دوێنێ لە وەزارەتی تەندروستی لە بەغدا، رێوڕەسمێكی تایبەت بە وەرگرتن و گەڕاندنەوەی روفاتی 172 شەهیدی ئەنفال و گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەسەرپەرشتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق و بە پاڵپشتی و پشتیوانیی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا، كە دكتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستی، ماجد شنگالی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.عەلی شوكری سەرۆكی دەستەی راوێژكاران و شارەزایان لە سەرۆكایەتیی كۆمار و خاتوو پەروین محەمەد نوری شارەزا لە سەرۆكایەتیی كۆمار و ژمارەیەك لە لێپرسراوان و كەسوكاری ئەنفالكراوان ئامادەیبوون، بە بەشداریی پاسەوانی شەرەف، خانمی یەكەم تاجەگوڵینەی لەسەر روفاتی ئەنفالكراوان دانا و بەڕێكران بۆ هەرێمی كوردستان.
لە سۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بە كەسوكاری شەهیدانی شاڵاوەكانی ئەنفال و قوربانیانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، خانمی یەكەم بەرپرسیارێتیی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی روفاتی ئەو 172 ئەنفالكراوەی لەئەستۆگرت، كە زیاتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا لە تەل شەیخیە لە بیابانی سەماوە دۆزراونەتەوە، تا بگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان و لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە گۆڕستانێكی تایبەت بەخاكبسپێردرێن و لەنێو قوربانییەكانیشدا، منداڵ و ژن هەن.
هەروەها لە رێوڕەسمێكدا، رێكارەكانی وەرگرتنەوەی كەلوپەل و شتومەكەكانی ئەنفالكراوان لەلایەن لیژنەی وەرگرتنەوەی روفاتەكان بەڕێوەچوو، كە بەبڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهێنرابوو.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال سوپاس و پێزانینیان بۆ د.لەتیف رەشید و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەربڕی لەپای هەوڵەكان و هاوسۆزیی مرۆڤانەیان لە دۆسێكەدا و بایەخدانیان بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی شەهیدانی ئەنفالكراو و قوربانیانی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكان، بەرزنرخاند.