ئایزایا به‌رلین
لە فارسییەوە: جەواد حەیدەری
ئازادی و خیانه‌ت له ئازادی ناوی كتێبێكی نووسه‌ر و بیرمه‌ند ئایزایا به‌رلین-ه كه تێدا باس له شه‌ش نه‌یار و دوژمنی ئازادی مرۆڤ ده‌كات و كۆمه‌ڵێك وتاری لێكۆڵینه‌وه له‌و شه‌ش بیرمه‌نده ده‌كه‌ن و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و شه‌ش بیرمه‌نده هه‌رچه‌ند له خه‌می ئازادیی مرۆڤدا بوون، هاوكات چه‌مكی ئازادی سنوور ده‌كه‌ن. به‌رلین كتێبه‌كه‌ی به دێرێكی كتێبی شه‌یتانه‌كانی دۆستۆیڤسكی ده‌ست پێده‌كات كه دۆستۆیڤسكی ده‌ڵێ: له ئازادیی بێسنوورەوە ده‌ستپێده‌كه‌ین بۆ سته‌می بێ‌سنوور.
ئه‌و شه‌ش بیرمه‌نده‌ی كه ئایزایا به‌رلین قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه بریتین له: كلۆد ئادرین هێڵۆسیۆس فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانی، ژان ژاك رۆسۆ فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی، یۆهان گۆتلیب فیخته فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی، جۆرج ویلهێلم فریدریش هیگڵ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی، كلۆد هێنری سه‌ینت سیمۆن فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی، جۆرێف دومایستهر فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی.
ئه‌و شه‌ش بیرمه‌نده‌ی كه ئایزایا به‌رلین باسیان ده‌كات هه‌موویان به زمانی مودێرن قسه‌مان بۆ ده‌كه‌ن و قسه له‌سه‌ر سه‌رده‌می ئێمه ده‌كه‌ن، به‌و زمان و ده‌ربڕینه‌ی كه هه‌یانه، نه‌ك هه‌ر خوێندكاره‌كانی خۆیان خستۆته ته‌ڵه‌وه، بگره نه‌یاره‌كانیشیان خستۆته ناو داوه‌وه. تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هاوبه‌شی ئه‌و شه‌ش بیرمه‌نده له‌وه‌دایه كه هه‌موویان باس له ئازادیی مرۆڤ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه ئه‌وه‌یه كه بیرۆكه‌كانیان له كۆتاییدا دژی ئه‌وه كار ده‌كه‌ن كه زۆرینه پێی ده‌ڵێن ئازادیی تاكه‌كه‌سی یان ئازادیی سیاسی.
پرسیارێكی سه‌ره‌كی كه بۆته كێشه‌یه‌كی سه‌رده‌میش، ئه‌وه‌یه كه «بۆچی كه‌سێك ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی كه‌سێك یان كه‌سانی دیكه بێت؟» ئه‌و وه‌ڵامی كه ئه‌و شه‌ش كه‌سه داویانه‌ته‌وه تا ئێستا هه‌وێنی بیر‌و بۆچوونی نه‌یارانی ئازادییه.
هه‌م هۆگری ئازادی و هه‌م نه‌یار
هه‌رچه‌ند به رواله‌ت رۆسۆ به یه‌كێك له‌و كه‌سانه ئه‌ژمار ده‌كرێ كه زۆر سه‌رسامی ئازادییه، به‌ڵام له راستیدا به نه‌یاری ئازادی داده‌نرێ. ئایزایا به‌رلین ده‌ڵێ: «رۆسۆ هه‌میشه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه زۆر دڵسۆزانه هۆگری ئازادیی مرۆڤه، به‌ڵام له مێژووی بیری نوێ‌دا، رۆسۆ یه‌كێكه له مه‌ترسیدارترین نه‌یاره‌كانی ئازادی.
به‌رلین ئاماژه به رسته‌یه‌كی رۆسۆ ده‌كات كه ده‌ڵێـت: «كۆمه‌ڵگه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه مرۆڤه‌كان ناچار بكات سه‌ربه‌ست و ئازاد بن.» ئه‌مه‌ش پێكدژ و پارادۆكسێكی ترسناكه كه « هیچ دیكتاتۆرێك نییه له خۆرئاوا بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ كاره‌كانی به‌كاری نه‌هێنابێت. بۆچوونێك هه‌یه كه ده‌ڵێ:» به راستی مرۆڤه‌كان نازانن چیان ده‌وێ، بۆیه ئێمه به ناوی ئه‌وانه‌وه داوای شته‌كانیان بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌وان به بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بیانه‌وێت، ئێمه پێیان ده‌ده‌ین «.
ئایزایا به‌رلین وێڕای ئاماژەدان به بۆچوونه‌كانی رۆسۆ ده‌ڵێ: ئه‌م جۆره له تێڕوانین مرۆڤ به‌ره‌و كۆیلایه‌تی راسته‌قینه ده‌بات و پاشان سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر تیۆرییه‌كه‌ی رۆسۆ و ده‌ڵێ:» به‌م جۆرە لە بەخوداكردنی چه‌مكی ئازادیی رههایە ، ورده ورده به‌ره‌و چه‌مكی سته‌مكاری ره‌ها په‌لكێشمان ده‌كات». هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه به‌رلین بڵێ: ئه‌وله‌ویه‌تدان به ئازادیی ره‌ها له كۆتاییدا به‌ره‌و سته‌مكاری ره‌هامان ده‌بات. ئه‌م قسه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه راسته، كه به ستایشكردنی ئازادیی ره‌ها، رێگه بۆ دیكتاتۆرییه‌تی بێ‌سنوور كردۆته‌وه.
مرۆڤ له نێوان ئاره‌زووی چێژ و ئازاردا
به‌رلین له كتێبه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه مرۆڤ چییه؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان ته‌نها بتوانن ئاره‌زووی چێژ بكه‌ن و خۆیان له ئازار به دوور بگرن، ئه‌و درۆیه، كه‌سێك بڵێت ده‌بێ ئاره‌زووی شتێكی تری هه‌بێت، جگه له‌و شته‌ی كه ده‌توانێ هه‌یبێ. ئه‌وه گاڵته‌جاڕییه كه داوا له دره‌خت بكه‌ی كه خۆی بگۆڕێ بۆ مێزێك، یان به‌ردێك ببێت به رووبار. ئه‌وه‌ش به هه‌مان شێوه‌یه جێی گاڵته‌یه كه داوا له خه‌ڵك بكه‌ی به دوای شتێك‌دا بچن كه له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ناتوانن شوێنی بكه‌ون.
ئه‌گه‌ر راستییه‌كه ئه‌وه بێ كه ئه‌و دوو هێزه، -واته خۆشه‌ویستی چێژ و رق و كینه له ئازار- مرۆڤیان مه‌رجدار كردووه، ئه‌وا دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر ده‌بن به‌و مه‌رجه‌ی به به‌رده‌وامی و بۆ هه‌میشه به دوای چێژدا بگه‌ڕێن.
ئازادیی تاكه‌كه‌سی نییه
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه، ئه‌وه‌یه كه له‌و جیهانه‌ی كه بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی هێلۆسیۆس وێنای ده‌كات له هیچ بوارێكدا دوور یان نزیك هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ ئازادیی تاكه‌سی له جیهاندا نییه. ره‌نگه مرۆڤه‌كان له جیهانی هێلۆسیۆسدا شاد و دڵخۆش بن، به‌ڵام له كۆتاییدا چه‌مكی ئازادی له‌ناو ده‌چێ، چونكه ئازادی خراپه‌كاری له ده‌ست ده‌چێ و هه‌موو كه‌سێك به جۆرێك مه‌رجدار كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها چاكه بكات. له جیهانه‌كه‌ی هێلۆسیۆس مرۆڤه‌كان وه‌ك ئاژه‌ڵێك راهێنراون بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها به دوای ئه‌و شته‌دا بگه‌ڕێن كه بۆیان باشه. ئه‌گه‌ر شێوازی په‌روه‌رده كردن و راهێنانهكهی هێلۆسیۆس سه‌ربكه‌وێ، ئازادی ورده ورده بنبڕ ده‌كرێ.
گریمان كه ئازادیی بێ‌سنوور مه‌حاڵه، چونكه ده‌بێته هۆی بێسه‌روبه‌ریی و هه‌موو شته‌كان لێك ده‌ترازێن، هاوكات ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنووریش مه‌حاڵه، چونكه مرۆڤه‌كان ورد و خاش ده‌كات و دیكتاتۆری و ملهوڕی و سته‌مكاری لێده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه ده‌بێ سنوورێك هه‌بێ. وه‌ها بۆچوونێكی لەوشێوەیە له لای رۆسۆ به ته‌واویی قبووڵ ناكرێ، چونكه زیان به ئازادی ده‌گه‌یه‌نێ، رۆسۆ ئازادی به یه‌كێك له به‌ها ره‌هاكان ده‌زانێ و وه‌ك چه‌مكێكی ئایینی لێی ده‌ڕوانێ. ئازادی بۆ ئه‌و یه‌كسانه به مرۆڤێكی ئازاد، بڵێین مرۆڤ، مرۆڤه، یان بڵێین مرۆڤ ئازاده.
ئه‌وه‌ی رۆسۆ مه‌به‌ستێتی بیگه‌یه‌نێ ئه‌وه‌یه كه هه‌موو مرۆڤێك به زاتی خۆی باشه و كه‌سیش به ته‌واوی خراپ نییه. ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان رێگه‌یان پێدرابوایه چاكه و سروشتی راسته‌قینه‌ی خۆیان نمایش بكه‌ن، ئه‌و كاته ته‌نها ئه‌و شته‌یان ده‌ویست كه چاك و دروست بێ.
به رای رۆسۆ، ئه‌گه‌ر بڵێین مرۆڤ شتێكی خراپی ده‌وێ، هه‌رچه‌ندە خۆی له زاتی خۆیدا به دوای شتی باشه‌وه‌یه، وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێین به‌شێكی شاراوه له ناخی خودی مرۆڤدایه، كه خودی خۆیه‌تی و راسته‌قینه‌یه، ئه‌گه‌ر خۆی بوایه ئه‌وه به دوای ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕا كه باشه.
جیهانی هیگڵ له دارستانێكی تاریك ده‌چێ
له‌ناو هه‌موو ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه باسی لێوه كرا، ره‌نگه سیستمی فه‌لسه‌فی هیگڵ زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیر و ئه‌ندێشه‌ی هاوچه‌رخ هه‌بووه. سیستمی فه‌لسه‌فی هێگڵ سیستمێكی ئه‌فسانه‌یی به‌رفراوانه، كه وه‌ك زۆرێك له سیستمه‌كانی دیكه به‌هێزه، هه‌م بۆ روونكردنه‌وه‌یه و هه‌م بۆ ئاڵۆزكردن هه‌ر بابه‌تێك كه لێی نزیك ده‌بێته‌وه. هه‌م رووناكییه و هه‌م تاریكییه، ره‌نگه تاریكی زیاتر بێ له رووناكی، به‌ڵام هیچ رێكه‌وتنێك له‌وباره‌یه‌وه له ئارادا نییه. به‌هه‌ر حاڵ جیهانی بیركردنه‌وه‌ی هیگڵ وه‌ك دارستانێكی زۆر تاریك وایه و ئه‌وانه‌ی كه پێی تێده‌نێن به ده‌گمه‌ن ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن كه چیان بینیوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش بگه‌ڕێنه‌وه وه‌ك ئه‌وانه‌ن كه ئالوده‌ی مۆسیقای ڤاگنه‌ر بوون كه پێده‌چێ گوێچكهكانیان ته‌نها بۆ ئه‌و ده‌نگانه راهاتوون كه له رابردوودا بیستوویانه.
هیگڵ بنیاتنانی گه‌ردوون ده‌كاته سێ به‌ش، هۆشیار، خودئاگا و نائاگا، رووه‌ك و گیانداران بوونه‌وه‌رێكی هۆشیارن، واته هه‌ندێك مه‌به‌ست له كاره‌كانیاندا هه‌یه و ئیراده و ره‌نگه بیرێكی ئاست نزمیشیان هه‌بێ. تاكه بوونه‌وه‌رێكی خودئاگا مرۆڤن، چونكه نه‌ك هه‌ر بیركردنه‌وه، به‌ڵكو ده‌توانن ره‌وتێكی دیالێكتیكی له خۆیاندا ببینن.
چۆن رێگه نیشان بده‌ین؟ سه‌ینت سیمۆن به روونی ئاشكرای ناكات، به‌ڵام ده‌ڵێ: به خۆشه‌ویستی و یه‌كتر قبووڵ كردن ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له پێدوایستییه‌كانی یه‌كتر تێبگه‌ن ئه‌وا خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌یان به‌كار ده‌هێنن بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاتر. هه‌ر بۆیه ئینفانتین سه‌رۆكی مه‌زهه‌بی سانت سیمۆن ده‌ڵێ: تۆ به‌شێكی له من و منیش به‌شێك له تۆ.
سه‌رچاوه:
كتێب آزادی و خیانت از آزادی