پڕۆژەی رۆمانێکی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم جادەڵڵا بە نموونە

لەبارەی ئەزموونی نووسینی دەقی ئەدەبیی هاوبەشەوە

10:45 - 2023-12-11
کەلتور
537 جار خوێندراوەتەوە
#هەموو دەقێکی ئەدەبی لەناواخندا خەسڵەتە مرۆییەکانی نووسەرەکەی پێوە دیارە

ڤینۆس فایەق


لەگەڵ ئەوەی پێشتر قەناعەتم بە نووسینی دەقێکی هاوبەش نەبووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەڵام کاتێک رۆماننووسی ناسراوی میسری ئیبراهیم جادەڵڵا پێشنیازی نووسینی رۆمانێکی هاوبەشی بۆ کردم، سەرەتا رەتم کردەوە، بەڵام ئەو کۆڵی نەدا، دوای ماوەی ساڵێک لە هەوڵدان دواجار رازی بووم، بەڵام مەرجی من ئەوە بوو بابەتی رۆمانەکە من دەستنیشانی بکەم، ئەویش بەڕێزەوە و لەخۆبوردووانە رازی بوو. کەوتینە راگۆڕکێ لەبارەی دەستنیشانکردنی کەشوهەوای رۆمانەکە و کارەکتەرەکان و تەنانەت ناوەکانیان و دەستمان کرد بە نووسین. هەڵبەت من تەقدیرم بۆ بارودۆخی ئەو هەبوو، چونکە کوڕێکی نەخۆشی هەبوو، دوای ماوەیەکی زۆر لە نووسین تاقە کوڕەکەی کە لە تەمەنی 32 ساڵیدا بوو بە نەخۆشی گیانی لەدەست دا، ئەمەش بووە هۆی روخانی باری دەروونی تەواوی خێزانەکەی. ئیتر ئەو دابڕا لە بەردەوامبوون لە نووسینی رۆمانەکە، لە کاتێکدا من بەردەوام بووم و کاتەکەم وەبەرهێنا بە نووسینی حەوت بەش. لەکاتی نووسینی ئەو حەوت بەشەدا هەستم نەدەکرد ئەمە رۆمانێکی هاوبەشە، و بەردەوام بووم. ماوەیەکی زۆری برد هەتا توانیم جارێكی تر پەیوەندی پێوە بکەمەوە و لەبارەی تەواوکردنی رۆمانەکەوە پرسیاری لێ بکەم، چونکە من ئیتر لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و ئەدەبیدا بووم، نەدەبوو سەربەخۆ بڕیار لە هیچ شتێک بدەم بێ گەڕانەوە بۆ ئەو.

ئەگەرچی هەر پێداگریی دەکرد
دوای چەندینجار پەیوەندی لەگەڵیدا، هەموو جارێک داوای دەکرد چاوەڕێی بکەم، بۆ ئەوەی رووداوەکە و بارودۆخی خراپی دەروونی تێپەڕێنێت، منیش لەبەرئەوەی رێزی زۆرم بۆی هەبوو و هەموو جارێک رازی دەبووم چاوەڕێی بکەم. دواجار دوای تێپەڕی‌وونی ماوەیەکی زۆر گەیشتە قەناعەتی ئەوەی ئەو چیدی توانای بەردەوام بوونی نییە، لانیکەم لە حاڵی حازردا، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدا بەهۆی خراپیی باری دەروونییەوە لە دوای کۆچی دوایی کوڕە تاقانەکەیەوە توانای بەرهەمهێنانی هیچ پڕۆژەیەکی ئەدەبیی داهێنەرانەی نییە، ئەگەرچی هەر پێداگریی دەکرد لەوەی پڕۆژەکە دوا بخەین بۆ کاتێک کە ئەو بتوانێت سەرلەنوێ دەست بکاتەوە بە نووسین و بەردەوام بێت لە تەواوکردنی رۆمانە هاوبەشەکە، بەڵام بۆ ئەمەیان من کێشەیەکم هەبوو، ئەویش لە میانەی چاوەڕێکردندا، دەبوو یان منیش لە نووسین بوەستم و لە کەشوهەوای رۆمانەکە دوورکەومەوە، کە ئەوەش دەزانم دواجار بە نیگەتیڤ دەشکێتەوە بەسەر ئەوەی دوای ئەوە دەینووسین، چونکە نووسینی رۆمان واتا ژیان لەناو رۆمانەکەدا، دوورکەوتنەوە لێی نووسەر سارد دەکاتەوە. یان ئەوەتا لە چاوەڕوانیی ئەودا من بەردەوام بم لە نووسین و ئەوەشم کرد تاڕادەیەک، لە کۆی ئەوەی من نووسیم حەوت بەشم نووسی لە کاتێکدا ئەو هێشتا یەک بەشی لەگەڵم نووسیبوو پێش گیان لەدەستدانی کوڕەکەی، بەڵام دواجار پڕۆژەی نووسینە هاوبەشەکەمان لەغوکردەوە، بە هەموو رێزێکەوە، هەر کەس ئەوەی نووسیویەتی بۆ خۆی هەڵگرێ.

ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بوو
بۆ من ئەمە ئەزموونێكی دەوڵەمەند بوو، لەو رووەوە کە تاقیکردنەوە بوو بۆ باوەڕ و قەناعەتم لەبارەی نووسینی هاوبەشی دەقێکی ئەدەبیی وەکو رۆمانەوە. خۆ ئەگەر ئەو هەلومەرجە سەختەی بەسەر نەهاتبا جادەڵڵا، بۆی هەبوو بەردەوام بووینایە و بەرهەمەکەی بکەوتایەتە بەردەست خوێنەر کە هەر بۆ خۆی ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بوو، نووسەرێکی کورد بە هاوبەشی لەگەڵ نووسەرێکی عەرەب دەقێکی ئەدەبی بنووسن.

بۆچی نووسینی دەقی هاوبەش رەتدەکەمەوە؟
بۆچی بیرۆکەی نووسینی دەقێکی ئەدەبیی هاوبەش رەت دەکەمەوە؟ لە دوای رۆمانی (جیهانێکی بێ نەخشە) (عالم بلا خرائگ)ی عەبدولڕەحمان مونیف و جەبرا ئیبراهیم جەبرا، ئەم ساڵانەی دوایی رۆمانی هاوبەش زیاتر بەرچاو دەکەوێت. کەچی ئێستاشی لەگەڵ بێت هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووم هیچ دەقێکی ئەدەبیی وەکو شیعر، پەخشان و وتاریش، چجای رۆمانێک بە هاوبەش لەگەڵ رۆماننووسێکی تردا بنووسم. لەبەر کۆمەڵێک هۆ، لەوانە:
یەکەم: هەموو دەقێکی ئەدەبی لە ناواخنەکەیدا، بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ بەشێکی زۆری خەسڵەتە ئینسانی و ئایدیۆلۆژییەکانی نووسەرەکەی هەڵگرتووە. بۆ نموونە کە رۆمانەکانی ئەلیف شەفەق یان ئەحلام مستەغانمی یان واسینی ئەلئەعرەج دەخوێنمەوە، لە ژێر وشە و رستەکاندا بە سیما و خەسڵەتەکانی نووسەرەکە ئاشنا دەبم. تەنها کەس کە بەرپرسە لەهەموو وشە و دەستەواژە و رستەیەک لە دەقەکەدا، بەڵام لە خوێندنەوەی رۆمانێکی هاوبەشدا ئەم شتە نامێنێت. کاتێک (جیهانێکی بێ نەخشە)م دەخوێندەوە، پەرتەوازە دەبووم، لە هەموو رستە و بڕگەیەکدا مێشکم دەیپرسی ئاخۆ ئەمە مونیف نووسیبێتی یان جەبرا؟ ئەمە وای لێ دەکردم لە ناو بازنەیەکدا خول بخۆم. رەنگە هەموو خوێنەرێک نەکەوێتە حاڵەتێکی لەمجۆرەوە. ئاخر خوێنەر کە رۆمانێک دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت پەیوەندییەک لە رێگەی نووسەری دەقەکەوە لەگەڵ پاڵەوانی رۆمانەکەدا دروست دەکات، هەروەها بە زۆر وردەکاریی کەسایەتی و دنیابینیی نووسەر خۆشی ئاشنا دەبێت. چونکە نووسەرەکە تێکهەڵشی کەشوهەوای رۆمانەکەی دەکات. لە کاتێکدا لە خوێندنەوەی دەقێکی هاوبەشدا لانیکەم ئەم حاڵەتە بۆ من سەخت بوو، واتا نەمتوانی تێکهەڵکێشی کەشوهەوای رۆمانەکە بم، چونکە نەمدەزانی کێ چی نووسیوە؟
دووەم: ئادەمیزادەکان بە جیاوازیی تەمەن، ئاستی مەعریفی و خوێندن و دنیابینی و ئاستی رۆشنبیرییان، جیاوازی لە دەربڕین و گوزارشتەکانیاندا هەیە. لایەنی دەروونی و بیرکردنەوەی ئادەمیزادەکان ئەشوبهێتە پەنجەمۆر کە پەنجەمۆری هیچ ئادەمیزادێک لەسەر رووی زەوی ناشوبهێتە پەنجەمۆری هیچ ئادەمیزادێکی تر. چونکە هەموو هەڵوێستێکی ئینسانی، ئەدەبی، ئایدیۆلۆژی و تەنانەت مێژوویی وێنە گەورەکەن کە دەکرێ لە گشتدا کۆک بین، بەڵام لەژێر ئەو وێنە گەورەیەدا کۆمەڵێ وردەکاریی لە ژمارە نەهاتوو هەن کە مومکین نییە دوو ئادەمیزاد سەد لە سەد وەکو یەک بن. دواجار ئەمەش لەناو دەقێکی وەکو رۆماندا دەبێتە خاڵێکی گەلێک سەرەکی لە هەموو خاڵەکانی تەواوی رۆمانەکە دروست دەکەن.
سێهەم: نووسینی رۆمان واتا ژیان لەناو رۆمانێکدا لە دەرەوەی ئەو واقیعەی خودی نووسەر تیایدا دەژی، ژیانێکی تر لەناو مێژوویەکی تر، و جوگرافیایەکی تردا، و کۆمەڵێ وردەکاریی تر کە بۆی هەیە وەکو تێڕوانینە گشتییەکە دوو کەس لەسەری کۆک بن، بەڵام بێ شک لە وردەکارییەکاندا جیاوازییان دەبێت. رەنگە یەکێک لە کارەکتەرەکان لە مێشکی مندا کورتە باڵا بێت، قژی خاو، چاوی سەوز، بەڵام هاوبەشەکەم، وای ببینێت باڵای بەرز بێت، قژی لوول و چاوی رەش بێت. رەنگە ئەمە بۆ کەسێکی ئاسایی کێشەیەکی گەورە نەبێت، بەڵام هەندێ وردەکاری دەبنە بنەما بۆ کۆمەڵێ وردەکاری تری ناو رۆمانەکە کە لە جێگەیەکی تردا وەزیفەیەکی دەبێت.
چوارەم: جیاوازیی ژینگە و جوگرافیا و زمان و فاکتەرە پەروەردەییەکان و دنیابینییەکان وا دەکەن، دوو کەس کە لە دوو جوگرافیای جیاواز هاتوونەتە دونیاوە و بە پێی پەروەردە مەعریفی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و تەنانەت ئینسانییەکەی، بەجۆرێک ئاستی هوشیاری و فەلسەفەی ژیانی دروستبووە بێگومان تێڕوانینەکان و وردکردنەوەی بیرکردنەوەکان و فاکتەرەکانی بوونەتە هۆی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و دنیابینییە، ئەمانە هەمووی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕدرێن، هەندێ جار لەناو یەک خێزاندا، چجای لە دوو کیشوەری جیا لە یەک بن، و دوو زمانی جیا لە یەک بە هەموو مقەوەماتەکانی ئەو دوو زمانە و دوو نەتەوەی جیا بە هەموو مێژووی ئەو دوو نەتەوەیە، چۆن دەتوانن یەک دەقی ئەدەبیی هاوبەشی وەکو رۆمان بەرهەم بهێنن.
دواجار هیواخوازم پەرە بەو حەوت بەشەی کە من نووسیومە بدەم، و ئومێد دەکەم تەواوی بکەم و لە شێوەی رۆمانێکدا بە زمانی عەرەبی بڵاوی بکەمەوە، چونکە بابەتەکەی وەک پێشنیازم کردبوو بۆ ئیبراهیم جادەڵڵا بابەتێکی نەتەوەییە لە شێوەی چیرۆکیكی راستەقینەدا کە بەشێکە لە مێژووی میللەتی کورد.



ئیبراهیم جادەڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان