یەکێتی ئەنجومەنێکی هاوبەشی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەوێت

01:02 - 2024-01-02
کوردستان
453 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە زۆرترین دەنگی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە و یەکەم هێزیشە لە هەر چوار پارێزگا جێناکۆکەکە کاندیدی دەرچووی هەبێت، هێڵی سووری بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هیچ لایەن و پێکهاتەیەکدا دانەناوە و لەسەر رێبازی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، دەیەوێت حکومەتێکی خۆجێی فرە دەنگ و فرە رەنگ پێکبهێنێت.
د.ئەحمەد فاتیح کاندیدی دەرچوی پارێزگای کەرکوک لە پشکی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "پێویستە گفتوگۆ و دانوستانەکان لە نێوان پێکهاتە و حزب و لایەنەکاندا بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستپێبکات و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە، دەرگای کراوەیە بەڕووی لایەنەکاندا".
وتیشی، " لەسەر رێبازی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، یەکێتی ئەنجومەنێکی فرەڕەنگ و فرەدەنگی دەوێت و لەگەڵ فەرامۆشکردنی هیچ پێکهاتە و لایەنێکدا نییە، کوردیش کە زۆرترین دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێناوە مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناوی خزمەتی خەڵک دەیەوێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگاکان لە نەینەوا و هاوکات حکومەتێکی خۆجێی دەوێت، کە گوزارشت لە سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە بکات و سەرجەم لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن.
محەمەد جاسم، کاندیدی دەرچووی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "هەرچەندە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاسان نییە بەهۆکاری ئەوەی هیچ حزب و لایەنێک وەک پێویست دەنگی نەهێناوە، بەڵام دەکرێت گفتوگۆکان چڕبکرێنەوە و لەپێناوی خزمەتی خەڵک پەلە بکرێت لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگاکان".
وتیشی، "پێویستە لە پارێزگای نەینەوا حکومەتێکی خۆجێی دروست بکرێت کە گوزارشت لە سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە بکات و سەرجەم لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن بەم شێوەیەش دەتوانرێت خزمەتی زیاتری خەڵک بکرێت".
یەکێتی هێڵی سوری بۆ هیچ لایەن و پێکهاتە و مەزهەبێک دانەناوە، بەپێچەوانەوە لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال حکومەتێکی خۆجێی فرەڕەنگی لە پارێزگاکە دەوێت.
ئەوس ئیبراهیم، کاندیدی دەرچوی پارێزگای دیالە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "لەدوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە، دەرگای گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکاندا دەکرێتەوە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەبارەت بە پارێزگای دیالەش کورد رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پێکهێنانیدا، چونکە هەریەک لە سوننە و شیعەکان خاوەنی 7 کورسین و بۆ یەکلاکردنەوەشی پێویستیان بە دەنگی یەکێتییە".
وتیشی، "یەکێتی هێڵی سووری بۆ هیچ لایەن و پێکهاتە و مەزهەبێک دانەناوە، بەپێچەوانەوە لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال حکومەتێکی خۆجێی فرەڕەنگی مەبەستە، چونکە بارودۆخی پارێزگاکە حکومەتێکی لەوجۆرەی پێویستە"، ئەوس ئیبراهیم وایوت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە لە 15 پارێزگای عیراق لە رۆژانی 16 و 18ی 12ی 2023 بەڕێوەچوو، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران بە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر بوو، رۆژی 28-12-2023 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامەکانی راگەیاند و چاوەڕوان دەکرێت لەڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت و پاشان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگاکان دەرگای گفتوگۆ بەڕووی یەکتردا بکەنەوە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان