قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی خانەقینی کرد و لەگەڵ شێرکۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی، 15ی دیسەمبەری 2023 بە ئامادەبوونی دکتۆر خسرەو گوڵ محەمەد، نوێنەری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنەکانی یەکێتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئێستای خانەقین و ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی دانیشتوانی خانەقین دەبنەوە.
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوای گوێگرتن لە بیر و بۆچوونی ئەندامانی مەڵبەند، رایگەیاند؛ ئەرکی بەرپرسان و کادرانی یەکێتییە لەناو خەڵکدابن و بەدەم داواکارییەکانی هاووڵاتییانی خانەقینەوە بچن، چونکە داواکاری دانیشتوانی خانەقین داواکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردن کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە گرنگیی بەشداری هاووڵاتییان کرد لە هەڵبژاردنەکاندا و داوایکرد؛ بەرپرسان و کادرانی یەکێتی هەموو هەوڵێک بدەن تا خەڵکێکی زیاتر بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
هەروەها داواشیکرد بە چاوکراوەییەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و یارمەتیدەر بن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد تا مافی دەنگدەران نەفەوتێت.
وتیشی: کاندیدەکان پاش سەرکەوتنیان، ببنە خزمەتکاری خەڵک، چونکە ئامانجی بەرپرسیارییەتی دەبێت خزمەتکردن بێت نەک بەرژەوەندی تایبەت.