״یەكێتی هەوڵەكانی بە ئامانجی ئیدارەیەكی خزمەتگوزار و دوور لە جیاكاری دەخاتەگەڕ״

10:38 - 2024-01-08
کوردستان
269 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتیی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە ئامادەبوونی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و رزگار حاجی حەمە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، لێپرسراوی بازنەكانی هەڵبژاردنی كەركوك لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی سیاسیی عیراق، ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی رێكخراوەیی تاوتوێكران، بەتایبەتی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە تێیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پڕۆسەیەدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، ئەوەش ئەرك و بەرپرسیارێتیی یەكێتی بۆ داهاتوو قورستر دەكات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لە دڵسۆزی و خۆڕاگریی دانیشتوانی كەركوك كرایەوە و تێیدا؛ دووبارە سوپاسی دەنگدەرانی دڵسۆز و بەئەمەكی پارێزگاكە كرا كە پێشمەرگە ئاسا بە دەنگەكانیان دووبارە كوردستانیبوونی كەركوكیان سەلماندەوە. جەختیشكرایەوە وەك چۆن لە رابردوودا یەكێتی سازشی لەسەر مەسەلەی كەركوك نەكردووە، هەر بەو رۆحیەتەوە بۆ ئێستا و داهاتوو داكۆكی لە كەركوك و كەركوكییەكان دەكات و دەستبەرداری خەڵك و مەسەلە رەواكەی نابێت.
لە تەوەرێكی دیكەدا، كۆبوونەوە تەئكیدیكردەوە كە یەكێتی هەوڵ و كۆششەكانی خۆی بە ئامانجی پێكهێنانی ئیدارەیەكی هاوبەشی خزمەتگوزار و دوور لە جیاكاریی رەگەزی دەخاتەگەڕ كە تێیدا سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی سوودمەندبن لێی. «دەبێت رێڕەوی گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك بەو ئاڕاستەیە بن كە تێیدا تەبایی و یەكگرتوویی ناوماڵی كورد و چەپكەگوڵەكەی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال پتەوتر بكات».
لە تەوەرێكی دیكەدا، تەئكیدكرایەوە كە سیاسەتی جیاكاری و نادادیی لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا دۆخێكی نەخوازراوی دروستكردووە، بۆ ئەوەش دەبێت ئیدارەی داهاتوو ئەو جیاكاری و نادادییە كۆتایی پێبهێنێت و پرەنسیپی سازان و پێكەوەژیان بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردن لەو پارێزگایەدا.
لەكۆتاییشدا دووپاتكرایەوە كە سیاسەتی راست و رەوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەیە سازش لەسەر ماف و داخوازییەكانی دانیشتوانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ناكات، هەروا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش دەكاتە سەنگەری بەرگریی لە خواست و داوا رەواكانی هاووڵاتیانی كەركوك و لەوێ شەڕی بەدەستهێنانەوەی مافەكانیان دەكات.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان