مامۆستا لە نێوان خەمی پەروەردە و ژیاندا

10:06 - 2024-01-14
ڕاپۆرت
575 جار خوێندراوەتەوە
گرنگیدان بە توانا و لێهاتوویی مامۆستا لەسەر بنەمای کارامەیی و چالاکی ئەرکێکی لە پێشینەی وەزارەتی پەر

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان


مامۆستایان بەشێکی هۆشیار و کاریگەری نێو کۆمەڵگەن، دوای پەروەردەی خێزان، راستەوخۆ کاریگەرییەکەی زۆریان لە ئاڕاستەکردن و پێگەیاندنی نەوەکاندا هەیە، زیاد لە هەر بەشێکی تری سیستمی پەروەردە مامۆستا بەشێوەیەکی کارلێکی رووبەڕوو کاراو کرداریی دەتوانێت هەموو ئاڕاستەکانی تری فەلسەفەی پەروەردەیی سیستمی پەروەردە و مەنهەج و هەموو لایەنەکانی تری نێو سیستمی پەروەردە بگۆڕێت و بەو ئاڕاستەیەی بەرێت کە هزر و بۆچوون و بیرکردنەوە و بڕوا و مەبەستەکانی خۆی دەیەوێت، ئەوەی سەرجەم پێگەکانی مانەوە و بەردەوامبوون و هەستانەوەی سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێکی لەسەر بەندە مامۆستایانن نەک هیچ شتێکی تر، نوێترین تەکنەلۆژیا و کتێب و دەستەبەری هەلومەرجەکان لەبەردەست بێت، بێ مامۆستای ئامادەکراو و راهێنراو و بیرفراوان و نوێخواز شکست دەهێنن و ئەنجامی ئەوتۆیان نابێت.
لە ئێستا و لەم دۆخە نەخوازراوەی بەسەر رەوشی پەروەردە و فێرکردندا هاتووە لە کوردستان، کاریگەرییەکی هێندە نێگەتیڤ و نالەباری لەسەر توانا و بیرکردنەوەی مامۆستایان دروستکردووە، نەک هەر دۆخی پەروەردەی خستووەتە دۆخێکی وەستاو و چەقبەستووەوە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا پاشەکشەو گەڕانەوەشی بەخۆوە بینیووە، هەڵەیەکی گەورەیە لەم بارودۆخەدا تەنها رووی بەرپرسیارێتی ببەخشرێتە مامۆستاو وا پیشانبدرێت تەنها مامۆستایانن ئاستەنگ و لەمپەر لەبەردەم کردنەوەی دەرگای باخچە و قوتابخانە و خوێندنگەکاندا دروست دەکەن، ستەمێکی ناڕەوایە وا ببینرێت داخوازی و داواکاری مامۆستایان تەنها مووچەیە و تەنها بە دابینکردنی مووچەش دەتوانرێت دۆخ و هەلومەرجەکان باشتر بکرێت، بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و جێی نیگەرانی زیاترە بچووکبکرێتەوە لە داخوازی مووچە و دەستکەوتی مادیی.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ئەگەر بەشێوەیەکی بابەتی و راستگۆیانە دەست بخەینە سەر برینەکان، بەڕاستی ئومێدێکی گەورە بۆ پەروەردەیەکی باش نابینین، هۆکارەکان زۆرن و زۆریش تێکڕژاون، بەڵام هەوڵدەدەین بەشێکیان بەڕوونی بخەینە بەردەست و دیدەی خوێنەران، هەوڵبدەین تاڕادەیەکی واقیعی و بابەتی گرفتەکان وەک خۆی ببینین.

مامۆستا دەروونێکی ئارامی پێویستە
ئاسوودەیی دەروونی مامۆستایان بەشێکی گرنگی دروستبوونی کەسێتی پۆزەتیڤ و لەبارە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ئەدای کارو پیشەی خۆیان بکەن، ئەم ئاسوودەیی دەروونییە تەنها بە دەستەبەرکردنی مووچە بەدی نایەت، بەڵکو دڵنیابوونی مامۆستایان لە تەواوی ماف و پێدراوەکانی تریان ئەرکێکی پێویستی حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری ئەو دابینکردنانەیە، لەوانە:
1.پێویستییەکەی گرنگە مامۆستایان دڵنیایی ژیان و گوزەرانیان هەبێت لە سەلامەتی ژیان و خێزان و ماڵ و منداڵیان، ئەوەش بە دەستەبەری شوێنی نیشتەجێ و دابینکردنی خزمەتگوزاری و تەندروستی و گەشتوگەڕان و دەستڕاگەشتن بەسەرچاوەکانی مەعریفە و ئەو ناوەندانەی دەتوانن تیایدا گەشە بە توانست و لێهاتوویی خۆیان بدەن، کە لە ئێستادا ئەم دابینکاریانە بەشێوەیەکی گشتی نەک هەر نییە، بەڵکو تەواوی ژیانی مامۆستا ناچارە تەرخانی بکات بۆ ئەو دابینکردنانە لەسەر ئەرک و توانستی خۆی کە ئەگەر وردببینرێت بە هیچ جۆرێک چارەکێكی ژمارەی مامۆستایان نەیانتوانیووە ئەو دەستەبەریانە بۆ ژیانی خۆیان دابین بکەن ئاسودەییەکی دەروونی لەباریان پێ ببەخشێت.
2. گرنگیدان بە توانا و لێهاتوویی لەسەر بنەمای کارامەیی و چالاکی ئەرکێکی لە پێشینەی وەزارەتی پەروەردەییە، چونکە ئەو جیاکارییەی لەنێوان پلە و پۆست و هێنانە پێشەوە و گەورەکردنی هەندێکدا هەیە لەسەر بنەڕەتی هەرشتێکی تر بێجگە لە تواناو لێهاتوویی، کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لە لایەنی دەروونی مامۆستایانی کارامە و چالاک دەکات، بەجۆرێک دڵ شکاو و دوورەپەرێزیان دەکات نەتوانن چیدی بەهرە و لێهاتووییەکانیان پیشان بدەن و کاربکەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تواناکانی ئەفراندنی راستەقینەی پەروەردەیی دەشکێنێت و تەنها خاوەن بەرژەوەندییەکان دەست دەگرن بەسەر پەروەردەدا بێ ئەوەی هیچ داهێنان و نوێگەرییەک دەستەبەر بکەن.
3. دوورخستنەوەی مامۆستا لە ململانێ سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان لایەنێکی گرنگی دەستەبەری کەشی دەروونی هاوسەنگە بۆ مامۆستایان، ئەو بابەتانە شتی کەسیی و تایبەتن، کاتێک لە پڕۆسەی پەروەردەدا کاریگەری دەبێت لەسەر جیاکاریکردن لەنێوان مامۆستایاندا لەسەر ئەو بنەڕەتە  لایەنگیری سیاسی و ئایدیۆلۆژیانە، بەشێوەیەکی نێگەتیڤ کار لەسەر لایەنی دەروونی مامۆستایان دەکات و زۆرجار گرفتی گەورە و ناکۆکی لاوەکی وا دروست دەکات لەنێوان مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندندا کە زۆر لە بابەتە پەروەردەییەکان دووریان بخاتەوە و دووچاری فشاری دەروونی زۆر گەورەیان بکات.

مامۆستا ژینگەیەکی پەروەردەیی لەباری پێویستە
ژینگەی پەروەردەیی، سەرجەم ئەو هەلومەرجانە دەگرێتەوە کە مامۆستا تێیدا لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی تری ناوەندە پەروەردەییەکەی کە وانەی تێدا دەڵێتەوە گونجاوبێت، کاتێک هەلومەرجەکان تەبا نەبن لەگەڵ ئامانجە پەروەردەییە جۆر بەجۆرەکان بێگومان ناتوانرێت هێنانەدی پەروەردە و فێربوونێکی پۆزەتیڤ و نایاب بەدیبهێنرێت، بۆ نموونە:
*ژینگەی فیزیایی پۆل: لە کاتی نەبوونی هۆیەکانی رووناککردنەوە لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن لە ئێستادا زۆربەی رۆژەکان بەیانیان کارەبای نیشتمانی نییە و رێگەش نادرێت موەلیدەکان کاریان پێ بکرێت،  بەتایبەت لە کەشوهەوای ئێستادا کە زۆربەی رۆژەکان هەورە و رووناکی پێویست لەپۆلدا نییە، لە بەشێکی زۆری قوتابخانە و خوێندنگەکان سەرچاوەکانی گەرمکەرەوەی پێویست نییە هەلومەرجێکی لەبار نابێت بۆ خوێندنێکی درووست.
*تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆری خوێندن نیگەرانی گەورەی لای خوێندکاران، کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایانیش دروستکردووە، لەڕووی کاتەوە دواکەوتنی کات و جیاکاریی لەنێوان شوێنەکان و خوێندنگەکان و لەنێوان کەرتی حکومی و کەرتی ناحکومی و ئەهلیدا، هیچ یەکێ لەمانە گرەنتی خوێندنێکی لەبار ناکەن و گوشاری زۆر گەورە لەبەردەم مامۆستایاندا دروست دەکەن، ئەگەر ئامانجەکەش تێپەڕاندنی ساڵ و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن بێت هێشتا ناتوانین بڵێین کاریگەری نابێت لەسەر مامۆستایان.
*بێ متمانەیی و بێ هیوابوون لەم دۆخە ژینگەیەکی خراپی هێناوەتە کایەوە و خەریکە بیرکردنەوە نەرێنییەکان باڵ بەسەر سەرجەم ئامانج و ستراتیجەکانی فێربووندا دەکێشیت، ئەمە راستییەکە دەبێت بوترێت و ناکرێت ئینکاری لێ بکەین، نەبوونی دڵنیایی لە ئایندە و نەبوونی متمانە لەنێوان ئاستەکانی بەرپرسیاریی پەروەردە و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئاستەنگەکان هیچ کات هەلومەرجێکی ژینگەیی پەروەردەیی دروست ناڕەخسێنن.

مامۆستایان شکۆمەنیان پێویستە
ناوی مامۆستا وشەیەکی ئاسایی نییە، کاتێک بە یەکێک دەوترێت مامۆستا دەبێت هێندە ئەو کەسە سەنگینی و بەهای پەروەردەیی و کەسایەتی پۆزەتیڤ و باشی هەبێت کە شایانی ئەو ناوە بێت، چونکە خودی ناوی مامۆستا لەگەڵ خۆیدا چەندین سیفات و کارامەیی و بەهرەمەندی دەخاتە خەیاڵی مرۆڤەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا مامۆستا لە ئێستادا ئەو شکۆمەندییەی ماوە؟ ئەگەر راستییەکە بڵێین تەنها لە سنووری ناودا ماوە، بەڵام وەک ناوەڕۆک بەهۆی ئەو هەموو نالەبارییەی ساڵانە کەڵەکە بووە لەسەرشانی مامۆستا و مامۆستاش تێیدا قوربانییە، زۆر لەو شکۆیەی کەمبووەتەوە لەنێو تێڕوانینی کۆمەڵگەو کەلتور و بیرکردنەوەی نەوەکاندا، ئەگەر بەشێک لەو بەرپرسیاری نەمانی شکۆیەش لای مامۆستا خۆی بێت، بەڵام هێشتا خودی مامۆستا بە نەزانین بێت یان بە ناچاریی وایلێکرابێت، بەداخەوە ئێستا مامۆستایان لە دۆخێکی دەروونیی و هەڵچوونیی خراپدان، گرنگە لەم دۆخەدا ئاگامان لە هەست و کەسێتی یەکتربێت، لەوە زیاتر ئەم دۆخە درێژەبکێشیت هیچ بەهاو بنەما و سنوورێکی ئەخلاقیی و پەروەردەیی لە پیشەی مامۆستاییدا نامێنێتەوە، ئەو هەموو کۆمێنت و ئاماژە نەشیاوانەی مامۆستایان لە پاڵ ناو و وێنەی کەسیی خۆیانەوە لە پەیچەکاندا دەینووسن زادەی هەڵچوونێکی توندو ئەوپەڕی گەیشتنە بە پلەی بێ هیوابوون، هەرچەندە مرۆڤ ناکرێت لەپای هیچ کاردانەوەیەکدا تەشهیر بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا هێمای ئەم جۆرە کاردانەوانە واتا نەمانی هیچ جۆرە ئاست و سنوورو متمانەبوونێک، جۆرێکە لە کەوتنە ژێرباری بێ هۆشبوونەوە لە خود و دەوروبەرەکەی، ئەمەش مەترسیدارترین ئاستی هەڵچوونە دەروونییەکانە کە تاک چی بکات و چی بڵێت باکی بەهیچ کاردانەوەیەک نییە، دوورنییە سەربکێشێت بۆ توندوتیژی و لێکەوتەی بەزەبری زیاتر و زیاتر کەسایەتی مامۆستا بشێوێنێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان