هیبە فەیسەڵ
هەرکاتێک مرۆڤ (ئەوانەی دەستیان لە ئاگرەکەدا نییە) هەواڵی رۆیشتنی دایکێک دەبیستن، زۆر بە ئاسانی و بە کۆڵێک لۆمەکردنەوە ئەم قەدەرە لە زۆرینەی دانیشتن و کۆبوونەوەکاندا دەکەنە خوان.
ئەم جۆرە دایکانە بە چەندەها سیفاتی نامرۆڤانە و بگرە بە رەهایی تاوانی ئابڕووبەریان دەدرێتە پاڵ. لەوکاتەی ئێمە سەرقاڵی سەروبەندی ئەم تاوان بەخشینەوەیەین، درکمان نامێنێ کە چۆن رۆچوونێکی قووڵ و دوورمەودا بکەین بۆ بنەمای کێشەکە.
دەرهاویشتەکانی بەجێهێشتنی منداڵ
رۆچوونێک بۆ تێگەیشتنی ئەم فینۆمینە نەک بۆ پشتگیری، چونکە لە راستیدا نە ئیش و نە ئەرکی تۆیە ئیدانە یان دەستخۆشی لەم جۆرە کردار و دایکانە بکەیت، بەڵام ئەرک و کاری منە ئاوریشمێک لە رووناکی، گەر لە کڵاوڕۆژنەیەکی ساکاریشەوە بێت بخەمەڕوو. ئەمەش وەک رێزێک بۆ ئەو منداڵانەی هەمیشە دەبنە قوربانی کردارە نەخوازراوەکانی گەورەکان.
دەتوانم بڵێم جێهێشتنی منداڵ لەلایەن یەکێک لە باوانەوە فینۆمینێکە کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەیە. بڕیارێکی بە ئازارە، تراژیدیایەکە بەرکەوتە و دەرئەنجامی درێژخایەنی بۆ منداڵەکان بەتایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە. بڕیارێکی هەنوکەیی سادە نییە، بەڵکو لە دەرئەنجامی کۆبوونەوە و دەرهاویشتەی، کۆمەڵێک پرسیاری وەک، بۆ؟ چۆن؟ لە کوێ و کەی؟...هتد. ئەم پرسیارانە دەبنە رۆژژمێری نەفەسە پڕ ئازار و پەنگخوراوەکانی ژیان.
جگە لە لایەنە دەروونییەکە، هەندێکی دی لەو هۆکارانە ئەمانەن: کەمدەرامەتی، ئالودەبوونی یەکێک لە دایک و باوکەکە بە ئەلکهول یان مادەیەکی هۆشبەر یان قومار و...هتد.
دروستکردنی منداڵ بە تاکلایەنە، کەڵەکەبوونی ناڕەزایی و ناکۆکییەکانی رۆژانەی ژیانی هاوبەش، کە خودی خۆت نیت بەرامبەر ئەوی دی. ئەمەش لە ئەنجامی دەرنەبڕینی هەست و قبووڵکردنی تانە و قسەی شکێنەری رۆژانە کە دوو هاوسەر بە راستەوخۆ یان وەک توانج رەوانەی یەکتری دەکەن.
بۆ نموونە، منداڵەکانت تەربیەتی خۆتن بۆیە وا دەرچوون، یان تۆ هەر بەمن فێری، یان هیلاکی چیت؟ رۆژی ئەمڕۆ تۆ چیتکردووە؟ ئەمانە و چەندەها توانجی جەستەیی و بگرە جنسیش کە دەبێتە تیرۆری عەقڵ و هزر و دەروون.
تێنەگەیشتن لە مانای ژیانی هاوبەش
هەرزەیی و پێنەگەیشتن و تێنەگەیشتنی دایک و باوک لە مانای ژیانی هاوبەشی و مانای بوونی منداڵ وەک ئەرک و خۆشی و جوانییەکی هاوبەش.
بەداخەوە کەمن ئەو گەنجانەی پێش ئەوەی هەنگاوی ژیانی هاوبەش بنێن، بیر لە مانای پڕاوپڕی ئەو هەنگاوە دەکەنەوە.
لەپاش ئەمەش مانای دروستکردنی منداڵ و لەسەر چ بناغەیەک و بۆ؟ منداڵ تەنها بۆ دروستکردن نییە. هاتنە دونیایان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بۆ خێزان دەهێنێ لەگەڵ خۆی. مەرج نییە ئەم گۆڕانکارییانە هەمیشە پۆزەتیڤ بن. منداڵ واتە شەونخوونی، نەخۆشی، گرنگی پێدانی دەروونی بەردەوام، واتە قوتابخانە و ئامۆژگاری و فێربوون.
لە هەمانکاتدا راگرتنی ماڵ و کاسبی و بەڕێکردنی میوان. هاتنی منداڵ دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دایک و باوک و بوونی کات بۆ گفتوگۆ و تێڕوانینی هاوبەش بۆ ناخی یەکتر، نەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی قۆناغەکانی ژیانی هاوبەشی و کارێکی میکانیزمی جەستەیی و بەس.
خەمۆکی دوای منداڵبوون
بەڕێزان، لە هەموو ئەم هۆکارانە گرنگتر توشبوونی یەکێک لە باوان بە خەمۆکی دوای منداڵ بوون. خەمۆکی دوای منداڵ بوون تەنها تووشی دایک نابێت، بەڵکو تووشی باوکانیش دەبێت. ئەم جۆرە خەمۆکییە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆرە بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی، چونکە نادیار و شاراوەیە. نیشانەکانی لە نەخۆشی دی دەچێ و توشبوو فریو دەدات. دایک تووشی خەم و دڵتەنگی و دەستبەردان لە ژیان دەکات. هەندێکجار رقیان لە منداڵی خۆیان دەبێتەوە و فەرامۆش و برسییان دەکەن. ئەشکەنجەیان دەدەن و پاشان پەشیمان دەبنەوە. خۆیان بە شایەنی ئەرکی دایکایەتی نابینن و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا منداڵەکانیان دەخنکێنن. ئەم جۆرە خەمۆکییە جگە لە چارەسەری پزیشکی بە دەرمان، دەتوانرێت بە دیاریکردنی کاتی پشوو و رێکخستنی ژیانی رۆژانە و بەشکردنی ئەرکەکان چارەسەر بێت و تێپەڕێنرێت.
منداڵ مانابەخشە بۆ ژیان. لە هەندێک کاتدا جوانترین و پاکترین پاسارین لە چاوی دایک و باوک. لە لایەکی دیش ئەرکێکی قورس و بێکۆتان. بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە، هەمیشە منداڵ دەبێتە قوربانی دووبەرەکی دایک و باوک و هەندێک بڕیار و کردار لە چوارچێوەی خێزاندا. جێهێشتنی منداڵ لەلایەن یەکێک لە دایک و باوک مانای جێهێشتنی بۆشاییەکی بێشومار گەورەیە لە ناخ و رۆژانەی منداڵدا. ئەم بۆشاییە لە تەمەنێکی پێگەیشتووشدا پڕکردنەوەی زەحمەتە. چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە پێویستی بە ناسین و ئاشنابوونە بە رەگەزی خۆی. هەست بکات بوونی لەم دونیایەدا گرنگە کە پلانی بۆ دانراوە و هاتنی پیرۆزی و بەختەوەرییە. نەک بە زۆر یان بە هەڵە هاتبێتە ئەم دونیا و ژیانە.