نۆژەنکردنەوەی بارەگای مەلیک مەحمود لە سلێمانی لە قۆناغی کۆتاییدایە

09:28 - 2024-01-10
ڕاپۆرت
421 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنی دەروازەی بارەگا نۆژەنکراوەکەی مەلیک مەحمود

راپۆرتی/ سەرکەوت عەلی 

شوێنی بارەگاکەی حکومەتی مەلیک مەحمود دەکەوێتە گەڕەکی مەڵکەندی، پشت گەرماوی سەرچنار- نزیک گەراجی ئێستای پاسەکانی هێڵی رزگاری. 
ساڵی 1900 لەلایەن (مەلا سەعیدی مەلا قادری مەلا حەسەنی قەرەداغی) دروستکراوە، پاشان بۆتە ماڵی (میرزا فەرەجی حاجی شەریف) و دواتریش بووە بە ماڵی (میرزا فەتاحی حاجی شەریف)ی برای و لەکاتی هاتنی ئینگلیزەکانیشدا بۆ شاری سلێمانی، کراوە بە ماڵی حاکمی سیاسیی ئینگلیز و حاکمە یەک لە دوای یەکەکانی ئینگلیز لەو خانووەدا ژیاون کە  دیارترینیان؛ (مێجەر سۆن) بووە و لە  یەکەم ژووری دەستە راستی خانووەکەدا ژیاوە.
 دوای رۆیشتنی ئینگلیزەکان، کراوە بە شوێنی دەستەودایەرەی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود،  واتە بارەگای مەلیک مەحمود بووە.
دوای ئەوەش لەساڵی 1962 دا لەلایەن تۆفیقی ئاغا فەتحوڵڵاوە کڕراوەتەوە و بۆخۆی نۆژەنی کردۆتەوە.ئەوانیش تا ساڵی 2006 لەم خانووەدا ماونەتەوە و دواتر بە هەوڵی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف و لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە، ئیستیملاک کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی و بەناوی (بارەگای  مەلیک مەحمود)ەوە ناونراوە، بەو پێیەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بارەگای حکومەتەکەی بووە.
ساڵی 2012  بودجەیەکی بۆ تەرخان کراو دەست کرا بە نۆژەنکردنەوەی و  بۆ ماوەی دوو ساڵ کاری تێدا کرا، بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی بۆ چەند ساڵێک راگیرا و تەواو نەکرا، هەرچەندە لێرەو لەوێ چەند جارێک هەندێک کەس و لایەن هەوڵیان دا  بۆ نۆژەنکردنەوەی، بەڵام بێ ئاکام بوو.
جێگای خۆشحاڵییە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئەم بارەگایە لەسەر پێشنیازی خەمخۆرانی سلێمانی هاوکار عوسمان بەننا و سالار خواڕەحم کە دوو خۆبەخش و پارێزەری  کەلەپوورن لە یاداشتێکیاندا کە پێشکەشی رێکخراوی CDO یان کردبوو، سەرەنجام ئەو رێکخراوە بوجەی تەواوکاریی نۆژەنکردنەوەکەی گرتە ئەستۆی  خۆی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەو دوو جوامێرە بە خۆبەخشانە دەستیان کرد  بە تەواوکردنی کارەکان، کە ماوەی هەشت ساڵ  بوو راگیرابوو.
ئێستا کارکردن لەو بارەگا کەلەپوورییە دەستیپێکردۆتەوە و لە قۆناغی کۆتایی نزیکبۆتەوە و بڕیاردرە بەم زووانە کارەکانی کۆتایی بێت.
 واش بڕیارە دوای تەواوبوونی بارەگاکەی مەلیک مەحمود لە سلێمانی بکرێتە مۆزەخانە و دەرگای بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا واڵا بکرێت.

*بە سوپاسەوە، ئەم زانیارییانە لە هەردوو هاوڕێی ئازیزم، کاکە (هاوکار عوسمان بەنا و سالار خواڕەحم) وەرگیراوە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان