نزیکبوونەوە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن

״بافڵ تاڵەبانی بازنەی دۆستایەتی فراوان دەکات بۆ زامنکردنی کاریگەریی سیاسی لە عیراقدا״

10:18 - 2023-12-12
کوردستان
411 جار خوێندراوەتەوە

ئا / جەمال ئارێز

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەردەوامە لە جووڵە سیاسییەکانی بە ئامانجی چەسپاندنی زیاتری پێگەی حزبەکەی لە نەخشەی سیاسیی عیراقدا و فراوانکردنەوەی بازنەی دۆستایەتی لەناو هەرێمی کوردستان و عیراقدا بەگشتی، ئەوەش لەڕێگەی چڕکرنەوەی هەوڵەکانی بۆ دیالۆگ لەگەڵ سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عیراق بە جیاوازیی پێگەیان لە دەسەڵات و ئینتیمای حزبی و ئاڕاستەی حزبی و ئایدیۆلۆژییانەوە.
لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی (العرب)ی چاپی لەندەن، راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا رووماڵێکی کۆی ئەو چالاکییانەی ماوەی رابردووی سەرۆک بافڵ-ی کردووە لەناو هەرێم و عیراقدا، کە ئەمەی خوارەوە پوختەی راپۆرتەکەیە:
لە سەرەتاوە راپۆرتەکە ئاماژە بە دیدارەکانی سەرۆک بافڵ دەکات لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عیراق و سەرۆکی حزبی دەعوە و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، لەو دیدارانەشدا باسی لە دۆخی دژواری هەرێمی کوردستان کردووە کە ئێستا بەدەست کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە دەناڵێنێت کە زۆر بە توندی بەسەر بژێویی و لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا رەنگیداوەتەوە، بەهۆی توندیی بەغداوە لە نەناردنی پارەی پێویست بۆ حکومەتی هەرێم تا بتوانێت مووچەی کارمەندەکانی دابین بکات.
هەروەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بافڵ تاڵەبانی، ئاستی کاریگەریی حزب و لایەنە شیعەکان دەزانێت بەسەر حکومەتی عیراق و ئەو گوشارانەوە کە لە حکومەتی هەرێم دەکرێن، بۆیە دیدارەکەی لەگەڵ هەریەک لە مالکی و خەزعەلی دەچێتە چوارچێوەی کاریگەریی ئەو دوو لایەنەوە و واش پێدەچێت یەکێتی بەهۆی پەیوەندیی و گوتارە میانڕەوانەکەی لەگەڵ لایەنە شیعەکان، گرتنەبەری سیاسەتی نزیکبوونەوەیە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و دەتوانێت زیاتر کاریگەریی دروست بکات.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرۆکی یەکێتی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق، تاوتوێی دۆخی گشتیی وڵات و هەوڵەکانی حکومەتیان کردووە لەپێناوی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و هەردوولاش کۆک بوون لەسەر هاوئاهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا بە مەبەستی چارەسەری گرفتەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە. لەو رووەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەفدی هەرێمی کوردستان کردووە سەبارەت بە گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بە پەنابردن بۆ دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە کە دوو فاکتەری سەرەکین بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان. 
لە دیدارەکەشیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی یەکێتی جەختی لەسەر پەنابردنی لایەنەکان کردۆتەوە بۆ چارەسەری گرفتەکانیان بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەریی دووپات کردۆتەوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، سەرۆکی یەکێتی، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ نوری مالکی، جەختی لەسەر تێکەڵنەکردنی کارتی مووچەی فەرمانبەران کردۆتەوە لەگەڵ موستەحەقاتی دارایی هەرێمدا. 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی حزبەکەی کردۆتەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکوک کە پێویستی بە گۆڕانکاریی ئیداری و پیشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەو دیدارانەی پێشتری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی-ش داوە کە بەر لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا کۆبۆتەوە بەمەبەستی دروستکردنی یەکگوتاریی کوردستانی بۆ چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، کە ئێستا بۆتە گرفت بۆ بژێویی مووچەخۆران و فەرمانبەران.
سەرچاوە: المرصد

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان