فوئاد عوسمان*
بەبۆنەی 10 ساڵەی کۆتایهاتنی ئەرکەکانی تیپی زەیتونی کۆریا لە هەرێمی کوردستان، کەم کەس هەیە کاتێک بە شەقامەکانی شاری هەولێردا گوزەر دەکات لەسەر پاس و بارهەڵگر و تەنانەت لەسەر دیواری ئەو قوتابخانانەی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی هێزەکانی کۆریا لە هەولێر بوون دروستیان کرد دروشمی (ئێمە دۆستی ئێوەین) نەبینیبێت.
دروشمی ئێمە دۆستی ئێوەین، نیشانەی دیارییەکانی کۆماری کۆریای باشوور بوو پێشکەشی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیان دەکرد.
هێزەکانی کۆریای باشوور بە ناوی تیپی زەیتون لە نیسانی 2003 لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر جێگیر بوون و لەپاڵ ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکانیاندا ئەرکی ئاوەدانکردنەوەشیان دەبینی، لەوماوەیەدا خزمەتێکی باشیان بە خەڵکی کوردستان و هەولێر کرد.
بە حوکمی ئەوەی رێکخەری راگەیاندنی کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووم بۆ روماڵکردنی کار و چالاکییەکانیان ئاگاداری ئەو خزمەتانە بووم تیپی زەیتون پێشکەش بە خەڵکی کوردستانیان دەکرد .
لە یادی کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەو هێزە پڕ خزمەتە وەک وەفایەک حەزم کرد هەندێک لەو کارانە بەبیر خەڵک بهێنمەوە کە پێشکەشیان کرد.
خزمەتگوزارییەکانی تیپی زەیتون
لە رووی پەروەردەوە جگە لە مەشقپێکردنی چەندین مامۆستا، زیاتر لە 70 قوتابخانەی 12 و 18 پۆلی مۆدێرنیان بە کەرەستەی پێشکەوتوو دروستکرد و پێداویستی خوێندنیان بۆ دابینکرد.
هاوکارییەکی زۆریان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان کرد کە خۆی لە دابینکردنی چەک و ئۆتۆمبێل و مەشق پێکردنی هێزەکانی پۆلیس و ئەمنیدا بینییەوە.
لە بواری تەندروستیدا، کردنەوەی چەندین بنکەی تەندروستی لە شارۆچکەکانی سنووری هەولێر، هەروەها دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان، بێجگە لەوانە لە رێگای کردنەوەی نەخۆشخانەی زەیتون سەدان هەزار کەس بەبێ بەرامبەر چارەسەری تەندروستییان بۆ کراوە و لە هەندێک کاتدا نەشتەرگەریشیان کردووە، وێڕای ئەوانە لە کاتە پێویستەکاندا هاوکاری تایبەتیان پێشکەش کردووە وەک ناردنی برینداری کارە تیرۆرستییەکان بۆ وڵاتی کۆریا بۆ چارەسەر.
دروستکردنی نەخۆشخانەی گەڕۆک و گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە گوندە دوورە دەستەکان.
لە رووی توانای مرۆیی و پەرەپێدانی پیشەیش لە رێگای بنکەی مەشقی پیشەیی زەیتون و کردنەوەی خولی پیشەیی لە چەندین بواری جیاوازدا چەندین لاوی کورد توانی هەلی کار بەدەست بهێنێت دوای ئەوەی بەشداری لە خولەکانی ئەو بنکەیەدا دەکرد لە بوارەکانی فیتەری، میکانیکی، کەرەستە کارەباییەکان، هەویرکاری و ساردکردنەوە و چەندین بواری تر، دەیان هەزار کەس سوودمەند بوون و توانییان بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دەستەبەر بکەن.
هێزەکانی تیپی زەیتون چەندین گەشتیان بۆ رۆژنامەنووسان و چین و توێژەکانی تر بۆ شارەزا بوون لە دونیای پێشکەوتنی وڵاتەکەیان فەراهەم کرد بەمەش شارەزابوون لەو پێشکەوتنەی کە کۆریای باشوور بەخۆیەوە بینیوە هەر لە بنیادنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ و پەروەردە و...هتد.
کار و چالاکییەکانی تری تیپەکە لە هەرێم
لەگەڵ کۆتایهاتنی ئەرکەکانیان هێزەکانی زەیتون وەک رێزێک بۆ خەڵکی هەولێر کتێبخانەی زەیتونیان پێشکەش بە خەڵکی ئەو شارە کرد ئێستا بۆتە شاکارێکی جوانی شارەکە و رۆژانە بە دەیان کەس سەردانی دەکات و سوود لە کتێبەکانی وەردەگرێت.
وەک زادەی بوونی ئەو هێزانە لە هەولێر ئێستاش رێکخراوی کویکای کۆری بۆ پەرەپێدانی مرۆیی بارەگایان لە هەرێمی کوردستانە و ساڵانە چەندین خولی شیاندن و پەرەپێدانی تواناکان لە کۆریا بۆ کارمەندانی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە لەگەڵ رەخساندنی کورسی خوێندنی باڵا بۆ خوێندکارانی کورد.
لەگەڵ ئەمانە هەموو هێزەکانی تیپی زەیتون بە چەندین چالاکی هونەری، گۆرانی و شانۆ هەوڵی باشیاندا بۆ نزیکبوونەوەی کەلتوری هەردوو گەلی کورد و کۆریا و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوانیاندا.
لەو یادەدا بە سوپاسەوە یادی تیپی زەیتون دەکەینەوە و ئەو خزمەتانەی بە ئێمەیان گەیاندووە لە هزر و بیری ئێمەی کوردا دەمێنێتەوە ئەو هێزە جوانترین نەخشیان لە هزری ئێمەدا نەخشاندووە بۆتە بەشێک لە یادەوەری چەندین لاوی کورد کە لە فێرگەکانی تیپی زەیتون لە بنکەی مەشقی پیشەیی فێری پیشەیەک بوون و هۆکاربوو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ خانەوادەکانیان و ئەوانەش لەسەر رووی پاس و سەر تانکی ئەو قوتابخانانەی دروستیان کرد دروشمی (ئێمە دۆستی ئێوەین) دەبینن.
کشانەوەی تیپی زەیتون لە هەرێم
لە بەرامبەردا چەندین سەرباز و ئەفسەری کۆریا ئێستاش یادی ئەو رۆژانە دەکەنەوە لە هەولێر لە چوارچێوەی هێزی زەیتوندا ئەرکیان بینیوە و بۆتە یادگاری بۆیان، تەنانەت هەندێکیان تائێستاش پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەی کورد هەر ماوە.
شایانی بیرهێنانەوەیە هێزەکانی کۆریای باشوور لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە نیسانی ساڵی 2003 لە هەولێر جێگیر بوون بەناوی (تیپی زەیتون) ژمارەیان سێ هەزار و 566 سەرباز بوو و دوای ئەوەی بە چەند قۆناغێک ژمارەی هێزەکانیان کەم کردەوە و لە کاتی بڕیاردان لەسەر تەواوبوونی ئەرکەکانیان ژمارەیان تەنها 650 سەرباز بوو.
لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی 2008 ئەو هێزانە بڕیاری کۆتایهاتنی ئەرکەکانیان دەرکرد و لە 19ـ20/12/2008 کۆتا سەربازی تیپی زەیتون لە هەولێر کشایەوە.
*رۆژنامەنووس و چالاکوان