لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی 9ی شارەزوور دەستبەکار بوو

04:20 - 2023-11-25
کوردستان
367 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ سەركەوت زەكی، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئۆرگانەکانی سنووری  مەڵبەندی شارەزوور و هاووڵاتیان و میوانان، لە مەراسیمێكی تایبەتدا ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا.
لە مەراسیمەكەدا، هەڤاڵ ئاسۆس عەلی لە پۆستی لێپرسراوێتی مەڵبەند بەخشرا و هەڤاڵ عومەر حاجی ئەحمەد وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور دەستبەکار بوو.
 هەڤاڵ ئاسۆس عەلی لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور سوپاسی سەرجەم هەڤاڵانی سنورەکەی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا بە هەماهەنگی هەموان ئەرکە حزبییەکانیان جێبەجێکردووە و وتیشی، لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، گرنگە سەرجەم راسپاردەکان جێبەجێبکرێت، ئەوەی مایەی خۆشحاڵیشە پۆستەکان رادەستکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکو سپاردنی ئەرکە بە هەڤاڵانی تر.
ئاماژەی بەوەشکرد لە داهاتوودا هەموو پشتیوانییەکی لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور دەکەم، پێویستە هەموو راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێ بکرێت، هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو بەرهەمە ببینین کە لەم سنوورە هەنگاومان بۆناوە.
دواتر هەڤاڵ سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتیدا نەریتێكی سروشتییە و دەستخۆشی لە کاک ئاسۆس عەلی دەکەم کە دڵسۆزانە کاری کردووە، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور دەكەین و دواتریش لە بەشێك لە مەڵبەندەكان هەمان پڕۆسە دووبارە دەکەینەوە، كە یەكێتییەكان بە رۆحێكی سیاسیانەی حزبیانەی بەرزەوە پێشوازی لەم هەنگاوە دەكەن.
وتیشی، ئەمە قۆناغی دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، قۆناغی هەستانەوەی یەکێتییە و وەک یەک تیم کارەکان جێبەجێ دەکەین و لە خەمی هاووڵاتییان و داخوازییەکانیاندا دەبین.
پاشان هەڤاڵ عومەر حاجی ئەحمەد لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور رایگەیاند: راسپاردە و گۆڕانکارییەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەستیپێکردووە کە ئامانج لێی خزمەتکردنی خەڵک و ریشەکێشکردنی گەندەڵییە.
بەڵێنیشی دا خزمەتکاری خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و پێنجوێن بێت، چونکە دەستبەکاربوونمان وەک لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور ئەرکێکە بۆ خزمەتی خەڵک و ئەگەر زویربوونێکیش لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە حزبەکەمان هەبێت هەوڵی ئاشتبوونەوەی خەڵکە تێکۆشەرەکەی شارەزوور لەگەڵ حزبی شەهیداندا دەدەین.
وتیشی: جێی خۆیەتی سوپاسی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبی سیاسی بکەم کە بەندەیان پێشنیاز کردووە بۆ ئەو پۆستە، هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی بێپایان ئاڕاستەی سەرۆک بافڵ بکەم بۆ قبوڵکردنی پێشنیارەکەی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبی سیاسی و بەڵێن دووپات دەکەمەوە کە خزمەتکاری حزبی شەهیدان و خەڵکی شارەزوور دەبم.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان