له‌ نێوان ئاسته‌نگ و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا

11:01 - 2024-01-08
ڕاپۆرت
497 جار خوێندراوەتەوە
#هێشتا هیچ شوێنەوارێکی گەشتیاری لە کەنارەکانی رووباری خاسە بەدی ناکرێت

راپۆرتی/ هێمن ئه‌حمه‌د

له‌ دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی كه‌ركوك له‌ هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری و ستراتیژی ‌و ئاوی خاسه‌ی كه‌ركوكدا بوون كه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پڕۆژه‌كان ناوه‌ ناوه‌ تووشی سستبوون هاتوون و هه‌ندێكجاریش به‌ نیوه‌ ناچڵی به‌جێده‌هێڵرێت.
ساڵانێكه‌ نه‌خشه‌ی جوانكاریی بۆ ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری لێواری رووباری خاسه‌ دانراوه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان سه‌رقاڵێتی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر جاره‌ی ئاسته‌نگێك دێته‌ پێشه‌وه‌ و پڕۆژه‌كه‌ به‌ نیوه‌ناچڵی به‌جێده‌هێڵن، ئاسته‌نگه‌كانیش بۆ هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا زیاده‌ڕۆیه‌كی زۆر له‌سه‌ر كه‌ناری رووباره‌كه‌ دروستكراوه‌، وه‌كو خانو و دوكانی گشتی، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ دروست ده‌كات.

پڕۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌ن
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ شاره‌وانی كه‌ركوك، رایگه‌یاند: له‌ سه‌رتای ساڵی 2005ه‌وه‌ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی ئاوی خاسه‌، بڕیاری له‌سه‌ر دراو ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی ‌و به‌شێكی پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێكرا، به‌ڵام رووه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی كه‌ گرنگییه‌كی زۆری بۆ شاره‌كه‌ هه‌یه‌، جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.
وتیشی: به‌ربه‌ستی ئاوی خاسه‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ی پارێزگاكه‌یه‌ له‌ڕووی ئاودێرییه‌وه‌، هه‌روه‌ها پانتاییه‌كی فراوانی داگیركردووه‌ و بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ (ئاژه‌ڵداری، په‌له‌وه‌ر، مرۆیی بۆ لادێ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری) به‌تایبه‌تی له‌كاتی بێئاویدا، چونكه‌ به‌ فریای شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێت و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ درێژایی رووباره‌كه‌ ئاو له‌ به‌ربه‌سته‌كه‌یه‌وه‌ به‌رده‌درێته‌وه‌ و له‌ وه‌رزی زستان و هاویندا ئاوی پێدا ده‌ڕوات و سه‌رچاوه‌كه‌شی به‌نداوی خاسه‌ چایه‌ و ده‌بێته‌ شوێنێكی گه‌شتیاریی گه‌وره‌ بۆ شاره‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆی دروستكردنی خانووی زیاده‌ڕۆوه‌ له‌ كه‌ناری رووباره‌كه‌، پرۆژه‌كه‌ وه‌ستا.
 دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر، خۆشبه‌ختانه‌ جارێكی تر ده‌ستكراوه‌ته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌، ئه‌ویش خۆی له‌ پاككردنه‌وه‌ و راماڵینی قامیشه‌ڵان و خۆڵ و خاشاكه‌كه‌یدا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌میش ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌شی داهاتووی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ خۆی له‌ جێبه‌جێكردنی پاراستنی ئه‌و شوێنانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام به‌مه‌رجێك جارێكی تر پیسی و خاشاك فڕێنه‌درێته‌ ناو خاسه‌وه‌ و تێیدا كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بێته‌وه‌ز
 هه‌نگاوی داهاتووشمان هه‌ڵگرتنی ئه‌و زیاده‌ڕۆیانه‌یه‌ كه‌ هاتۆته‌ سه‌ر رووباره‌كه‌ له‌ خانو و  دوكان و شوێنه‌ گشتییه‌كان.

هه‌ماهه‌نگی نییه‌
زه‌كی سالمی، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی كه‌ركوك، رایگه‌یاند: وه‌كو سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی كه‌ركوك ‌و كاروباری ئاودێریی پڕۆژه‌كان چه‌ند جارێك رووباره‌كه‌مان پاككرۆته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان پارێزگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیدا نییه‌، چونكه‌ ئه‌م رووبار و پڕۆژه‌یه‌ پێویستی به‌ پاككردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌ و هاووڵاتیان خۆڵ و خاشاكی تێ فڕێده‌ده‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ شاره‌وانی كه‌ركوك له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا ده‌ست بكات به‌ پاككردنه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر ئه‌و رووباره‌ز ئێستاش شاره‌وانی كه‌ركوك به‌شێكی كه‌می ئه‌و زیاده‌ڕۆیانه‌ی لاداوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ به‌ربه‌ستێكی ته‌واویان دابنرێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاری ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كارێكی درێژخانه‌نه‌ و بریتییه‌ له‌ دابینكردنی ئاو بۆ كه‌ركوك و به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له‌ به‌ربه‌سته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ درێژایی رووباره‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو گونده‌كانی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رووباره‌كه‌، ژێرخانی ئاویان ببوژێته‌وه‌ و سوودی بۆ مه‌ڕ و ماڵات و كشتوكاڵ هه‌بێت.
وتیشی: له‌ خوارووی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ و هیوادارین بتوانین له‌مساڵ و ساڵی داهاتوودا به‌شێكی گه‌وره‌ی لێ جێبه‌جێ بكه‌ین.

كاره‌كانی به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
خه‌لیل عه‌لی، هاووڵاتی یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌ر خاسه‌ی كه‌ركوك، ده‌ڵێت: ساڵانێكی دوور و درێژه‌ گوێبیستی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی رووباری خاسه‌ین، ده‌بینین ناوه‌ ناوه‌ كاری تێدا ده‌كرێت و دواتر به‌ نێوه‌ناچڵی به‌جێده‌هێڵرێت، بۆیه‌ ئێستا خه‌ڵكه‌كه‌ تووشی نائومێدی بووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی.
وتیشی: له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن شاره‌وانیی كه‌ركوكه‌وه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه‌ له‌ رووخاندنی ئه‌و خانووانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رووباری خاسه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌ نێوان رووخاندن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌دا گیرۆده‌ بووین و هه‌ر جاره‌ی به‌ڵێنێكمان پێده‌ده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ یه‌كلایه‌نانه‌ بڕیاری خۆیان بده‌ن.

زیان به‌ر هاووڵاتیان كه‌وتووه‌
عه‌بدوڵڵا مه‌جید، یه‌كێكه‌ له‌ دوكانداره‌كانی سه‌ر رێگه‌ی باروتخانه‌ ـ سه‌رچنار، ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا بۆ فراوانكردنی شه‌قامه‌كه‌ی سه‌ر پردی شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری ‌و پڕۆژه‌ی ئاوی خاسه‌، به‌شێكی زۆر له‌ خانو و دوكانه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ به‌ر رووخان كه‌وت، به‌بێ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی مادی بكرێینه‌وه‌ و زه‌ره‌ و زیانێكی گه‌وره‌شیان پێگه‌یاندین.
وتیشی: چه‌ندین ساڵه‌ پڕۆژه‌ی جوانكردنی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری رووباری خاسه‌ كاره‌كانی وه‌ستاون و كه‌س كاری تێدا ناكات و پڕۆژه‌كه‌ زۆر به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش رۆژ له‌دوای رۆژ خانووی نوێ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ دروست ده‌كرێت و كه‌سیش نییه‌ رێگرییان لێبكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئاسته‌نگ له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا، ئێمه‌ی كه‌ركوكی زۆر دڵخۆش بووین به‌و پڕۆژه‌یه‌، به‌ڵام پێناچێت دڵخۆشییه‌كه‌مان بۆ هه‌میشه‌ بێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان