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان