نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە

09:34 - 2022-05-29
ئابووری
883 جار خوێندراوەتەوە

لیا جاف

بڕیارە رۆژی 2ی مانگی حوزەیران، جارێكی تر، ئۆپیك پڵەس لەسەر دۆخی بازاڕی جیهانیی نەوت و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان كۆبێتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت، دووبارە پابەندیی خۆی بە رێكەوتنی پێشووی ئاستی بەرهەمهێنان دووپات بكاتەوە.
بازاڕی جیهانی نەوت هاوسەنگە
هەر بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵ، چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگی تەمموز ئۆپیك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 432 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد بكات و ئەوەش لەگەڵ ئەو داواكارییانەی وڵاتانی رۆژئاوادا ناكۆكە، كە دەیانەوێت بۆ رزگاربوون لە بەرزی رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەكانیان و خاونەبوونەوەی گەشەی ئابوورییان، ئاستی بەرهەمهێنان بەخێرایی و بڕێكی زۆرتر زیاد بكرێت و نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهاندا پێی‌ دابەزێنرێتەوە.
هێشتا بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتی ئۆپیك پڵەس جەخت لەوە دەكەنەوە، بازاڕی جیهانی نەوت هاوسەنگە و ئەو بەرزبوونەوانەشی بەم دواییە لە نرخی نەوتدا روویانداوە، پەیوەندییان بە هۆكارە بنەڕەتییەكانی بەرهەمهێنانەوە نییە.
نرخی نەوت لە هەڵکشاندایە
هاوکات، پاش دوو مانگ له‌ ناجێگیری، نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆوه،‌ به‌شێوه‌یه‌ك نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به ‌رێژه‌ی 3 ٪ بەرزبۆوە و گه‌یشته‌ 117 دۆلار و 40 سه‌نت. نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی خۆرئاوای تێكساسیش گه‌یشته‌ 114 دۆلار و 9 سه‌نت.
ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی نرخی نه‌وت پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ 25ی ئازاری ئه‌مساڵ، بۆ كۆتا جار به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت گه‌یشته‌ 118 دۆلار، له‌ دوای ئه‌و ر‌ێکەوتەوە چیتر نرخی نه‌وت ته‌نیا دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی.
شیكه‌ره‌وانی بواری وزه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن: به‌رده‌وامی گرژییه‌كانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا هۆكارێكی تری دووباره‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌، ئه‌مه‌ش له ‌درێژه‌ی ئه‌و ناجێگیرییه‌ی كه‌ نرخی نه‌وت به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت له ‌دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی روسیا و ئۆكرانیا.

#نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان