له فارسییه‌وه/ جه‌واد حه‌یده‌ری
هه‌ریه‌ك له ئێمه هه‌ندێكجار له ماڵه‌وه یان له شوێنی كار تووشمان به تووشی كه‌سێكی تووڕه‌وه ده‌بێ، لەدۆخیکی لەوجۆرەدا ده‌توانین به وتنی رسته‌یه‌ك چه‌ند وشه‌یه‌ك كه‌سه تووڕه‌كه هێور و ئارام بكه‌ینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ هه‌موو جارێ دۆخه‌كان وه‌ك یه‌ك نین و جیاوازن. بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به ته‌واوه‌تی گره‌نتی ئه‌وه نییه كه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بێ. هه‌ر بۆیه باشتر وایه خۆت له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بگونجێنی و په‌یوه‌ندییه‌كی دروست له‌گه‌ڵ كه‌سی تووڕه دروست بكه‌ی. بۆ نموونه ئه‌و شێوازانه‌ی خواره‌وه ده‌توانن چاره‌سه‌ر بن.
پاراستنی ئارامی
1. گرنگی به خۆت بده
تووڕه‌یی كه‌سی به‌رامبه‌ر پێده‌چێ وا بكات تۆش هه‌مان هه‌ستت هه‌بێ، له‌وه‌ها دۆخێك‌دا ده‌بێ ئارام بی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌شت هێور بكه‌یته‌وه. بۆ نموونه هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵمژه، یان بێده‌نگ به.
2. خۆت له مشت‌ومڕ دوور بخه‌ره‌وه
كاتێك ده‌بینی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت تووڕه‌یه، تووڕه‌بوونی تۆش دۆخه‌كه خراپتر ده‌كات، كه‌وابوو ئارام به، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه به مشت‌ومڕ كۆتایی پێنه‌یه‌ت. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه كه بێهه‌ست و هه‌ڵوێست بی، به‌ڵام رێگه مه‌ده هه‌سته‌كانت به‌سه‌رتدا زاڵ بن. یه‌كێك له رێگه‌كان ئه‌وه‌یه كه واز له خۆپه‌سه‌ندی بهێنه و شته‌كان مه‌كه به شتێكی تایبه‌تی و كه‌سێتی. له‌بیرت نه‌چێ له‌گه‌ڵ كه‌سی تووڕه ناتوانی به لۆژێك و ژیرانه قسه بكه‌ی تا ئه‌و كاته‌ی كه هێور ده‌بێته‌وه.
3. دۆخه‌كه ئاڵۆزتر مه‌كه
كاتێك كه‌سێك تووڕه‌یه، سه‌خته بتوانی به تۆنێكی ئارام قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ی، چونكه ئه‌و شێوازی به‌رگری گرتۆته‌به‌ر، كه‌وابوو هه‌وڵبده هه‌ستی خۆت له‌گه‌ڵ هه‌ستی ئه‌و جیا بكه‌یته‌وه، له‌وانه‌یه تووڕه‌بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندیی به تۆوه نه‌بێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا یارمه‌تی بده بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بێته‌وه.
4. وه‌ك خۆت بمێنه‌وه
زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تووڕه ده‌بن رووداو یان قسه‌كانی رابردوو دووباره ده‌هێننه‌وه گۆڕێ بۆ ئه‌وه‌ی تووڕه‌ت بكه‌ن، لەحاڵهتێكی وادا هه‌وڵبده هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كه‌ی و پێشنیاز بكه كه دواتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته پێكه‌وه قسه بكه‌ن .
5. بێده‌نگ بوون
كاتێك كه‌سی به‌رامبه‌رت هاوار ده‌كات و به نیازه تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌رتدا به‌تاڵ بكاته‌وه، باشتر وایه هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كه‌ی، چونكه ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی راكه‌ر وایه كه به خێرایی 80 كیلۆمه‌تر له سه‌عاتێكدا راده‌كات و بۆ ئه‌وه‌ی خاو بێته‌وه پێویستی به كات هه‌یه، تۆش ئه‌و كاته‌ی بۆ بڕه‌خسێنه، ته‌نها گوێ له هه‌ستی بگره و هیچ قسه‌یه‌ك مه‌كه. هه‌وڵبده له رێگه‌ی زمانی جه‌سته‌وه خاویی بكه‌یته‌وه، ئه‌گه‌ر وات كرد كه‌سی به‌رامبه‌ر زیاتر به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ ده‌بێ. ئه‌گه‌ر قسه‌ی ناشیرینی پێ وتی، هه‌وڵبده ئارام بی و به زمانێكی نه‌رم و هێدی پێی بڵێی « لێت تێده‌گه‌م و ده‌مه‌وێ یارمه‌تیت بده‌م، به‌ڵام تكایه تووڕه‌بوونی خۆت به‌سه‌ر مندا به‌تاڵ مه‌كه.»
شێوازه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی تووڕه‌یی كه‌سێك
1. داوای لێبووردن بكه
ئه‌گه‌ر كارێكت كردووه كه بۆته هۆی تووڕه‌بوونی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، داوای لێبووردن بكه، چونكه پێویستی پێیه‌تی، داوای لێبووردن كردن نیشانه‌ی لاوازی نییه، به‌ڵكو نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت لاگرنگه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ت كردووه داوای لێبووردن بكه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شت نه‌كردووه له‌به‌ر دڵی ئه‌و داوای لێبووردن مه‌كه.
2. پێی مه‌ڵێ ئارام به
كاتێك كه‌سێك تووڕه‌یه له‌ڕاستیدا هه‌ست به سه‌ر عه‌قڵدا زاڵه و به‌شی عه‌قڵانی مێشك كار ناكات كه‌وا بوو هه‌رگیز پێی مه‌ڵێ ئارام به، چونكه ئه‌و قسه‌یه زیاتر ئه‌و تووڕه ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێیی ئارام به، خۆت ئارام به. چونكه ئه‌گه‌ر پێت وت ئارام به له راستیدا ناڕاسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێی تووڕه‌ییه‌كه‌ت له شوێنی خۆیدا نییه و ئه‌مه‌ش زیاتر تووڕه‌ی ده‌كات.
3. گوێگرێكی باش به
كاتێك كه‌سێك تووشی هه‌ڵچوون و هه‌ستیاری ده‌بێ، پێی خۆشه كه‌سانی دیكه لێی تێبگه‌ن و گوێی لێبگرە، له‌و حاڵه‌ته‌دا گوێ بگرە و سه‌یری چاوه‌كانی بكه‌ن، پرسیاری لێ بكه‌ن، چونكه كاتێك مرۆڤ قسه ده‌كات و هه‌ست ده‌كات گوێی لێده‌گیرێ زیاتر ئارام ده‌بێته‌وه. هه‌ندێكجار كه‌سی تووڕه پێی خۆش نییه پرسیاری لێبكرێ لەو حاڵه‌تەدا بێده‌نگ به.
4. هه‌ستی كه‌سی تووڕه له‌به‌ر چاو بگره
هه‌ندیكجار له پشت تووڕه‌ییه‌وه چه‌ندین هه‌ستی شاراوه هه‌یه هه‌ستی بێزاری، شه‌رمه‌زاری و دڵته‌نگی، هۆكاری تووڕه‌بوونی كه‌سه‌كه هه‌رچییه‌ك هه‌یه گوێی لێبگره به بێ ئه‌وه‌ی تووڕهییهكت پێ باش بێ یان هه‌ڵه، خۆت له بڕیاردان به دوور بگره و ته‌نها هه‌ستی ئه‌و له‌به‌رچاو بگره. بۆ نموونه بڵێ: هه‌ست به تووڕیی و بێزاربوونت ده‌كه‌م. پێی مه‌ڵێ واز بێنه یان قسه مه‌كه. ئه‌مه زیاتر تووڕه‌ی ده‌كات.
5. هاوسۆزبە لەگەڵی
ده‌ربڕینی هاودڵی و هاوسۆزی و هاوخه‌می بۆ كه‌سێك كه تووڕه‌یه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كه‌سی تووڕه هه‌ست به‌وه بكات كه كه‌سێك یان كه‌سانێك هه‌ن له هه‌ست و ده‌روونی ئه‌و تێبگه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه گوێی لێ بگری و بزانی بۆچی تووڕه‌یه و چی ده‌وێ خۆی هه‌ست ده‌كات كه گرنگی پێده‌درێ. بۆ نموونه ده‌ربڕینی هاودڵی و هاوسۆزی بۆ كه‌سی تووڕه ئه‌وه‌یه كه هۆكاری تووڕه‌بوونه‌كه‌ی بۆ دووباره بكه‌یته‌وه، پێی بڵێ» ده‌زانم بۆ تووڕه‌ی، هه‌قت پێ ده‌ده‌م.» تا ده‌توانی خۆت له به‌كارهێنانی وشه‌ی « من» و « تۆ» به دوور بگرە، چونكه هه‌ندێكجار ده‌بنه هۆی شه‌رمه‌زاری كه‌سی به‌رامبه‌رت یان زیاتركردنی تووڕه‌ییه‌كه‌ی.
6. نوكته و قسه‌ی خۆش بكه
هه‌ندێكجار گێڕانه‌وه‌ی نوكته و به‌سه‌رهاتی خۆش ده‌توانێت تووڕه‌یی كه‌سی به‌رامبه‌ر كه‌م بكاته‌وه و دۆخه‌كه بگۆڕێت و ئارامی بكاته‌وه.
7. پرسیاری نابه‌جێ و نه‌گونجاو بكه
بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی تووڕه هێور بكه‌یته‌وه هه‌وڵ مه‌ده پرسیاری جدی بكه‌ی، به‌ڵكو په‌نا بۆ پرسیاری نابه‌جێ و نەگونجاو به‌ره بۆ ئه‌وه‌ی له دۆخی تووڕه‌بوون ده‌ربازی بكه‌ی بۆ نموونه بپرسه ده‌توانم لهفهیهكت بۆ بكڕم، یان دایكت چۆنه؟ یان بۆ رۆژانی جه‌ژن پلانت چییه؟ ئه‌م پرسیارانه ده‌بنه هۆی خاوبوونه‌وه‌ی كه‌سه‌كه.
8. پێشنیازی كارێك بكه
ئه‌گه‌ر ویستت كه‌سێكی تووڕه سارد بكه‌یته‌وه پێشنیازێكی وه‌ك چوون بۆ سه‌یران یان خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك بكه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه مێشكی كه‌سی تووڕه ئارام و هێدی ببێته‌وه.
9. كات به كه‌سه‌كه بده
هه‌ندێك كه‌س هه‌ن به سروشتی خۆیان قسه‌خۆشن، به‌ڵام هه‌ندێك كات پێیان باشه كه ته‌نیا بن، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه تووڕه بوو له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌ری بخه‌یته سه‌ر یان قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ی، كاتی پێبده بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا بێ. چونكه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی تووڕه خاو بێته‌وه پێویستی به كات هه‌یه كه‌وابوو كاتی پێببه‌خشه.
یه‌كێك له خاڵه گرنگه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی تووڕه هێور بكه‌یته‌وه ئه‌وه‌یه كه داوای لێ بكه‌ی كه به‌سه‌ر هه‌ستی خۆیدا زاڵ بێ، هه‌ڵبه‌ته نابێ كه‌سه‌كه ناچار بكه‌ی، به‌ڵكو زه‌مینه‌ی بۆ فه‌راهه‌م بكه بۆ ئه‌و شێوەیەی كه عه‌قڵت رێگه‌ت پێده‌دات. ئه‌وه‌ش بزانه كه هه‌ندێكجار هه‌ندێك كێشه هه‌یه له درێژخایه‌ندا چاره‌سه‌ر ده‌بن، چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ری كورتخایه‌ن مه‌كه.
خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر زانیت كه‌سه‌كه وا به زوویی هێور نابێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه قووڵتر نه‌بێ، شوێنه‌كه به‌جێبهێڵه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانی كه تووڕه‌بوون و سووكایه‌تی پێكردن یه‌ك شت نین و جیاوازن، تووڕه‌یی هه‌ستێكی سروشتی مرۆڤه كه پێویسته كۆنترۆڵ بكرێ، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وت رێگه‌یه‌كی خراپ و ناته‌ندروسته و پێویسته كاری له‌سه‌ر بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه خراپه‌كه چاك بكرێته‌وه.
ئه‌نجام
هێوركردنه‌وه‌ی كه‌سێكی تووڕه سه‌بر و دانبهخۆداگرتنێكی زۆری ده‌وێ، بۆیه كاتێك كه‌سێك زۆر تووڕه‌یه، خۆت دوور بگره له به‌كارهێنانی وشه‌ی» ئارام به«،» بێده‌نگ به«، چونكه ئه‌و وشانه له‌بری ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئارام بكاته‌وه، زیاتر ده‌یشێوێنێ. كه‌وابوو باشتر وایه گوێ له كه‌سی تووڕه بگیرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه بكات كه گوێی لێده‌گیرێ و ورده ورده خاوبێته‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌سی تووڕه داوای لێبووردنیشی نه‌كرد، باشتر وایه كاتی پێبدرێ بۆ ماوه‌یه‌ك تا دێته‌وه سه‌رخۆ. ئه‌وه‌ش بزانن كه تووڕه بوون شتێكه كه له‌ناو ناخی هه‌موو مرۆڤێكدایه و به‌پێی هه‌لومه‌رج و دۆخ ده‌ریده‌بڕێ.
سه‌رچاوه/ سایت چطور