لە یادی 34 ساڵەی مەرگەساتی هەڵەبجەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و كەسوكاری سەربەرزیان دادەنەوێنین.
لەم یادەدا رایدەگەیەنین كە لەمساڵدا هەرچی لەتواناماندا بێت كاردەكەین بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەو شەهیدانەی كە لە وڵاتی ئێرانن. ئێسك و پروسكی ئەو ئازیزانەمان گەورەترین بەڵگەن لەسەر یەكێ لە دڕندانەترین تاوانەكانی مێژووی مرۆڤایەتی.
هەروەها بەدواداچوونی تەواو دەكەین بۆ دۆسێی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە و هەوڵی دۆزینەوە و گەڕانەوەیان دەدەین بۆ ناو خێزان و كەسوكارەكانیان لەڕێی پشكنینی DNA . لەگەڵ ئەمەشدا پێداچوونەوە دەكەین بە لیستی قەرەبووكردنەوەكاندا، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە، هەوڵی دابینكردنی زەوییان بۆ دەدەین.
بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ فشاری زیاتر لەپێناوی قەرەبووكردنەوەی تەواوی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە. نوێنەرانی كوردیش لە بەغدا دەبێت ئەم پرسە بكەنە ئەولەویەتی كاری خۆیان.