ئامانجی سەرەكیی كۆنفرانس بۆ پێداچوونەوەیە بە میتۆدی كاركردن و خۆگونجاندن لەگەڵ تەكنۆلۆژیای هاوچەرخ
راگەیاندنی یەكێتی بڕیاریدا كۆنفرانسی داڕشتنەوەی ستراتیژ و پەیامی میدیایی ببەستێت. دوێنێ لە كۆبوونەوەی بۆردی راگەیاندنی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، بە كۆی دەنگی هەڤاڵان، بڕیاردرا لە نزیكترین كاتدا كۆنفرانسێكی تایبەت بۆ رێكخستنەوەی پەیكەر و پەیامی میدیایی راگەیاندنی یەكێتی ببەسترێت.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، دوای كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی: بڕیاری بەستنی كۆنفرانس، قۆناغی تەواوكاریی پێنجەمین کۆنگرە و یەكێك لە راسپاردەكانی دیداری یەكێتییە، بۆئەوەی كەناڵەكانی میدیای یەكێتی بە بەشداریی كەسانی ئەكادیمی و شارەزا و رۆژنامەنووسان لە هەموو ناوچە و دەڤەرەكان و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ستراتیژێكی نوێ و سەردەمیانە بۆ داهاتووی راگەیاندن دابڕێژێت، ئاماژەی بەوەشكرد: ئامانجی سەرەكیی كۆنفرانس بۆ پێداچوونەوەیە بە میتۆدی كاركردن و خۆگونجاندن لەگەڵ تەكنۆلۆژیای هاوچەرخ و داڕشتنەوەی پەیكەرێكی مۆدێرن بۆ راگەیاندن، هەروەها سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی پەیام و رووماڵی میدیایی، راشیگەیاند: خۆشبەختانە لێپرسراوی مەكتەب و سەرجەم هەڤاڵان بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە پێشنیازەكەیان پەسەندكرد.