وتەبێژی كۆمسیۆن: هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردمان كرد

11:28 - 2024-01-04
عیراق
515 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەراوردكردنی دەنگەكان لەنێوان ئەلكترۆنی و دەستی، بەردەوامە و وتەبێژیش دەڵێت: نزیكەی 300 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دراون. «بە شاهیدی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەراوردكردنی دەنگەكانی ئەلكترۆنی و دەستی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، زۆر پاك و بێگەردە».

لە 10 رۆژدا بڕیار لە تانەكان دەدرێت

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، ئەوەی ئاشكراكردووە كە «تائێستا 294 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دراون و تانەكانیش بە دەست كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گەیشتوون، كە بڕیارە لەماوەی 10 رۆژدا بڕ‌یاری لەسەر بدرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پێویستی بە پەسەندكردنی دادگای فیدراڵی نییە و تەنها پێویستی بە پەسەندكردنی ئەنجومەنی كۆمسیارانە».

هەڵبژاردنەكە بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بە ئامادەیی 333 هەزار و 986 چاودێری ناوخۆیی و 1857 چاودێری نێودەوڵەتی و 495 هەزار و 168 نوێنەری حزبە سیاسییەكان و 2412 میدیای ناوخۆیی و دەرەكی بەڕێوەچوو.
وتەبێژی كۆمسیۆن، تەئكیددەكاتەوە كە «تائێستا سەرجەم رێكارەكان و بەراوردكردنی دەنگەكان لەنێوان ژماردنی ئەلكترۆنی و دەستی زۆر باش بەڕ‌ێوەچووە و هەموان شایەتی لەسەر پاك و بێگەردیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان دەدەن، بەڵام هەمیشە ئەو حزب و لایەنانەی براوە نابن، ئەنجامەكانیان پێ قبووڵ ناكرێت، ئەمەش حاڵەتێكی ئاساییە».

ئەنجومەنی كۆمسیاران تانەكان یەكلادەكەنەوە
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندووە: «كۆمسیۆن دەستەیەكی دادوەریی هەیە، كە پێداچوونەوە و خوێندنەوە بۆ تانەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكات و بڕ‌یاری خۆیانی لەسەر دەدەن، ئەو پڕۆسەیەش ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت و دواتر دەستەی دادوەریی؛ تانەكان بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرز دەكاتەوە و بڕ‌یاری لێدەدرێت».
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، ماوەی سێ رۆژ دەرگای سكاڵای كردەوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 453 سكاڵا گەیەنرایە كۆمسیۆن، كە لەو سكاڵایانەدا هیچیان سوور نەبوو.

ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت

بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA، دوای وردبینی بۆ سكاڵا و تانەكان چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق رابگەیەنرێت.
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەری گشتی دەیانتوانی بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكەن.

PUKMEDIA


#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان #هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان