د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە پایتەختی ئەرمینیا، لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتوریان سەرۆك كۆماری ئەرمینیا كۆبۆوە و گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتنی بنەماكانی هاریكاریی هاوبەش كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ بەڕێوەچوو، ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهات و رووداوە نێودەوڵەتییەكان، بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا. سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: پێكهاتەی ئەرمەنی لە عیراقدا بەشێكی گرنگن و بەشداریی كاریگەریان لە بونیادنانی عیراق و قوربانیدان لەپێناویدا هەبووە. وتیشی: ئێستا عیراق خاوەنی سەقامگیرییەكی بەرچاوی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییە و ژینگەكەی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە زۆر بواردا، بۆ ئەوەش پێشوازی لە بەشداریی كۆمپانیا ئەرمەنییەكان دەكات لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێداندا.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەرمینیا، ستایشی رۆڵی عیراقی كرد لە بەرقەراركردنی سەقامگیریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان لەجیهاندا.
لەلایەكی دیكەوە، هەردوو سەرۆك، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی وەفدی هەردوو وڵاتیان كرد، تێیدا تاوتوێی ئیمزاكردنی رێكەوتننامە و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتنیان لە چەند بوارێكدا كرد.