قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە وتارێكدا لە دیداری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، رایگەیاند: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێكی بەرچاوی كۆمەڵگا و تەنانەت لای بەشێك لە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری، پرسێكی پەراوێز بووە.
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوەدا پرسی توندوتیژی دژی ژنان بە تەنها بە حكومەت و رێكخراوەكان چارەسەر نابێت و دەبێت ئەم پرسە ببێتە پرسی هەموان و پێویستی بە كاری پێكەوەیی لەنێوان حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگا هەیە. وتیشی: ناكرێت لە پڕۆسەی گەشەپێدانی كۆمەڵگادا دوو كێشە چارەسەر بكرێت و كێشەكانی دیكە فەرامۆش بكرێن. جەختیشیكردەوە كە یەكێك لەو بوارانەی كە دەبێت گەشەی تێدا بكرێت، باشتركردنی دۆخی ژنان و كەمكردنەوەی ئاستی توندوتیژیی خێزانییە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، قوباد تاڵەبانی، داوایكرد رێكخراوەكان و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان لەپێناوی هۆشیاكردنەوەی زیاتری كۆمەڵگا، پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵك دروست بكەن، میكانیزمێك و شێوە رێكخستنێك دروست بكەن كە بەردەوامی و بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵكدا گفتوگۆ بكەن، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بەشە لە كۆمەڵگا كە رێژەی توندوتیژی لەناویاندا بەرزترە.
لە كۆتایی وتارەكەیدا جەختیكردەوە كە دەبێت هەموان پێكەوە لە بچووكترین كێشەی بەردەم ژنان و كچان هاودەنگ بن تا دەگاتە گەورەترینیان كە كوشتنی بەناو شەرەفە و بەیەكەوە و بە یەكدەنگ بڵێین: «هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە».
سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان لە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-سلێمانی
لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی لە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-سلێمانی بەسەركردەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، عەمید خالید محەمەد قادر بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و عەقید ئەڵوەن محەمەد ساڵح لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان، باسی لە مەترسییەكانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كرد و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ روبەڕوبوونەوەی تاوانبارانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و دەستگیركردنی تاوانباران، دەربڕی.
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەرانی ئاسایش، باسیان لە گیروگرفت و كەموكوڕییەكان كرد و پلانیان بۆ چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی تاوانباران، روونكردەوە.
لە سەردانیشیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-سلێمانی، بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەركردەوە و لەنزیكەوە لە كێشە و كەموكوڕییەكانی كۆڵییەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران، دەستخۆشی لە هەوڵەكانی بەڕێوەبەر و ئەفسەران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كرد لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و توانیویانە ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە مەترسی رزگار بكەن.
داواشیكرد هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهێزتربكەن و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دووپاتكردنەوە.