بازاڕی خانووبەرە سست بووە

10:23 - 2024-01-04
ڕاپۆرت
467 جار خوێندراوەتەوە
بێ بازاڕیی تێکڕای سێکتەرەکانی گرتووەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر


کێشەکانی هەرێم و بەغدا، پێنەدانی مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو، وەستانی پڕۆژەکان، ناجێگیری بەهای دیناری عیراقی و تەنانەت کاریگەری جەنگی ناوچەیی، بازاڕی موڵک و خانووبەرەی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین سست کردووە.

موڵک بە کەمتر لە نرخی خۆیشی نافرۆشرێت
زەردەشت محەمەد هاووڵاتییەکی دانیشتووی رانیەیە، بۆ زیاتر لە ساڵێکە موڵکێکی خۆی لە نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتن داناوە، بەڵام جگە لە کڕیارێک کە نیوەی بەهای خۆی پێداوە هیچ کەسێک لێی نەپرسیوە و نەیهێناوەتە سەر مامەڵە، ئەو دەڵێت، ناوەڕاستی ساڵی  2022 خانووەکەم لە چەند نوسینگەیەک دانا، هەر ئەوکاتەش بە چەند هەزار دۆلارێک کەمتر لەو بەهایەی کڕیبووم نرخەکەیم لەسەر دانا، بەڵام وا دووجار سەردانی نوسینگەکانم کردۆتەوە و هەردوو جارەکەش نرخم کەم کردۆتەوە بەڵام هێشتا کەس لێی ناپرسێت.
زەردەشت بە بەهای 42 هەزار دۆلار خانووەکەی لە گەڕەکێکی دوورە دەستی رانیە کڕیوە، ئێستا ئامادەیە بە 35 هەزار دۆلار بیفرۆشێتەوە، بەڵام کڕیار نییە. پێکەوە دەچینە یەکێک لەو نوسینگانەی کە خانووەکەی لاداناوە، سیروان خاوەنی نوسینگەکەیە و دەڵێت: تەنها ئەو خانووە نییە، زیاتر لە 50 موڵکی دیکەم لایە، بەڵام لە ساڵی 2023، تەنها چوار گرێبەستم کردووە، ئەوانیش زیاتر ئەو کەسانە بوون کە خۆیان، یان کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات بووە، ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی 2023 ساڵێکی مات و بازاڕێکی سست بوو بۆ موڵک و زەوی و زار، بەجۆرێک نە کاتی شەڕی داعش، نە کاتی دوای ریفراندۆم، نە کاتی نەخۆشی کۆرۆنا هێندەی ئەو ساڵە بازاڕیان لاواز نەکرد.

نرخ لەسەر بنەمای کرێیە

سیروان ئەحمەد، ئەو بێ بازاڕییە بۆ پێنەدانی مووچە و کێشەکانی بەغدا و هەرێم و لە لایەکی دیکەشەوە ناجێگیری بەهای دیناری عیراقی دەگەڕێنێتەوە. هەروەها باس لەوەشدەکات، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ کزە نەک تەنها لەبواری خانووبەرە، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا.
دەشڵێت، کە بازاڕ لاواز دەبێت، ئیدی کرێی موڵک و دوکان کەم دەبێت، ئێمەش بە شێوەیەکی گشتی لەسەر نرخی کرێ، نرخی فرۆشتنی موڵک دیاری دەکەین. زەردەشتیش دەڵێت، خانووەکەی ئەو تەنها 100 هەزار دینار کرێ دەکات.
هیوا عەزیز ئابوریناسە و دەڵێت، گرفتێکی گەورەی بەردەم خاوەن موڵکەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین سەرەڕای ساغ نەبوونەوە و نەفرۆشتنی، کرێی کەمە، موڵک هەیە بایی 30 دەفتەر دۆلارە، کرێی مانگانەکەی ناگاتە 500 هەزار دینار، ئەم داهاتە کەمە هانی خاوەن موڵک دەدات بۆ فرۆشتن، بەڵام کە دەیخاتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتنیش پارەیەکی ئەوتۆ ناکات، تەنانەت زۆرێک لە خاوەن موڵکەکان گەر بۆیان بفرۆشرێت، جارێکی دیکە ئامادەنین لەم شارە موڵک بکڕنەوە، بەڵکو لە شارەکانی هەولێر و بەشێکیشی لە سلێمانی دەیکڕن.

بازاڕی هەرێم چاوی لە مووچەیە
بازاڕ کزی یان بێبازاڕی تەنها لە بواری خانووبەرەدا نییە، بەڵکو تێکڕای سێکتەرەکانی دیکە  دووچاری ئەو گرفتە هاتوون، ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێم کردووە بەبۆنەی رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا. ئێستا هەر هاووڵاتییەک بدوێنی لە بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و تێکڕای شارەکانی دیکە باسی ئەو دۆخە خراپە دەکەن کە بەسەر بازاڕدا هاتووە. هیوا عەزیز دەڵێت، بازاڕی هەرێم چاوی لە مووچەیە، مووچەش نزیکەی 10 ساڵە بە ئاسایی و بە یاسایی نادرێت بە مووچە خۆران، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەرێم فەرمانبەری کەرتی میرین و خەرجییان لەسەر ئەو داهاتەیە کە مانگانە وەری دەگرن.

بەردەوامی قەیرانی دارایی
راگواز جەبار لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی خانووبەرەدا لە سلێمانی کار دەکات، بە هەمان شێوە باسی دۆخی خراپی بازاڕی ئەمساڵ دەکات  ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، زیاتر لە شارەکانی دیکە سلێمانی رووبەڕووی گرفتی بێبازاڕی بۆتەوە، بەهۆی ئەو ئابڵوقە سیاسی و داراییەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە خرایە سەری، نەهاتنی مووچەی فەرمانبەران بە دیاریکراوی بۆ ئەم سنوورە و پاشان دیار نەمانی سێ مانگی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بازاڕی بە تەواوی سست کرد، لەکاتێکدا پێشووتر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبووندا گەرمییەکی زۆری بەخۆوە دیبوو، بەڵام ئاشکرایە زۆرێک لەو پڕۆژە نوێیانە بە سیستمی قیست یەکەکانیان دەفرۆشن، بەڵام نەهاتنی مووچە لەوادەی خۆیدا ئەو شێوازەشی سارد کردۆتەوە و تەنانەت کاریگەرییەکەی بۆ سەر شێوازی نەقدیش هەیە.
ئەو ئابووریناسە دەڵێت، هاووڵاتیانی هەرێم چاویان لەوەیە، ساڵی نوێ حکومەتی هەرێم رێکەوتنێکی یەکجاری بکات لەگەڵ ناوەند، پرسی مووچە و بودجە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، هەردوو حکومەت پابەندێتی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵی نێو رێکەوتنەکە دەرببڕن، دەکرێ ئێستاش درەنگ نەبێت، ئەگەرچی ساڵانێکە ئەو گرفتە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بە پێچەوانەشەوە گەر ئەو ناکۆکییانە چیتر درێژە بکێشن لێکەوتەی خراپتری لێدەکەوێتەوە و هەرێم دوچاری قەیرانی قووڵی ئابووری دەبێتەوە و کۆمەڵگە و بازاڕ و هەموو سێکتەرەکان دەشێوێن و کاتێکی زۆر زیاتری دەوێت بۆ باشکردنەوەی.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان