شه‌هید ناسر دۆڵه‌بی

10:34 - 2023-12-04
ڕاپۆرت
264 جار خوێندراوەتەوە

شه‌هید ناسر قادر حه‌مه‌دئه‌مین ناسراو به‌ ناسر دۆڵه‌بی، ساڵی 1969 له‌ گوندی دۆڵه‌بی-ی شۆڕشگێڕ و ئه‌نفالكراوی ناحیه‌ی بنگردی قه‌زای دوكان له‌ دایكبووه‌.
دۆڵه‌بی یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌كانی دۆڵی جافایه‌تی و ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوایه‌وه‌، شوێنێكی سه‌خته‌ به‌هۆی دووری له‌ شاره‌كان و چیای سه‌خت ده‌وره‌ی داوه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك په‌ناگایه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌كارهاتووه‌ و باره‌گای پێشمه‌رگه‌ی لێبووه‌.
شه‌هید ناسر خوێندنی سه‌ره‌تایی هه‌ر له‌ گوندی دۆڵه‌بی ته‌واوكردووه‌، به‌هۆی نه‌بوونی خوێندنگه‌ی ناوه‌ندی له‌ گونده‌كه‌یدا و دووری له‌ شار، نه‌یتوانییوه‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بدات.
ساڵی 1983 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ تیپی 43ی ئاسۆس، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو چاونه‌ترس بووه‌، له‌ چه‌ندین نه‌به‌ردیی به‌شداریكردووه‌، له‌وانه‌: داستانه‌كانی: دابان-هه‌لاج، قه‌یوان- ماوه‌ت و زینوی سپی و شه‌ڕه‌كانی سنووری سه‌ركردایه‌تی و سه‌رده‌می ئه‌نفال و زۆری دیكه‌، له‌ رزگاركردنی چه‌ندین هاووڵاتی دۆڵی جافایه‌تی له‌ كاتی ئه‌نفالدا، رۆڵی هه‌بووه‌.
ساڵی 1988 ئاواره‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌.
له‌ شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی دوڵی جافایه‌تیدا ته‌واوی خێزان و خوشك و برا و باوكی ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئه‌وشاڵاوه‌ و ده‌ستگیرده‌كرێن، باوك و براكانی ده‌برێنه‌ زیندانی نوگره‌سه‌لمان و هاوسه‌ر و دوو منداڵه‌كه‌شی ده‌برێنه‌ (دبز)ی خوارووی كه‌ركوك، به‌وهۆیه‌وه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك به‌ناچاری خۆی راده‌ستی رژێم ده‌كاته‌وه‌.
له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا به‌شداریی كارای هه‌بووه‌ و رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ئازادكردنی شار و شارۆچكه‌كان.
به‌شداریی گشت شه‌ڕ و نه‌به‌ردییه‌كانی دواتری كردووه‌، ساڵی 2002 چۆته‌ ریزه‌كانی لیوای یه‌كی تایبه‌تی سكرتاریه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال و یه‌كێك ده‌بێت له‌ فه‌رمانده‌كانی هێزی پارێزگاری و پاسه‌وانیی سه‌رۆك مام جه‌لال.
رۆژی 25/8/2005 له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ شاری به‌غدا له‌ ناوچه‌ی عوزێم، كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی تیرۆریستانه‌وه‌ و شه‌ڕێكی سه‌ختیان له‌گه‌ڵ كردن بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات، به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ناسر دۆڵه‌بی و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی دۆڵی جافایه‌تی بوون، شه‌هیدكران.
ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان