ئاكار قه‌ره‌داغی
وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له پێشبڕكێیه‌كی به‌رده‌وام و به‌هێزدان بۆ پێشكه‌شكردنی كاره هونه‌رییه جیاوازه‌كان، له هه‌ردوو رووه‌كه‌وه، له رووی هونه‌ری و ناوه‌ڕۆكیشه‌وه. ئه‌وانه‌یش كه ئه‌م كارانه ده‌كه‌ن هه‌موو توانا و لێهاتوویی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی باشترین كاری هونه‌ری كاریگه‌ر و یه‌كێك له خێراترین به‌شه‌كانی هونه‌ریش، كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر بیر و هزری تاك سینه‌مایه.
ره‌نگه به بیستنی وشه‌ی سینه‌ما بیری زۆرێك له بینه‌ران به‌لای سینه‌مای ئه‌مریكی و هۆڵیوود دا بڕوات، بێ ئه‌وه‌ی بیر له ركابه‌ر بكرێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه و بنیاتنراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا دامه‌زراوه‌ی زه‌به‌لاحی وه‌كو هۆڵیوود و په‌یمانگه و خوێندنی ناوه‌ندی و باڵای تایبه‌ت به تێكڕای ئه‌و لایه‌نانه‌وه هه‌یه كه سینه‌ما پێكدێنن. ئه‌مانه سه‌رباری ئه‌زموونی گه‌وره‌ی سیناریست، ده‌رهێنه‌ر، به‌رهه‌مهێنه‌ر و پێشكه‌وتنی ئێجگار گه‌وره‌ی به‌رنامه كۆمپیوته‌رییه یارمه‌تیده‌ره‌كان. به‌و پێیه‌ش كه وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان گرنگییه‌كی زۆر به سینه‌ما ده‌ده‌ن، بۆ نموونه كۆریای باشوور، كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا سینه‌ما وه‌كو سامانێكی نیشتمانی و ئابووری و سیاسی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا به‌كارده‌هێنێت و له‌و ورده‌كارییه هونه‌رییانه‌شدا كه ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر كارگوزاره هونه‌رییه كۆرییه‌كان په‌ره‌ی پێده‌ده‌ن، وێڕای ركابه‌ری له‌گه‌ڵ فیلمه ئه‌مریكییه‌كاندا، هاوكات له زۆربه‌یاندا سه‌ركه‌وتووتریشن. یه‌كێك له‌و فیلمانه‌ش كه لێره‌دا تیشكی ده‌خه‌مه سه‌ر فیلمی (forgotten)ه.
ناسنامه‌ی فیلمه‌كه
(Forgotten)، واته« له‌بیركراو» فیلمێكی كۆریی بنیاتنراو له‌سه‌ر وروژاندنی پشتبه‌ستوو به ئاڵۆزیی چیرۆكی بناغه‌ییه. ساڵی 2017 به‌رهه‌م هێنراوه، ده‌رهێنان و نووسینی (جانگ هانگ جون)ه و ئه‌كته‌رانی فیلمه‌كه (هانگ ها نیوڵ، كیم م‌و یۆڵ) له رۆڵی سه‌ره‌كی و (مون سۆنگ كیون، نا یۆنگ هی) له رۆڵی یاریده‌ده‌ردان. به‌رهه‌م هێنه‌ری فیلم (پارك جۆن سیوك)ه، هه‌روه‌ها هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی (B.A Entertainment, Baram Pictures) كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ن. ماوه‌ی فیلم 109 خوله‌كه، جانگ هانگ جونی ده‌رهێنه‌ر بیرۆكه‌ی چیرۆكی فیلمی له رۆمانی میلی فه‌ره‌نسی (ریشی شین)ه‌وه وه‌رگرتووه و ئامێته‌ی ئه‌وه‌ش كراوه كه یه‌كێك له براده‌ره‌كانی ده‌رهێنه‌ر له‌باره‌ی كه‌سێكی نزیكییه‌وه بۆی گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌و خزمه‌ی له ماڵی خۆیان ده‌چێته ده‌ره‌وه و نزیكه‌ی مانگێك دیار نامێنێت، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی، گۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت و له رووی ره‌فتاری رۆژانه‌وه‌وه ده‌بێته كه‌سێكی ته‌واو جیاواز.
چیرۆكی فیلمه‌كه
رووداوه‌كان له ساڵی 1997ده‌ست پێده‌كه‌ن. گه‌نجێك به ناوی (جین سیوك) ه‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی، كه پێكهاتوون له دایك و باوك و برا گه‌وره‌كه‌ی (ی‌و سیوك) ده‌ڕۆنه ماڵه نوێیه گه‌وره‌كه‌یان كه چه‌ندین ژووری تێدایه له نێوانیاندا ژوورێكی داخراو هه‌یه، جین له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه پێی راده‌گه‌یه‌نرێت توخنی ئه‌و ژووره نه‌كه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شمه‌كی تایبه‌تی خاوه‌نی پێشوی ماڵه‌كه‌ی تێدایه، به‌ڵام چه‌ندین جار ده‌نگی نائاسایی لێوه دێت و جین چه‌ندین جار خه‌ونی ناخۆش و نیمچه ترسناكی پێوه ده‌بینێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی وه‌ك تارماییه‌كی لێدێت. به‌ڵام ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی هه‌میشه دڵی ده‌ده‌نه‌وه و به‌وه ترسه‌كه‌ی ده‌ڕوێننه‌وه كه پێی راده‌گه‌یه‌نن ئه‌و ژووره هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و هۆكاری هاتنه مێشكی ئه‌و رووداوانه‌ی نه‌خواردنی ده‌رمانی گۆشه‌گیرییه‌كه‌یه‌تی له كاتی خۆیدا.
بارودۆخی جین به رووداوێكی نه‌خوازراو ئاڵۆزتر ده‌بێت، كۆمه‌ڵه كه‌سێك (ی‌و)ی تاقه برا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌ڕفێنن، كه سه‌رچاوه‌ی هێز و مایه‌ی شانازییه‌تی. ی‌و بۆ ماوه‌ی 19 رۆژ دیار نامێنێت، پاش ئه‌و ماوه‌یه له ناكاو ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، به‌ڵام، ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی ئه‌وی به ته‌واوی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ست و كه‌سایه‌تی گۆڕاوه و جیاوازه له‌وه‌ی براكه‌ی پێشتر هه‌یبوو. لێره به دواوه گه‌شتی جین بۆ دۆزینه‌وه‌ی رازی ئه‌و گومانانه‌ی لای دروست بووه، له‌باره‌ی براكه‌یه‌وه، ده‌ستپێده‌كات. تا ئه‌وه‌ی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت بابه‌ته‌كان زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن كه ئه‌و بیری لێ كردوونه‌ته‌وه و ئه‌و رووداوانه‌ش په‌یوه‌ندیان به براكه‌ی و رابردوو و ئێستای جینیشه‌وه هه‌بووه هه‌موو خه‌یاڵ بوون. ته‌نانه‌ت ژیانی راسته‌قینه‌ی خۆیشی ئه‌وه نییه تا ئێستا وێنای كردووه و پێیوایه ئه‌وه راستییه‌كه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌و پرسیاره گرنگه‌ش زه‌ق ده‌بێته‌وه كه به‌ڕاستی (جین) چی له‌باره‌ی خێزانه‌كه‌ی خۆیان و ژووره داخراوه‌كه‌ی ماڵه تازه‌كه‌یان و رابردوویه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی فیلمه‌كه
هه‌رچه‌نده ئه‌م فیلمه له بنه‌ڕتدا ترسناك نییه، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر شێوازی به دوای یه‌كدا هاتنی به‌كارهێناوه وه‌كو ده‌نگ و جووڵه‌ی له ناكاو یاخود كامێرای جێگیر و تیشك خستنه سه‌ر شوێنێك، پاشان له ناكاو گۆڕینی بۆ دیمه‌نێكی تر كه تێكڕای ئه‌مانه‌ش زیاتر له فیلمه ترسناكه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن.
بێگومان رووداوه شاراوه و نادیاره‌كان به‌شی سه‌ره‌كی و گرنگی ئه‌م فیلمه‌ن، بینه‌ر سه‌ره‌تا دیمه‌نی خه‌ونێكی گوماناوی جین ده‌بینێت كه ناچاری ده‌كات به ترسه‌وه به‌ئاگابێته‌وه. پاشان دیمه‌نی گه‌یشتنیان به ماڵه نوێیه‌كه، كه یه‌كه‌م جاره ده‌یبینن و جین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر هه‌ست ده‌كات به‌وه‌ی پێشتر ئه‌و شوێنه‌ی بینیوه. هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ی سه‌ره‌تا پرسیار لای بینه‌ر دروست ده‌كات و وای لێده‌كات، به هیوای دیتنی كۆمه‌ڵێ رووداوی سه‌یر، چاوه‌ڕوانی پاشماوه‌ی فیلمه‌كه بێت.
چیرۆكی فیلم به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه ئه‌كته‌ری كه‌م له‌خۆ بگرێت و ته‌نها دوو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی و دوو ئه‌كته‌ری یاریده‌ده‌ر، تێكڕای ئه‌وانی دیكه ته‌نها بۆ كردنه‌وه‌ی گرێی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه به‌كارهێنراون كه په‌یوه‌ندیی به‌و گۆڕانه گه‌وره‌یه‌وه هه‌یه له كه‌سێتیی (جین) دا هاتۆته ئاراوه. بۆیه سه‌رنج زیاتر به‌سه‌ر ئه‌ندامانی خێزانی جیندا چڕكراوه‌ته‌وه. له سه‌ره‌تادا رۆڵی تێكڕای ئه‌كته‌ران له‌م فیلمه‌دا ئاسایی دێنه پێش چاو، به‌ڵام له پاشاندا ده‌رده‌كه‌وێت رۆڵه‌كانیان به‌پێی هه‌لومه‌رجه‌كانی فیلم ده‌گۆڕێت و هه‌ر یه‌كێكیان ئه‌ركێكی تایبه‌تی له ئه‌ستۆدایه ده‌بێ بیكات، به‌تایبه‌ت پاش تێپه‌ڕ بوونی نیوه‌ی فیلم، ته‌نها رۆڵی جین نه‌بێت تاڕاده‌یه‌كی زۆر جێگیری پێوه دیاره و عه‌وداڵی پتر دڵنیابوونه له راستییه‌كان.
ده‌رهێنه‌ر زۆر به باشی توانی ده‌ست به‌سه‌ر رووداوه‌كاندا بگرێت و به‌و ئاراسته‌یه‌یان ببات كه له خزمه‌تی هه‌ڵكشانی درامی رووداوه‌كاندان. كۆنترۆڵكردنی رووناكی و سێبه‌ر به‌تایبه‌ت له شوێنه داخراوه‌كان، كه به‌شێكی زۆر و گرنگی فیلمی پێكهێناوه، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی شوێن و گۆڕینی كات و گونجاندنی له‌گه‌ڵ جووڵه و روخساری ئه‌كته‌ران بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی درامی، هاوكات سوود وه‌رگرتن له‌هه‌ر چركه‌یه‌ك له تێكڕای رووبه‌ری داهێنه‌رانه‌ی دابه‌شكردنی كاتی ده‌رهێناندا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ هیچ دیمه‌نێكی ناپێویست له فیلمه‌كه‌دا به‌دیناكرێت، هه‌موو ئه‌م خاڵانه بوونه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه هونه‌رییه باشتر بێته پێش چاوی ره‌خنه‌گرانی گه‌وره‌ی بواری سینه‌ما و پێش چاوی بینه‌رانی راسته‌قینه‌ی ئه‌و هونه‌ره‌شدا.
تراژیدیا به به‌شێكی سه‌ره‌كی و هاوبه‌ش له فیلم ودراما كۆرییه‌كان داده‌نرێت. بینه‌ر له كاتی ته‌ماشاكردنی به‌رهه‌مه كۆرییه‌كاندا، كه‌م تازۆر، تێبینی تراژیدیا و رووداوه خه‌ماوییه‌كان ده‌كات. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ مێژووی سه‌ختی كۆرییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌چه‌ندین قۆناغی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه. ره‌نگدانه‌وه‌ی تراژیدیا له‌م فیلمه به زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت له كه‌ساییه‌تی جین، كه به‌هۆی رووداوێكه‌وه ژییانی دابه‌ش بووه بۆ دوو به‌ش: به‌شێكیان جین به‌وپه‌ڕی ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به به‌خته‌وه‌ری ده‌ژین، به‌شه‌كه‌ی تر لایه‌نه تراژیدییاكه‌یه‌تی كه برینێكی قووڵی له ناخی جیندا هێشتۆته‌وه و كاریگه‌ریی ئه‌و برینه به ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌زه‌بره كه جین رابردووی به ته‌واوی له‌یاد كردووه.
فیلمی forgotten بێگومان به یه‌كێك له باشترین كاره هونه‌رییه‌كان داده‌نرێت و ده‌توانرێت به یه‌كێك له باشترین فیلمه وروژێنه‌ره‌كانی جیهان پۆڵێن بكرێت كه كه‌شێكی پڕ له رووداوی پێشبینینه‌كراو و به‌چێژ بۆ بینه‌ر ده‌ڕه‌خسێنێت.