راگەیەنراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری

04:36 - 2023-11-25
کوردستان
338 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 25 ی 11 ی 2023 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی  وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی کرد و لەلایەن مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدێکی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە  پێشوازی لێکرا.


لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و عیراق و ناوچەكە كراو جەختیش كرایەوە لەپێویستی  پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی كوردستان، هەموو لایەنەکانیش پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی هاووڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری بە پەرۆشەوە تەئکیدیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە هەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی هەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە پێویست زانرا.

دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە، پرسی هەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون کە بەوردی تاوتوێکران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی هەرێم،  لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

لە كۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر برەودان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردولا كرایەوە.



یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان