ئەستێرەناس

11:34 - 2023-11-02
دووتوێ
310 جار خوێندراوەتەوە

گوڵزار فەرەج



کە دێیت 
گەردوون 
پڕ دەبێت 
لەسەمفۆنیایی ئیلاھی،
کە تۆ دێیت 
ژیان ئەزەلییە و  
دەئاڵێ لە گەردنم،
خەمیشم 
لە تاوس رەنگین تر دەبێت،
کە تۆ ھاتی تەواوی 
ئازارەکانم لە زەرفی نامەیەکدا 
دەنێژم و 
ھەرگیز 
باسی  ئازارەکانم ناکەم،
گەر رۆژگارەکانی ساڵ 
ھەمووی ھەناسە سوار بم 
باسی ناکەم، 
رۆژێک دێت 
زویربوونەکانی دڵمببینیت 
بەڵام
 من  لە خۆشی ھاتنت 
ھەموویم بیر چۆتەوە
 لەیادم کردوون،
ئێستا 
سەرتاپای  گیانم بوون بە گوێچکە 
بۆ بیستنی ھەواڵت،
خۆ من 
سەربەخێڵی 
ئەستێرەناسەکان نیم  
ھاتنت  پێش بینی بکەم و ، 
خۆ باڵیشم نییە بۆ فڕین 
تابگەمە لات،
و بیابانی دڵم بکەم بە بێشەڵان و خونچەی 
پێش بەگوڵ بوون بناسم،
ئەوکات 
پاییزم 
ھیچ گەڵایەک ناوەرێنێ و، باڵندەکانیشم 
بەدەم سەماوە لە ھۆش خۆیان دەچن،
خۆزگە 
بەیانیەک 
ھەڵدەستام و کۆی جوانییەکان  
پێکەوە گرێ درابن و،
جارێک نا سەد جار،
ئەڵێم ھەق نییە 
ھێندە بیرت بکەم 
بەڵام لەکوێی دونیادا ھەق ماوە.

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان