ئاسرەوان قادرۆک*
یەڵدا بە کۆنترین جەژنی مرۆڤایەتی ناوزەد کراوە. ئەو هۆزە کۆچەرییانەی لەبەر سەرمای زستان لە باکوورەوە روویان لە ئازەربایجان و ناوچەی میزۆپۆتامیا کرد هند و ئاریاڤیچەکان بوون، دیارە کوردستانیان بە گەرمەسێر زانیوە لەچاو سەرما و سۆڵەی باکوور بۆیە لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ بوون، هەندێک سەرچاوە دەڵێت، موغەکانیش لەو کۆچەرییانە بوون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تر لە رووی زانستییەوە دەیسەلمێنن ئازەربایجانی کوردستان چیاکانی زاگرۆس نیشتمانی موغەکان بووە و لە باکوورەوە نەهاتوون، لەو سەردەمەدا زمانی میترایی دیارترین زمانی گەلانی خۆرهەڵات بووە، پێش ئایینی زەردەشتی گەلێ ئایین هەبووە خودای جیاوازیان هەبووە وەک، خودای رەشەبا، باران، ئاگر و...هتد، واتە ئایینەکان سروشتی بوون، لەوکاتەدا میتراییەکان زۆرترینی ئەو خەڵکە بوون خۆریان پەرستووە. دیارە خۆر سەرچاوەی وزە و رووناکی و بژێوی ژیانی مرۆڤ بووە بۆیە میترایان بە خوای خۆر زانیوە، ئەشوو زەردەشت پێغەمبەری کوردان رەتیکردەوە خۆر خودا بێت، بەڵکو وەک ئێزەدێکی پیرۆز دەیناسێنێت و موغەکان فێری یەکتاپەرستی دەکات، لە ئەوێستای پیرۆزدا دوو یەشت تایبەتە بە ستایشتی خۆر و میهر، هەر بۆیە ئەم جەژنە لای زەردەشتییەکان پیرۆزە و کوردە زەردەشتییەکان خۆیان بە میراتگر و نەوەی موغە میتراییەکان دەزانن. کەواتە جەژنی (زاین، یەڵدا، چلە) جەژنێکی رەسەنی کوردە.
میترا کێیە؟
میترا ناوی میهرە واتە (خۆشەویستی) لە بنەچەی دۆموزییە و باپیرە گەورەی (گەلگامێش)ە و باپیرە گەورەی نەتەوەی کوردە. لە ناوچەی زاگرۆس لە دواشەوی پایزدا لە دایکبووە، بۆیە ئەو شەوەیان ناوناوە شەوی زایینی خۆر و شەوی زایینی میترا. هەروەها شەوی چلەشیان پێ وتووە لەبەرئەوەی یەکەمین شەوی چلەی زستان بووە. ئێستا زۆرێک لە گەلانی جیهان شەوی یەڵدای موغە کوردەکان بە جەژنی خۆیان دەزانن.
خوانی یەڵدا
خوانی یەڵدا واتە (مەی زەد) بەو سفرە و مێزە دەوترێت خۆراکی جەژنەکەی لەسەر دەڕازێنرایەوە. لەودەمەدا زیاتر هەناری سوور و خواردنی وشککراو شوتی و مێوژ و شەرابی سوور و شەربەتی هەنار و گۆشت و چەرەسات کە پێی دەڵێن ( لۆرک )یان دادەنا، چونکە سەرچاوەی وزە بوو بۆ ئەو شەوە ساردە، بەردەوام تا بەیانی خواردنیان دەخوارد و ستایشی میهریان دەکرد بەو ستایشە دەوترا (نی یەد)، جلوبەرگی سپی و سووریان لەبەردەکرد و ئاگریان دەکردەوە بەو مەبەستەی دژی ئەهریمەن و تاریکی بوەستن چاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆریان دەکرد بە مەبەستی زاڵبوونی خێر بەسەر شەڕدا.
لەو شەوەدا مەسیحییەکان ئەستێرەی پێنج سەر دادەنێن. جووەکان ئەستێرەی شەش سەر دادەنێن، بەڵام زەردەشتییەکان ئەستێرەی حەوت سەر دادەنێن، کە گوزارشت لە حەوتەوانە دەکات، هەر حەوتیان گوزارشت لە جیهانی مادی و مەعنەوی دەکات، لەم شەوەدا زەردەشتییەکان نەمامێک دەبەنە ژوورەوە و لە سەرما دەیپارێزن لە نەورۆزدا نەمامەکە دەنێژن بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.
زانستی موغەکان
سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەدەکەن میترا زۆر شارەزا بووە لە ئەستێرەناسی، رووەکناسی، ئاژەڵناسی، پزیشکی، کیمیاگەری و دەرمانسازیدا، وێڕای ئەوەی قارەمان و سوارچاک و پاشا بوون، موغەکان بنەمای ژیانیان لەسەر وەرزێری و شوانکاری بووە، فێری سوڕانی خۆر و و گۆڕانی وەرزەکان و جوڵەی ئەستێرەکان و مانگ بوون، ناویان داناوە بۆ ساڵ و مانگ و هەموو رۆژەکانی هەفتە.
لە دێر زەمان ساڵ دوو وەرز بووە، زستان و هاوین، لە شەوی یەڵدا کە دەکەوێتە 20/12، تاریکی بەشێکی زۆری گۆی زەوی دەگرێتەوە. رۆژەکەی کورت و شەوەکەی درێژ دەبێت، پاشان تا یەکەم شەوی وەرزی هاوین بەردەوام دەبێت، رۆژ درێژ و شەو کورت دەبێت. لە زستانی کوردستانی گەورەدا شەوی یەڵدا 14سەعات شەوە و 10 سەعات رۆژە، لە هاویندا پێچەوانە دەبێتەوە.
پیرۆزی ئاگر
ئاگر ئێزەدێکی بە کەڵک و پیرۆزە لای مرۆڤ دروستکراوێکی ئاهورایە، سەرچاوەی هەموو ئاگرەکان تیشکی خۆرە، لای زەردەشتییەکان روانگەیە واتە (قیبلە) وەک خۆر و هەر روناکییەکی تر. ئاگر توخمێکی سروشتییە و پاک و بێگەردە و هەموو پیسییەکان دەسوتێنێ و خۆی پیس نابێت. سیمبولی ئاهورایە بۆیە زەردەشتییەکان روودەکەنە ئاگر و رۆشنایی کاتێک مانترا (نوێژ) دەخوێنن. چونکە خودای تاک و تەنهایان بەبیر دەهێنێتەوە و هێز و وزەی ئاهورایی لێوەردەگرن . ئاهورا مەزدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەهریمەن نییە، ئەهریمەن بریتییە لە رەوتی خراپە (ئەنگرامینیو) واتا رەوتی خراپەی مرۆڤ و گیاندار و سروشت، ئاهورا مەزداش رەوتی چاکەیە (سپێنتا مینو) واتە ئەندێشە و گوفتار و کرداری چاکە. سەردەمانێک هۆزێکی ئارییەکان ئاگریان دەپەرست، بەڵام مەخابن ئێستا بە زەردەشتییەکان و فارسەکان دەڵێن (مەجوس) یان ئاگر پەرست ئەمە هەڵەیە مەجوس واتە موغ ، فارس موغ نییە ، تەنها نەوەکانی زەردەشت کوردەکان موغن. تائێستاش کورد ئاگری خۆشدەوێت چەندین یاری فۆلکلۆریمان هەیە یاری لەگەڵ ئاگر دەکەن و بازی بەسەردا دەدەن.
چەند سەرنجێک
*پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی کورد یادی ئەم جەژنە بکاتەوە و بە جەژنی خۆی بزانێت.
*جەژنی یەڵدا سەردەمێک لەلایەن ئیسلامەوە لە باب و باپیرانمان قەدەغە کرا، زۆر هەوڵیاندا بۆئەوەی نەفەوتێ کەواتە ئەم جەژنە (ئەمانەتە).
*هەندێک لە گەلان نکوڵی دەکەن یەڵدا جەژنی کورد بێت، پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی کورد موڵکایەتی جەژنی یەڵدا بسەلمێنێت.
*خوازیارین لە هەموو ماڵێکدا ئەم جەژنە بکرێتەوە و خواردن و جلوبەرگ و نەریتە کوردییەکان زیندو بکەینەوە.
*پێویستە گرنگی بدرێت بە هەنار بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان دەیسەلمێنن هەنار میوەی وڵاتی کوردانە و لێرەوە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
*پەرستگای زەردەشتیانی کوردستان