دیداری جیهانی نەهرێن لە بەلجیكا

10:36 - 2022-05-28
ڕاپۆرت
330 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیدریس جەبار

قوتەیبە نعێمی توێژەر و میوزسیانی بەناوبانگی عیراقی، نمایشی دووەمی پرۆژەی دیداری نەهرێنی لە بەلجیكا لەسەر شانۆی جیهانی لە شاری نامور كە لەم ماوەیەی دواییدا كرایەوە، پێشكەش كرد.
نعێمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند «مایەی خۆشحاڵییە پرۆژەی دیداری نەهرێن (دیجلە و فورات) وەك بەشێك لە بەرنامەی دەرەكی كەرنەڤاڵی ئەبو زەبی پێشكەش دەكەم، پرۆژەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جودی ئۆلیڤێرا نووسەری فەرنسایی پورتوگالی ئامادەكرا كە دەقی پرۆژەكە و كردنەوەی ئۆپەرێتەكەی نوسیوە» 
لەم ماوەیەی دواییدا، نعێمی زانای میوزیكی، سیستمی مەقامی فرە دەنگی وەك سوپرایزێك خستەڕوو كە لە كەرنەڤاڵی ئەبو زەبییەوە دەستیپێكرد، سیستمەكە رێگە بە گونجانی پەیژەكانی میوزیكی عەرەبی دەدات كە لەنێوەخندا هەڵگری پلە لاوەكییەكانە، تا دیالۆگ لە نێوان كەلەپور و كلتورە جیاوازەكاندا دروست ببێت.
بە وتەی نعێمی «پرۆژەكە 18 گۆرانیبێژ و میوزسیانی جیهانی لەخۆدەگرێت بەسەركردایەتی دێڤید ناڤارۆ تۆرێس كە گۆرانی ئۆپراڵی و دەنگی عەرەبی لەگەڵ یەكدا كۆدەكاتەوە و رەنگی ئامێرە میوزیكییە خۆرئاواییەكان و عەرەبییەكان بە شێوازێكی دەگمەن تێكەڵ بە یەك دەكات، پرۆژەكە بە شەش زمانی كۆن و نوێ‌ بنیاتنراوە بە عەرەبی و لاتینی و فەرەنسایی و بە دەنگە ئۆپراڵییەكان پێشكەش دەكرێن» 
نعێمی دەڵێت «كارەكە لەپێناو ناردنی پەیامی لێوردەیی كلتوری و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیە، بە تایبەت لەنێوان ئاینەكان، تیشکخستنەسەر شارستانی عیراقە و ئامانج لێی پێداگرییە لەسەر رەگوڕیشە هاوبەشەكانی نێوان شارستانییەكان كە دەبێتە مایەی پتەوكردنی بەهای میوانداریكردنی بەرجستەبوو لە كەسێتی ئیبراهیم، پرۆژەكە وەك گەشتێكی میوزیكی وایە لە پرسەوە بەرەو پێكهاتن، رێزلێنانێكی میوزیكی پڕ لە ژیانی شارستانییە سەرەكییەكانی هەردوو جیهانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرئاواییە کە لە بەیەك گەیشتنی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتدا یەكدەگرنەوە». 
قوتەیبە نعێمی پێیوایە پرۆژەكە بەرهەمی دیداری میوزیكی و ئەدەبی مرۆڤایەتییە، سنورە كلتورییەكان تێكەڵ بە یەك دەكات، تائاستی لەیەكترجیانەكردنەوە. 
نعێمی لەم ماوەیەی دواییدا، نمایشێكی هونەری بۆ ئۆركێسترا و سوپرانۆ لە خانەی ئۆپرای میسری پێشكەش كرد، لەگەڵ ئۆركێسترای قاهیرەی سەمفۆنیای نیشتمانی و جۆلی جییهارت سوپرانۆی بەلجیكی جیهانی لە كۆشكی بەناوبانگی شاژنە ئەلیزابێس. 
لەنێوان پرۆژەكانی ئەم دواییەی نعێمی، هەماهەنگی بوو لەگەڵ نەسیر شەممە میوزسیانی جیهانی، بەمەبەستی فراوانكردنی زەخیرەی عود و ئۆركێسترای سەمفۆنیای جیهانی. 
لەو بارەیەوە نعێمی رایگەیاند «یەكەم نمایشی جیهانی بەرنامە میوزیكییەكە، لەگەڵ ئۆركێسترای نیشتمانی بولگاری دەبێت». 
نعێمی وەك خۆی باسی دەكات، بۆ پێشكەشكردنی كۆنسێرتێك لەگەڵ ئۆركێسترای فیلهارمۆنیكی نیشتمانی عیراقی، لە كۆتایی  ئەم مانگەدا ئامادە دەبێت.

سەرچاوە:
-لە ماڵپەڕی المسری-وە وەرگیراوە 

بابەتە پەیوەندیدارەکان