كۆمسیۆنی هەڵبژاردن شەش مانگ درێژكرایەوە

11:30 - 2023-11-23
عیراق
669 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: «تەمەنی كۆمسیۆنی عیراق شەش مانگ درێژكرایەوە، كە لەو ماوەیەدا دەبێت كۆمسیۆن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرێت».
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA رایگەیاندووە: «لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵا تەواوبوو، بە كۆی دەنگ پەسندكرا، كارەكانی كۆمسیۆنیش تا راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، درێژەیان دەبێت، واتە تەمەنی كۆمسیۆن شەش مانگ درێژكرایەوە». ئاماژەی بەوەشكردووە كە دەبێت لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا كۆمسیۆن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، د.بڕیار، رایگەیاندووە: «بەهۆی نەبوونی رێكەوتنی سیاسییەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن بۆ دوای سەری ساڵی نوێ دواخرا».
دوێنێ 22/11، بەئامادەبوونی 180 ئەندام، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنەكە و دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە سەرۆكایەتیی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچوو.
 
PUKMEDIA

#هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان