قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بواری ژینگە كرد و گفتوگۆكرا لەبارەی رێنماییە نوێیەكانی بواری ژینگە و جەخت لە جێبەجێكردنیان كرایەوە بەو مەبەستەی باشتر رێگری لە هەر پێشێلكارییەكی ژینگەیی بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستەی ژینگە و وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو، راپۆرتێك سەبارەت بە رێكار و رێنماییە نوێیەكانی بواری ژینگە خرایەڕوو.
جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوە كرد كە یەكێك لە هۆكارەكانی لاوازبوونی پابەندی بە رێنماییە ژینگەییەكانەوە، نەبوونی هەماهەنگی و چاودێریی وردە لەسەر ئەو پڕۆژانەی جێبەجێدەكرێن، بۆیە دەبێت میكانیزمێكی گونجاو هەبێت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا تا بەردەوام چاودێریی پڕۆژەكان بكرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەسەر پابەندبوونیان بەو پێوەرە ژینگەییانەی كە دیاریكراون.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێنماییە نوێیەكان و جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی رێنماییەكان ئاڕاستەی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێن بەمەبەستی جێبەجێكردنیان، تا رێگریی بكرێت لە پێشێلكارییە ژینگەییەكان.