بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە شەفافییەت لە داهاتدا هەبێت

04:59 - 2022-03-17
کوردستان
615 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازى له‌ وەفدێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە پێکھاتبوون لە ڤيلله‌ ڤاريۆلا، باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عیراق و ئان مێسكانه‌ن، سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عیراق.

لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق تاوتوێکرا و گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق، ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرسی ئازادی رادەربڕین لە ھەرێم کرا و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەیانەوە خرایەڕوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە دیالۆگێکی نیشتمانیی بونیادرانە روونکردەوە و رایگەیاند، دۆخی عیراق پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەپێناوی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات. وەک کوردیش هەوڵی زۆرمان داوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد بپارێزین و وەک یەک تیمی بەهێز لە بەغدا کار بکەین، بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەیەکی کوردستانیی ئەم نیەتە نیشتمانییە لەباربرا. بەڵام باوەڕمان وایە هێشتا درەنگ نییە و دەتوانین هەموومان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لەپێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسی و کەسییەکانمان وەلابنێین و پێکەوە بڕیار بدەین و یەک کاندید بۆ سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەین.

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری، سەروەری یاسا و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کرد و وتی رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرین و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە. پێویستە شەفافیەت لە داهاتدا هەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت. خێروبێری ئەم هەرێمە بەبێ جیاوازی بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

یەکسانی جێندەریی و ئازادی بیروڕا تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی دید و روانینی یەکێتی لەوبارەیەوە روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازی رەگەزیدا نییە و باوەڕی تەواوی بە یەکسانی هەیە. بڕوامان بە تواناکانی ژنان هەیە و دەبێت لە ناوەندە حزبی و حکومییەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کپکردنی دەنگە ئازادەکاندا نییە و پشتیوانی راستەقینەی رۆژنامەنووسان و کاری رۆژنامەگەرین. چونکە بڕوای تەواومان بە دیموکراسی هەیە و کار بۆ پاراستنی کۆڵەکەکانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان.

 

 

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان