لە كەركوك فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بەڕێوەچوو

10:08 - 2023-11-26
ڕاپۆرت
433 جار خوێندراوەتەوە
#دیمەنێك لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە كەركوك

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ماوەی چەند ساڵێكە وەك نەریت لە كەركوك فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەكی زۆر لە ئەكتەرانی عیراق و كوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەشداری تێدا دەكەن، جۆرەها نمایشی شانۆیی لە كوچە و كۆڵانەكانی شارەكەدا نمایش دەكرێت.
رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2023، بە سپۆنسەری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاری مەكتەبی سكرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال و دەزگای میدیایی كەركوك، بە ئامادەبوونی جەماوەری شاری كەركوك، حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام دەستی پێكرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.

نمایشەكان جۆراوجۆرن
نەژاد نەجم سەرۆكی فێستیڤاڵەكە رایگەیاند، بیرۆكەی شانۆی شەقام لە سەرەتادا بە بچووكی و لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا كارمان تێداكردووە و تا حەوتەمین فێستیڤاڵ بەردەوام بووین، ئەمەش مایەی دڵخۆشییە بۆ شاری كەركوك.
وتیشی، لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەكی بەرچاو یادی شانۆی سەرشەقام لە كەركوك دەكرایەوە و ساڵ لە دوای ساڵ نمایشەكان فراوانتر دەبوو هونەرمەندان لە دەوڵەتانی دراوسێوە بەشداری تێدا دەكەن، ئەمساڵیش بەشێكی بەرچاو لە ئەكتەرانی كوردستان و ئەكتەرە بەناوبانگە عیراقییەكان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە، هەروەها بەشێكی بەرچاو هونەرمەندانی خۆرهەڵاتی كوردستان و وڵاتانی تر بەشداربوون.

زۆری و هەمەڕەنگی نمایشە شانۆییەكان
سەرۆكی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە كەركوك باسی لەوەشكرد، لە فیستیڤاڵەكەدا چالاكی جۆراوجۆر نمایش كراوە، دەستپێكی فێستیڤاڵەكەدا بە ئاهەنگێكی گۆرانی دەستی پێكرد، چالاكیی دووەم چەند نمایشێكی بووكەڵە بوو كە لەلایەن هونەرمەندانی ئێرانەوە هێنرابوون كە هەر یەكێكیان چوار تا شەش مەتر بەرزبوون، چالاكی سێیەم بریتی بوو لە هەڵپەڕكێی گروپی ئەستێرەكانی سلێمانی، چالاكی چوارەم بریتی بوو لە بوقی سەربازی بۆ سرودە نیشتمانییەكان، لەگەڵ بەشداری پێنج دەهۆڵ و زوڕناژەنی شاری سلێمانی، چالاكی پێنجەم، كارێكی شانۆیی و چالاكی شەشەمیش كردنەوەی پیشەنگایەكی فۆتۆگرافی بوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ فێستیڤاڵەكە 67 نمایشی شانۆیی لە وڵاتانەوە گەیشتۆتە دەستمان، دەتوانین بڵێین فێستیڤاڵەكە دابەش دەبێتە سەر سێ بەشی سەرەكیدا، یەكەمیان شانۆی شەقامە گشتییەكانی كەركوك، بەشی دووەم پێكهاتووە لە شانۆی منداڵان كە ئەكتەری منداڵ و گەورە بەشداری تێدا دەكەن، بەشی سێیەمیش شانۆی ئەكادیمی و زانكۆكانە كە بەرهەمەكان لەلایەن زانكۆی سەڵاحەدین و بەسڕە و تەبرێزەوە هاتوون.

چێژی تایبەتی شانۆی شەقام
محەمەد عەلی ئەكتەری بواری شانۆ وتی، هەموو ساڵێك چاوەڕێی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام دەكەم، چونكە چێژێكی تایبەتی هەیە بۆ ئێمەی ئەكتەرانی بواری شانۆ و دەتوانین زۆر بە خێرایی و بەشێوەی بەرچاوڕوونی پەیامە شانۆییەكانمان بگەیەنینە ئامادەبووان.
وتیشی، ئەم فێستیڤاڵە لە سەرەتادا زۆر بە سادەیی دەكرا، بەڵام ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەچێت هەنگاوی گەورەیان ناوە و پێشكەوتێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە عیراقدا هەیە، بەڵگەش بەشداریكردنی چەندین ئەكتەری بەناوبانگە تیایدا.

دەستپێشخەری شانۆی شەقام
هەوار فارس ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەكە راگەیاند، وەك تیپی شانۆی هەوار هەموو ساڵێك دەستپێشخەری دەكەین و بەشداری فێستیڤاڵی شانۆی شەقام دەكەین، هەموو ساڵێك چالاكییەكان زیاتر فراوانتر دەبێت و ئەكتەری وڵاتانی تر بەشداری تێدا دەكەن، هەروەها بینەرێكی زۆریش لە كوچە و كۆڵانەكانی كەركوكدا سوودی لێدەبینن.
وتیشی، ئەمساڵ هەوڵمانداوە تەوەری شانۆكان بەپێی پێویستی كۆمەڵگە بێت و بەشێك لە نمایشەكانیش تایبەت بوون بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە پارێزگاكەدا.
باسی لەوەشكرد، 24 شانۆ لەناو فێستیڤاڵەكەدا نمایش كراون، كە بەرهەمی گروپە شانۆییەكانی هەشت وڵات و چەندین گروپی دیكەی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بوون، هەروەها پانێڵێكی هونەریمان بۆ هەشت هونەرمەندی كوردستان و عیراق و ئێران و میوانان سازكرد، جگە لە ناساندنی دوو كتێبی تایبەت بە شانۆی سەرشەقام كە لەسەر ئەركی سەندیكای هونەرمەندانی عیراق چاپ كرابوون.
شانۆی سەر شەقام لە كەركوك رابردوویەكی كۆنی هەیە كاتی خۆی ئینگلیزەكان لە كۆمپانیای نەوتی باكوور ئەم جۆرە نمایشانەیان بۆ كرێكارەكانیان دەكرد، بەڵام لە دوایدا توركمان و كوردەكان لەناو شار و قاوەخانەكانیان لە چوارچێوەی حیكایەت خوانیدا شانۆ و چیرۆكەكانیان نمایش دەكرد، بۆیە نموونەی ئەم جۆرە نمایشانە هەر لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە لە كەركوك هەبووە و جۆرەها هونەری شانۆیان پێشكەشكردووە، تەنانەت ئینگلیزەكانیش هونەری شانۆی منداڵانیان بە زمانی ئینگلیزی هێناوەتە ئەم شارەوە، بۆیە كەركوك رابردوویەكی دوور و درێژی هەیە لە شانۆدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان