سپیكردنەوەی پارە

10:09 - 2023-12-10
ئابووری
566 جار خوێندراوەتەوە
سپیكردنەوەی پارە سزای یاسایی هەیە

لە عەرەبییەوە: رەمزی میرەكانی


سپیكردنەوەی پارە كە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت
(Money laundering)، بریتییە لە گۆڕینی بڕێك پارەی زۆر، كە بە شێوازی نایاسایی بەدەستهاتووە، بۆ پارەی خاوێن و بەكارهێنانی لە چالاكی گشتیدا. سپیكردنەوەی پارە بەوەش ناسراوە، شێوازێكە بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی ئەو سەرچاوانەی، پارەیان لێوە بەدەسهاتووە، لە میانی بەكارهێنانی شێوازی وەبەرهێنانی ناڕەوادا و دواتر قازانجەكەی لە چالاكی رەوا و یاساییدا وەبەر دەهێنرێت. سپیكردنەوەی پارە تاوانە و یاسا لێپرسینەوەی لەسەر دەكات، چونكە كاریگەریی نەرێنی بەسەر ئابووری وڵاتانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو تاوانە، رێگە بە تۆمەتباران دەدات، هەڵسوكەوت بە پارەی سپیكراوەوە بكەن و لە چەندین چالاكی گشتیدا وەبەری بێنن، بە مەبەستی شاردنەوەی سەرچاوە ناڕەواكانی و هەروەها یارمەتییان دەدات كارە نایاساییەكانیان فراوانتر بكەن و بڕە پارەی زیاتریش بەدەست بێنن.

ئامرازەكانی سپیكردنەوەی پارە
تۆمەتبارانی سپیكردنەوەی پارە كۆمەڵێك ئامراز بەكار دێنن، كە خۆی لە شێوازی سادە و باو و تا بەكارهێنانی ئامرازی تەكنۆلۆجیاش دەبینێتەوە. دیارترین ئامرازەكانی سپیكردنەوەی پارەش بریتین لە:
بازرگانی ناڕەوا: یەكێكە لە بەناوبانگترین ئامرازە باوەكانی سپیكردنەوەی پارە، كە هەموو كەناڵەكانی بازرگانیكردن بۆ ئاسانكردنی پڕۆسەی سپیكردنەوەی پارە بەكار دێنێت، ئەو بازرگانیكردنەش كاری ناڕەوای وەكو مادە هۆشبەرەكان، چەكی بێ مۆڵەت، دەرمانی كوالێتی نزم و شتی دیكەش دەگرێتەوە.
پەنابردن بۆ كۆمەڵێك دامودەزگای دارایی: ئەو دەزگایانە رۆڵیان لە ئاسانكردنی پڕۆسەكانی سپیكردنەوەی پارەدا هەیە، لە رێگەی دابینكردنی بەرگی یاساییەوە لە چوارچێوەی ئەو كار و چالاكییە داراییانەی ئەنجامی دەدەن، ئەوەش رۆڵی لە گۆڕینی پارەی نایاسایی بۆ پارەی سپیكراوەدا دەبێت.
بەكرێدانی زەوی و زار: كە پشت بە بەكارهێنانی سەرمایەی ناڕەوا، لە كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنانی زەوی و زاردا دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە كڕینی زەوی و زار و پاشان بەكرێدانی بە كەسەكان و دامودەزگاكان، ئەوەش رۆڵی لە گۆڕینی پارەی نایاسایی بۆ پارەی سپیكراوەدا دەبێت.
قەرزەكان: بە یەكێك لە زۆرترین شێوازی بەكارهاتوو لە سپیكردنەوەی پارەدا دادەنرێت، كە پشت بە بەهای سوودی قەرزەكە دەبەستێت، لەو رێگەیەوە پارەی نایاسایی دەدرێت بە قەرز و دوای ماوەیەكی دیاریكراو رێژەیەك لە سوودەكەی بەدەست دێت.
تەكنۆلۆجیای ئینتەرنێت: شێوازێكی تازەی سپیكردنەوەی پارەیە، كە پشت بە گۆڕینی پارەی نایاسایی بۆ وەبەرهێنانی دارایی دیكەی وەكو پشك، قۆچان دەبەستێت، لە رێگەی پەنابردن بۆ وێبسایتی ئەلیكترۆنی، كە وەكو نێوەندی دارایی كار دەكەن، ئەوەش پڕۆسەی وەبەرهێنانی پارەی سپیكراوە ئاسان دەكات.

قۆناغەكانی سپیكردنەوەی پارە
لەبەر ئەوەی سپیكردنەوەی پارە لە بنەڕەتدا كارێكی نایاساییە، ئەوانەی ئەو كارە دەكەن دەزانن هەروا بە ئاسانی ئەو كارەیان بۆ جێبەجێ نابێت، ناچار هەنگاو بە هەنگاو و بە ترسەوە كارەكە دەكەن، لەبەر ئەوە سپیكردنەوەی پارە پشت بە چەند قۆناغێك دەبەستێت لەوانە:
دانانی پارە: یەكەم قۆناغی سپیكردنەوەی پارەیە، كە تۆمەتبارانی سپیكردنەوەی پارە دەیانەوێ لەو رێگەیەوە وەك هەنگاوی یەكەم پارەكانیان لە كۆڵی خۆیان بكەنەوە، ئەویش لە رێگەی دانانی پارەكە لە بانكەكان و دامودەزگاكانی وەبەرهێنانی پارەدا، ئەو پڕۆسەیەش پارەكانیان لە نایاساییەوە بۆ پارەیەكی خاوێن و یاسایی دەگۆڕێت.
كۆكردنەوە: ئەو شێوازەیە، كە تۆمەتبارانی سپیكردنەوەی پارە بۆ كۆكردنەوەی پارەكانیان، لە چوارچێوەی كۆمەڵێك پڕۆژە و وەبەرهێنانی داراییەوە پشتی پێ دەبەستن، ئەوەش هەموو كارە نایاساییەكانیان پەردەپۆش دەكات، چونكە كۆكردنەوە یارمەتی شاردنەوەی پڕۆسەكانی سپیكردنەوەی پارە دەدات.
لێكدان: دوایین قۆناغەكانی سپیكردنەوەی پارەیە، كە لە میانییەوە پارە ناڕەواكان لەگەڵ پارە ڕەواكان تێكەڵ دەكرێت، بەمەش پارەكان تێكەڵاوی یەكتری دەبن و ئەو كات ئەگەر بەدواداچوونیشی بۆ بكرێت لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە، ناسینەوەی ئەستەم دەبێت.
ئەنجامە نەرێنییەكانی پرۆسەکە
سپیكردنەوەی پارە كۆمەڵێك ئەنجامی نەرێنی هەیە، كە كار لە كۆمەڵگە دەكات و زیان بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت كە سپیكردنەوەكە تیایدا رووی داوە، ئەنجامەكانیش ئەمانەن:
ئەنجامی ئابووری: بریتییە لە كۆمەڵێك ئەنجام و دەبێتە هۆی دەركەوتنی كاریگەری نەرێنی بەسەر ئابووری نیشتمانی تایبەت بە هەر وڵاتێك، ئەویش بەهۆی رۆڵی سپیكردنەوەی پارە لە پاشەكشەكردنی بەكارهێنانی سەرمایەی خاوێن و گۆڕینەوەی بە پارەی نا یاسایی، واتە پارەی نایاسایی جێگەی پارەی خاوێن دەگرێتەوە، هەندێك تۆمەتبار هەوڵ دەدەن پارەكانیان لە نێو بازاڕی ئابوورییدا بڵاو بكەنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی پاشەكشەكردنی گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنانی دارایی، ئەو كارەش كاریگەریی نەرێنی بەسەر پارەی خۆماڵی لە چاو پارەی بیانییەوە دەبێت.
ئەنجامی سیاسی: ئەو ئەنجامانە پەیوەستە بە هەڕەشەكردن لە سەقامگیریی سیاسی وڵاتانەوە، ئەویش بەهۆی بەكارهێنانی پارەی سپیكراوە لە خەرجییەكانی پڕۆسە نایاسایی و تاوانكارییەكاندا، كە لەوانەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتێك، هەروەها دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی سیاسیش، لە رێگەی پەنابردن بۆ پارەی سپیكراوە و بڵاوكردنەوەی لە نێو كەرتی میری وڵاتاندا.
ئەنجامی كۆمەڵایەتی: ئەو ئەنجامانە كاریگەری بەسەر تەواوی ژینگەی كۆمەڵایەتییەوە دەبێت، چونكە تۆمەتبارانی سپیكردنەوەی پارە هەوڵ بۆ بڵاوكردنەوەی هەموو جۆرە بازرگانییەك دەدەن، كە باشترین یارمەتییان پێشكەش بكات بۆ سپیكردنەوەی پارەكانیان، لەو پێناوەشدا هیچ بەهایەكی كۆمەڵایەتی یان ئەخلاقی رەچاو ناكەن و پەرۆشی بڵاوكردنەوەی مادە هۆشبەرەكانن لە نێو چینی لاواندا، بەو سیفەتەی شێوازێكی یارمەتیدەرە لە زیادبوونی پارە سپیكراوەكاندا، ئاكامەكەشی رووخانی ژێرخانی بنەڕەتی كۆمەڵگە دەبێت.

بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە
زۆرێك لە وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن بە هەموو شێواز و رێگەیەكی فەراهەم و بەردەست، بەرەنگاری سپیكردنەوەی پارە ببنەوە، بۆیە زۆربەیان یەكەی بەرەنگاربوونەوەی تایبەتیان بۆی دروستكردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش سزای یاساییان دەركردووە بۆ تاوانی سپیكردنەوەی پارە، كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە ناسراوە. كاری ئەو یەكە و دەزگایانە بەدواداچوونی ئەو تاوانەیە، لە رێگەی سەپاندنی سانسۆر لەسەر پارەی گواستراوە، كە بە ئامانجی ناردنە دەرەوەی، یان دانانی لە بانك و وەبەرهێنانی دەستاودەست دەكات، یان دەستكاریكردنی بەهاكەی، یان گۆڕینی بۆ وێنە و شێوازی دیكە، یان بەدواداچوونی هەر پڕۆسەیەكی دیكە، كە بۆنی شاردنەوەی سەرچاوەی ئەو پارانەی لێ بێت، هەر پڕۆسەیەك لەو پڕۆسانەش، چ لە رێگەی تاك یان گروپەوە جێبەجێ بكرێت، بە شێوەیەك لە شێوەكانی سپیكردنەوەی پارە دادەنرێت، ئەوەش وەكو تاوان پۆلین دەكرێت و سزایی یاسایی لە سەرە.  
سەرچاوە: www.mawdoo3.com

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان