ئامادەکردنی - ئارما
لە گۆشەی یەك پرسیاری کوردستانی نوێ سەبارەت بەوەی بە چییەوە سەرقاڵیت؟ بەیان بۆمبا خانمە ئەكتەر پێیوتین: لەئێستادا بەهۆی خانەنشینبوونمەوە سەرقاڵی كاروبارەكانی مامەڵەی خانەنشینیم لەم فەرمانگە بۆ ئەو فەرمانگە.
بەشێك لە هاووڵاتیان و ئەو كەسانەی من دەبینن و پرسیارم لێ دەكەن وا دەزانن من لە كاری هونەری خانەنشینبووم و پێمدەڵێن ئیتر كاری هونەری ناكەیت؟ منیش پێیاندەڵێم لە پۆستەكەم خانەنشینبووم كە سەرپەرشتیاری هونەرم لە وەزارەتی پەروەردە و پۆستێكی حكومییە، بەڵام ئێستا هەستدەكەم تازە دەست بەكاری هونەری دەكەم، چونكە دەوامی رەسمی و حكومی كاتت زۆر دەگرێت و كەمتر كاتت هەیە بۆ كاری هونەری.
لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكاریم بۆ دوو دراما، یەكێكیان كەناڵی كوردسات سپۆنسەری دەكات. ئەوەی دیکەیان خۆم سەرقاڵی دۆزینەوەی سپۆنسەرم، كە باس لە كێشەكانی ژنان دەكات و رۆڵی سەرەكی دەبینم و لەلایەن (ناوەندی هونەریی زەنێ)وە بەرهەمدەهێنرێت.