دەستبەكاربوونی لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە

09:38 - 2023-11-27
کوردستان
300 جار خوێندراوەتەوە

بەئامادەبوونی سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، لە رێوڕەسمێكدا لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە، دەستبەكاربوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە دوێنێ بەڕێوەچوو، ئەبوزێد ساڵح لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی كۆیە وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: «مەڵبەندی كۆیە خزمەتی سەرجەم چینوتوێژەكانی كردووە و هەوڵمانداوە دەستی خزمەت بگەیەنینە سەرجەم گوند و ناوچەكانی سنوورەكە، كە بەشێكی پڕۆژە و خزمەتەكان دیار و بەرچاون، هیوادارم و دڵنیشام كە لێپرسراوی نوێی مەڵبەند ماندوونەناسانە درێژە بە كاروانی خزمەت دەدات».
پاشان، تەحسین نامیق لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە، لە وتەیەكدا، تەئكیدیكردەوە كە «روانگەی من بۆ دەستنیشانكردنی ئەركەكانم كاری رێكخراوەییە، بەڵێن دەدەم وەك یەك تیم كاربكەین و دەسەڵاتێكی كاریگەردەبین و لەو رێگەیەوە بەرنامەكانی حزبەكەمان جێبەجێدەكەین، هیواداریشم لە ئاست پێداویستی و بەرپرسیارێتیدابم».
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن، رایگەیاند: «ئامانجمان لە گۆڕانكاری لە مەڵبەندەكاندا، بۆ گەشەپێدانە بە ریزەكانی یەكێتی و جێبەجێكردنی كارنامە و راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەیە»، وتیشی: كۆیە لەڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە بۆ یەكێتی گرنگە، سوپاسی ئەبوزێد ساڵح دەكەم كە لە رابردوودا یەكێتییانە ئەركەكانی بۆ سنوورەكە جێبەجێكردووە، دڵنیاشین لەوەی تەحسین نامیق ماندوبوون نازانێت و لە هێنانەدی ئامانجەكانی یەكێتی بەردەوام دەبێت، ئێمەش پشتیوانی دەبین».

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان