گرنگی هونەری گفتوگۆ لەگەڵ منداڵ

10:00 - 2024-01-15
کەلتور
575 جار خوێندراوەتەوە
# قسەی شیرین یەکێکە لەو رێگا سەرکەوتوانەی بەردەوام ئەنجامی باشی دەبێت

هاوژین عەبدولواحید

هونەری گفتوگۆکردن یەکێکە لەو هونەره گرنگانەی بۆ هەموو تاکێک  پێویستە، بەتایبەت دایکان و باوکان بەرامبەر بە منداڵەکانیان لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا بەشێوەیەکی گشتی گفتوگۆکردن وادەکات بەردەوامیی بە پەیوەندییەکان بدرێت و تێکەڵاوی و لێکتێگەیشتنێکی زیاتر هەبێت.
زۆر کات دایکان و باوکان گلەیی لەوە دەکەن منداڵەکانیان گوێیان بۆ ناگرن و لە قسەکانیان تێناگەن، بێئاگان لەوەی ئایا تا چ رادەیەک قسەکانیان بەهێزە و کار لە منداڵەکانیان دەکات «کەی و چۆن و لە کوێ قسەدەکەن»؟
 بۆیە زۆرکات رەخنە لە تێگەیشتنی منداڵەکانیان دەگرن و دەڵێن ناوەڕۆکی قسەکانمان روون و ئاشکرایە بۆ تێناگەن و خراپ لێکدانەی بۆ دەکەن؟
بێگومان زۆربەی کات ئەو خراپ تێگەیشتن و لێکدانەوانە تەنها خەتا لە منداڵەکانمان نییە هەندێکجار رەنگە خەتا لە هونەری دەربڕینی خودی قسەکانی پەروەردەکارەکە بێت ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ وریایی لە دەربڕین و پێکانی ئامانجەکەت لە سەرنج و دید و بڕوای منداڵەکەت.

تووڕەیی و دەنگ بەرزکردنەوە تێگەیشتنی منداڵ باشتر ناکات
كۆنترۆڵكردنی خود، لێرەدا پێویستە لە كاتی گفتوگۆكاندا دایک و باوک توانای كۆنترۆڵكردنی خۆیان هەبێت و نەكەونە هەڵەی هەڵچوونەكانەوە.
یەکێک لە بنچینە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکردنی  نێوان منداڵ و دایک و باوک بریتییە لە ئارامی و باوەڕپێهێنان زۆرجار تووڕەیی و هەڵچوون بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆ نموونە کوڕە دوانزە ساڵانەکەت لە قوتابخانەکەیدا سەعاتێک درەنگتر لە کاتی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، لەبری ئەوەی بە قسەی زبر و جنێو سەرزەنشتی بکەیت دەتوانیت پێی بڵێی «ئەگەر زووتر بگەڕایتایەتەوە بۆ ماڵەوە هەواڵێکی زۆر دڵخۆشم هەبوو بۆت»
لێرەوە سەرنجی دەخەیتە سەر گفتوگۆیەکی ئارام و رەنگە خۆی دەرگای گفتوگۆکردن بکاتەوە بەڕووتدا و هۆکاری دواکەوتنەکەیت پپێبڵێت بەهێمنی و بەوردی.
هەڵبژاردنی کات و شوێنی گونجاو بۆ ئامۆژگاری و رێنوێنی منداڵەکەت.
بێگومان هەموومان ئەوە دەزانین کات و شوێنی گونجاو زۆر گرنگە  تا قسەکانمان شوێنی خۆیان بگرن  و جێگەی خۆیان بکەنەوە لە دڵی بەرامبەردا جا قسەکان پۆزەتیڤ بن یاخود نێگەتیڤ، دایکان و باوکان زۆربەیجار لە هەڵبژاردنی کات و شوێنی گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەونە هەڵەوە بۆ نموونە لەکاتی تووڕەیی و هەڵچوونی خۆیان منداڵەکانیان زیاتر تووڕە دەکەن و دەیانەوێت ئامۆژگارییەکانیان بچەسپێنن و بە قسەی رەق و ناخۆش سەردەخەنە سەریان و یاسا و نەریتەکانی خێزانیان بیردەخەنەوە. یاخود لەلای خزمان و هاوڕێکانیان بە قسەکانیان دڵی منداڵەکانیان بریندار دەکەن، بەم رێگایەش قسەکانی دایک و باوک کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گفتۆگەکە و  هزری منداڵ بۆ ئاراستەیەکی تر دەبات.

گوفتارشیرینی دایک و باوک گوێڕایەڵی منداڵ زیاتر دەکات
قسەی شیرین یەکێکە لەو رێگا سەرکەوتوانەی بەردەوام ئەنجامی باشی دەبێت هەربۆیە دایکان و باوکان پێویستە زۆر بەوریاییەوە وشەکانیان دەرببڕن و هونەرێکی تایبەت بەکاربێنن بۆ راکێشانی هەست و سۆزی منداڵەکانیان بۆئەوەی زیاتر تێکەڵی گفتوگۆکە ببن، بێگومان ئەو تێکەڵبوونەش وادەکات منداڵەکەت گوێگرێكی زۆر باش بێت، چونكە ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەو كات ناتوانیت ئامانجی سەرەكی گفتوگۆكە بپێكیت و بە ئاڕاستەیەكی تردا هەنگاوی هەڵە دەنێیت.  

سوودەکانی هونەری دەربرین و گفتوگۆکردن چییە لەگەڵ منداڵ؟
1.وادەکات لێکتێگەیشتنێکی زیاتر لە نێوان منداڵ و دایک و باوک رووبدات و خێزانێکی ئارام بێتە کایەوە .
2.منداڵ زیاتر متمانەت پێدەبەخشێت و قسەکانت کاریگەرییان دەبێت بەسەرییەوە.
3.منداڵەکەت لە تۆوە فێری ئەم هونەرە دەبێت و زیاتر گرنگی بە کۆمەڵایەتی بوون و راگرتنی پەیوەندییەکان دەدات.
4.دایک و باوک دەتوانن لە رێگەی ئەم هونەرەوە سەرنجی منداڵەکانیان زیاتر بەلای خۆیاندا رابکێشن.
5. خێراتر دەتوانن باوەڕ بەمنداڵەکانیان بێنن.
6.خۆشەویستییەکی زیاتر دەکەوێتە نێوان دایک و باوک و منداڵ.
7.گوێڕایەڵیی منداڵ زیاتر دەکات.
8.دەروونی منداڵ ئارامتر دەکات.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان