بازرگانیی ئازاد

09:40 - 2023-11-27
ئابووری
446 جار خوێندراوەتەوە
#به‌نده‌رێكی بازرگانی

ئاده‌م سمیس

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ره‌مزی میره‌كانی


گومانی تێدا نییه‌ كه‌ تاكه‌كان سه‌رمایه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی پیشه‌سازیی ‏ناوخۆییه‌وه‌،  هه‌وڵی زۆریش به‌ مه‌ستی ‏ئاراسته‌كردنی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ ده‌ده‌ن، به‌ ‏ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆرترین به‌های هه‌بێت.‏ به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی بریتییه‌ له‌: زیادكردنی شتێك بۆ بابه‌تێك، یان ‏توخمێك كه‌ ئه‌و پیشه‌سازییه‌ی له‌سه‌ر ‏به‌نده‌ یاخود تێیدا به‌كارهاتووه‌، بڕی قازانجی خاوه‌نكاره‌كه‌ش هاوتا ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌های به‌رهه‌مه‌كه‌یدا، جا زۆر ‏بێت یان كه‌م. 
به‌ڵام خه‌ڵكی ‏سه‌رمایه‌كانیان ته‌نها له‌ پێناوی قازانجدا ‏ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ن سه‌رمایه‌كه‌یان بخه‌نه‌ ئه‌و ‏‏پیشه‌سازییه‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆرترین به‌های ده‌بێت، یان كه‌ ده‌كرێت ‏بگۆڕدرێته‌وه‌ به‌ زۆرترین بڕی گونجاو، له‌ ‏پاره‌ یان كه‌لوپه‌لی دیكه‌،‏ به‌ڵام زۆربه‌ی جار بڕی ده‌ستكه‌وتی ساڵانه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ ته‌واوه‌تی یه‌كسان ‏ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌های له‌باری ‏ئاڵوگۆڕی سه‌رجه‌می به‌رهه‌می ساڵانه‌ی ‏پیشه‌سازییه‌كه‌ی، یاخود روونتر بڵێین یه‌كسان ده‌بێت به‌و به‌هایه‌ی له‌باره‌ بۆ ‏‏ئاڵوگۆڕكردن. 

پیشه‌سازیی ناوخۆیی
هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو تاكه‌كان هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ن، كه‌ سه‌رمایه‌كانیان بخه‌نه‌ ‏خزمه‌تی پیشه‌سازیی ‏ناوخۆییه‌وه‌ و ئاراسته‌كردنی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ كه‌ ده‌شێت ‏به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆرترین به‌های له‌باری هه‌بێت، به‌ هه‌مان ‏شێوه‌ش پێویسته‌ تاكه‌كان ‏تا له‌ توانایاندایه‌، هه‌وڵی زیادكردنی داهاتی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بده‌ن تا ‏به‌رزترین ئاست. ‏له‌و نێوانه‌دا ئه‌و كه‌سه‌ نایه‌وێت تێكڕای قازانجی گشتی ‏زیاد بكات، ئه‌و ئاگاداری ئه‌وه‌ نییه‌ چ زیاده‌یه‌ك ‏پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌ ‏هه‌وڵی پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تیی خۆی ده‌دات، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی به‌باشتر ‏زانینی ‏یارمه‌تیدانی پیشه‌سازیی ناوخۆیی له‌ به‌رامبه‌ر پیشه‌سازیی بیانیدا. 
له‌ ‏كاتی ئاراسته‌كردنی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ ‏ناوخۆییه‌شدا، به‌ شێوازێك كه‌ به‌های ‏به‌رهه‌مهێنانی تا به‌رزترین ئاست زیاد بكات، ئه‌و كه‌سه‌ به‌م كاره‌ ته‌نها خه‌می ‏‏به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی تاكه‌كه‌سیی خۆیه‌تی. ئه‌و كه‌سه‌ له‌م باره‌دا (یاخود له‌ ‏زۆربه‌ی باره‌كانی تردا) به‌ چه‌ند ‏ده‌ستێكی نهێنی به‌ڕێوەده‌برێت‌، كه‌ ئامانجێك یان ‏مه‌به‌ستێكیان هه‌یه‌، یان ئامانجێكه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ ‏ئامانجی ئه‌و تاكه‌كه‌سه‌، ئه‌و راستییه‌ش، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ ئامانجی ئه‌و كه‌سه‌، هیچ زیانێك به‌ ‏كۆمه‌ڵگه‌ ناگه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌و له‌ ‏رێگه‌ی كۆششكردنییه‌وه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی ‏خۆیدا زۆربه‌ی كات قازانجی كۆمه‌ڵگه‌ زیاتر ده‌كات، وه‌كو ‏ئه‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ست ‏ویستبێتی په‌ره‌ی پێبدات.

له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كان باشتره‌ 
هه‌رگیز نه‌بووه‌ شتێكی جوان و باش له‌ ‏كاری ئه‌وانه‌ ‏كه‌وتبێته‌وه‌، كه‌ بازرگانیی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ ‏زۆرله‌خۆكردنێكی ناباوه‌ له‌ نێو بازرگانه‌كاندا و ‏به‌ ته‌نها پێویستمان به‌ چه‌ند ‏وشه‌یه‌ك هه‌یه‌، تا وایان لێبكه‌ین وازی لێبێنن.‏ 
هه‌موو تاكێك له‌ پێگه‌ی خۆیه‌وه‌، ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ‏ده‌ستنیشانی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ ناوخۆییه‌ ‏بكات، كه‌ ‏سه‌رمایه‌كه‌ی تێدا ده‌خاته‌گه‌ڕ و قازانجی پێ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێی تێده‌چێت به‌رهه‌می ئه‌و ‏پیشه‌سازییه‌ ‏به‌رزترین به‌های هه‌بێت، له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌شیدا له‌ سیاسه‌تمه‌دار و پیاوانی یاسا ‏باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر ‏داوای راوێژی لێكرا، له‌به‌رمبه‌ردا ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دار بیه‌وێت ‏كه‌رتی تایبه‌ت ئاراسته‌بكات، به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و ‏شێوه‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵك سه‌رمایه‌كانیان ‏بخه‌نه‌گه‌ڕ، به‌ ته‌نها خۆی به‌و مه‌سه‌لانه‌وه‌ ماندوو ناكات، كه‌ پێویستیان به‌ بایه‌خپێدانه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێك ده‌به‌خشێته‌ خۆی، كه‌ به‌ته‌نها له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه‌ متمانه‌ی ‏پێده‌كرێت، نه‌وه‌كو له‌لایه‌ن هیچ ‏په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نێكی پیرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ‏ده‌سه‌ڵاتێكه‌ كه‌ ده‌كرێت یه‌كجار مه‌ترسیداربێت، ئه‌گه‌ر بكه‌وێته‌ ‏ده‌ستی پیاوێك، كه‌ ‏ئه‌وه‌نده‌ گه‌مژه‌یی و ئازایه‌تی هه‌بێت، تا وای لێبكات هه‌ست بكات له‌ توانایدایه‌ ‏ئه‌و كاره‌ بكات.‏ 

كڕین و فرۆشی نێوان وڵاتان
قازانجی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ بازرگانیدا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌وه‌دایه‌ كه‌ ‏بتوانێت به‌ هه‌رزانترین نرخی له‌بار ‏بكڕێت و به‌ گرانترین نرخی له‌بار بفرۆشێت، ‏به‌م پێیه‌ش وه‌ك بازرگانی لێدێت، له‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، ‏كه‌ ‏مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات. به‌ڵام رێی تێده‌چێت كه‌ به‌ نرخێكی هه‌رزان بكڕێت، ‏كاتێك هانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ‏ده‌دات، بۆ ئازادیی ته‌واوی بازرگانیی، تا بتوانن ‏ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ هاورده‌ بكه‌ن، كه‌ خۆیان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ناوخۆدا ‏به‌رهه‌می بهێنن.‏ 
له‌هه‌مان كاتیشدا و به‌ هه‌مان هۆكار، زۆر له‌باره‌ نرخ به‌رز بكاته‌وه‌، كاتێك ‏بازاڕه‌كان جمه‌یان دێت، له‌ زۆرترین ‏ژماره‌ی له‌باری به‌شداربوان، كاتێك دوو ناوچه‌ بازرگانی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، ئه‌و رێبازه‌ وای بۆده‌چێت، كه‌ ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی بازرگانیی ‏دادپه‌روه‌رانه‌ بێت، به‌و پێیه‌ هیچ كامێكیان زه‌ره‌ر و ‏قازانج ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر تای ته‌رازووه‌كه‌ به‌لای یه‌كێكیاندا ‏چوو، ئه‌وه‌ مانای ‏وایه‌، لایه‌كیان قازانج ده‌كات و لایه‌كی تریش زه‌ره‌ر، ئه‌ویش به‌ هاوگونجاوی له‌گه‌ڵ ‏‏لاربوونه‌وه‌ی ته‌رازوه‌كه‌ له‌ ئاستی ناوه‌ڕاستدا. هه‌ردوو گریمانه‌كه‌ش هه‌ڵه‌ن.‏ ئه‌و بازرگانیانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌كرێن و قۆرخكراون، ده‌كرێت ببنه‌ مایه‌ی ‏زیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ ئه‌و بازرگانییه‌ی ‏دامه‌زراندووه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا. 
به‌ڵام ‏بازرگانیی دوور له‌ هێز و كۆتوبه‌ند، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی و سیستماتیكی ‏جێبه‌جێده‌كرێت ‏له‌ نێوان دوو وڵاتدا، ده‌كرێت به‌رده‌وام سوودبه‌خش بێت، ته‌نانه‌ت ‏ئه‌گه‌ر بێتو یه‌كسانییش نه‌بێت له‌ نێوان ‏هه‌ردوولادا. 
به‌ چاوی ئیره‌ییه‌وه‌ ده‌ڕوانن
به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی له‌و جۆره‌، نه‌ته‌وه‌كان فێری ئه‌وه‌ بوون، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ ‏هه‌ژاركردنی وڵاته‌ ‏دراوسێكانیاندایه‌. ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ وایكردووه‌، نه‌ته‌وه‌كان ‏به‌ چاوی ئیرەییەوە بڕواننه‌ گه‌شه‌ و خۆشگوزه‌رانی ‏نه‌ته‌وه‌كانی تر، كه‌ مامه‌ڵه‌ی ‏بازرگانییان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها قازانجكردنی ئه‌و وڵاتانه‌ش، به‌ زیانی خۆیان ‏‏ده‌زانن. 
بازرگانیكردنی نێوان وڵاتان كه‌ پێویسته‌ سروشتی بێت، وه‌كو بازرگانیی ‏نێوان تاكه‌كه‌سه‌كان وایه‌ (كه‌ وا ‏چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتی و هاوڕێیه‌تی ‏لێ بكه‌وێته‌وه‌) به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،  بۆته‌ خاكێكی به‌پیت بۆ ململانێی و ‏‏دوژمنایه‌تی. 
چاوتێبڕینی گه‌وره‌ی پاشا و وه‌زیره‌كانی ئه‌وروپا له‌ سه‌ده‌ی رابردوو و ‏ئێستادا، كوشنده‌تر و زیانبه‌خشتر ‏نه‌بووه‌ له‌ به‌خیلی و ئیره‌یی بێتامی بازرگان و ‏پیشه‌وه‌ره‌كان. سته‌مكاریی و توندوتیژیی سه‌ركرده‌كان ‏شه‌ڕانگێزییه‌كه‌، كه‌ هاوته‌مه‌نی ‏مرۆڤایه‌تییه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ زۆر مایه‌ی خه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌، چاره‌سه‌رێك نه‌بێت بۆ سروشتی ‏‏په‌یوه‌ندیی مرۆیی، به‌ڵام چاوتێبڕینی قێزه‌ون و گیانی قۆرخكردنی ‏نێو بازرگان و پیشه‌وه‌ركان، ‏كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی مرۆڤایه‌تی نین و ‏ناشبن، راست ناكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری نییه‌ و رێگه‌ی پێناگیرێت، ‏له‌وه‌ی كه‌ چیتر ئارامی ‏خه‌ڵكانی تر نه‌ورووژێنن. 

پێویست به‌ سه‌لماندن ناكات
ئه‌و شته‌ ته‌نها له‌ رێگه‌ی بازرگان و پیشه‌وه‌ركان ‏خۆیانه‌وه‌ ‏دێته‌دی.‏ گیانی قۆرخكردن كه‌ له‌ بنه‌چه‌وه‌ ئه‌م رێبازه‌ی هێناوه‌ته‌ بوون و بڵاوی كردۆته‌وه‌، ‏جێگه‌ی گومان نییه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌ ‏وه‌كو وانه‌ وتوویانه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌رتاوه‌ بانگه‌شه‌یان ‏بۆ كردووه‌، بێگومان كه‌ ئه‌وانه‌ ده‌به‌نگن، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وانه‌ی ‏كه‌ ‏په‌سه‌ندیان كردووه‌ و بڕوایان پێهێناوه‌. هه‌ر وڵاتێك بگریت، به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه‌ی ‏دانیشتوانه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌، كه‌ ‏توانایان هه‌بێت هه‌موو شتێك به‌ هه‌رزانترین نرخی ‏له‌بار بكڕن (كه‌ پێویستیشه‌ به‌رده‌وام وا بێت)، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش ‏ئه‌وه‌نده‌ روونه‌، كه‌ ‏ده‌بێته‌ گاڵته‌جاڕی، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین راستییه‌كه‌ی بسه‌لمێنین و هیچ ‏بواری ئه‌وه‌ی تێدا ‏نییه‌ گومانی لێ بكه‌ین، مه‌گه‌ر بازرگان و پیشه‌وه‌ره‌ ‏لایه‌نگره‌كان بیانه‌وێت بیشێوینن. 
به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان له‌م ‏باره‌دا به‌ ته‌واوه‌تی دژی ‏به‌رژه‌وه‌ندیی زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌.‏ 
به‌هه‌رحاڵ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و سامانداریی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ مایه‌ی ‏مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ له‌ جه‌نگ و ‏سیاسه‌تدا، به‌ڵام له‌ رووی بازرگانییه‌وه‌ زۆر زۆر ‏به‌سووده‌. له‌ كاتی دوژمانكاریدا، ده‌كرێت سه‌روه‌ت و سامان وا له‌ ‏دوژمنه‌كانمان بكات، ‏بتوانن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و سوپای به‌هێز و به‌تواناتر له‌وانه‌ی ئێمه‌ بهێننه‌ ‏مه‌یدان. به‌ڵام له‌ كاتی ‏ئاشتی و بازرگانییدا، ده‌بێت وایان لێ بكات، ‏كه‌لوپه‌له‌كانیانمان له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕ بكه‌ن به‌ نرخێكی به‌رز،  ده‌بنه‌ بازاڕێكی ‏باشتریش، ‏بۆ به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌ راسته‌وخۆكانمان، یان هه‌ر شتێكی دیكه‌، كه‌ ده‌كرێت ‏بكڕدرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ‏به‌رهه‌مانه‌دا. هه‌روه‌كو چۆن ده‌وڵه‌مه‌ندێك ده‌بێته‌ كڕیارێكی ‏باشتر له‌لای خاوه‌ن پیشه‌كان و له‌ هه‌ژارێك بره‌وی ‏زیاتره‌، وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ندیش ‏به‌ هه‌مان شێوه‌ن.

سه‌رچاوه‌:
  ‏ http://chiraiazadi.org

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان